كۆرۆنا چۆن كاری لە زیرەكیی تووشبووان كردووە؟

:: PM:05:45:16/03/2024 ‌

لە ماوەی چەند ساڵی دوایی تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تووشی هێرشی پەتایەكی بكوژ و بێبەزەیی هاتەوە، ئەویش دوای تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، كە بووە هۆی لەناوبردن و تووشكردنی دەیان و سەتان ملیۆن كەس، توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە تەنانەت دوای چاكبوونەوەی تەواوەتی لە پەتاكە، دەكرێ تووشبووەكە بەدەست كێشەی زیرەكییەوە بناڵێت.

كۆواری "نیو ئینگڵاند"ی پزیشكی ئاماژە دەكات، لە توێژینەوەیەكی توێژەران لە ئیمپریال كۆلێج لە لەندەن، دەركەوتووە ئەو نەخۆشانەی لە نیشانە كورتخایەنەكانی كۆرۆنا چاك بوونەتەوە، دوای ئەوە بەدەست كێشەی یادەوەری و بیركردنەوە و تەركیز ناڵاندوویانە، كە بە ئاڵۆزی و تەمومژاویی مێشك دەناسرێت.

هەر بەپێی توێژینەوەكە، ئەوانەی تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، دوای چاكبوونەوەیان بەتەواوەتی بەدەست كەمبوونەوەی ئاستی زیرەكیان دەناڵێنن، كاتێك دەركەوتووە ئەوان شەش خاڵیان لە تاقیكردنەوەی زیرەكی لەدەست داوە، د. جەمال فەرویز، پزیشكی راوێژكاری دەروونی و دەمارەكان دەڵێت، بە مەبەستی خۆپاراستن لە كێشەكانی مێشك لە دوای تووشبوون بە كۆرۆنا، پێویستە ئەوانەی چاكبوونەتەوە دەرمانی شلبوونەوەی خوێن وەربگرن، ئەوەی بۆ رێگرتن لە توشبوون بە مەینی خوێن لە مێشك و لەش لە ئەنجامی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل