ئەحمەد تورك: پێویستە بۆ چارەسەری كێشەی كورد گفتوگۆ لەگەڵ هەموواندا بكەین

:: AM:09:31:18/03/2024 ‌
ئەحمەد تورك بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی ماردین ڕای گەیاند، تەنیا ئەردۆغان دەتوانێت كێشەی كورد چارەسەر بكات.

بەربژێرەكەی دەم پارتی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان گوتی، هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان پارتەكەی و پارتی داد و گەشەپێداندا نەكراوە، لەوەش ناچێت بەمزووانە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت.

ئەحمەد تورك ئاماژەی بەوەش دا، "دیالۆگ پێویستە بۆ چارەسەری دیموكراتیی كێشەی كورد، گفتوگۆ لەگەڵ هەموواندا ئەنجام بدەین و داواكارییەكەمان بسەپێنین، داواكاری كوردیش بریتییە لە ئاشتی و پێكەوەژیان و مافی نەتەوەیەك، كێ ئەو مافەی بەڕەوا زانی، دەكرێت گفتوگۆی لەگەڵدا بكەین.

"ئەمە بە جەهەپە ناكرێت، چونكە ئەوان ئەزموونێكی زۆریان هەیە و نەیانكردووە، هاوكات ناشتوانن دەوڵەتێكی قووڵ كە هەمووان پێكەوە تێیدا بەشدار بین دروست بكەن، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت كە ئەمڕۆ هەموو دەسەڵاتەكانی لە دەستدایە، دەتوانێ هەموو دامەزراوەكان بۆ ئەوە رازی بكات، كێشەكە لە بنەوە چارەسەر بكەن". ئەحمەد تورك وای گوت.

بەربژێرەكەی دەم پارتی زیاتر گوتی، "كۆبوونەوەی فەرمیمان لەگەڵ ئاك پارتی نییە، بەڵام لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتیی ئاك پارتی لە پەرلەمان دیدارمان هەیە، ئەوانیش نیگەرانن لەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئاك پارتی پێڕەوی دەكات".

ئەوەش دەڵێ، "ئەستەمە لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشین تا ئەوكاتەی هاوپەیمانییان لەگەڵ مەهەپە هەبێت، هاوپەیمانییەكە بۆ ئەوانیش بووەتە بار و گەلی توركیش لێی نیگەرانە".



وشە - سۆران عەزیز