حزبی شیوعی عێراق رەخنە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان دەگرێت

:: PM:07:23:18/03/2024 ‌

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق چەند بڕیارێكی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ حزبی شیوعی عێراق رەخنەی لەو بڕیارە گرت، داوای كرد كە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی لە پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر بكرێت، بڕیارەكەی بە نەهێشتنی ئەو جیاوازییە ئەرێنییە وەسف كرد كە پێكهاتەكان لە 1991ەوە لە كوردستان هەیانە.

لە بەیاننامەیەكی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراق هاتووە، دادگای فیدراڵی لە 21ی شوباتی رابردوو بڕیارێكی بە دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە 100 كورسی دەركرد، ئەوەش مانای هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكانە كە 11 كورسین، بەتایبەتی كلدان و ئاشووری و سریان و توركمان و ئەرمەن، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو جیاوازییە ئەرێنییەی لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان لە 1991ەوە هەیانە.

حزبی شیوعی روونی كردەوە، بۆیە جیاكردنەوەی كورسیی كۆتاكان بۆ سەرەتای پێكهێنانی پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە، كاتێك سەركردایەتیی سیاسیی بەرەی كوردستانی پێنج كورسی بۆ نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتەكان دیاری كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی سیستمی یەكبازنەیی دەنگدان، بۆیە نوێنەری پێكهاتەكان توانیان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستان.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، رەنگە بڕیاری دادگەی فیدراڵی ببێتە هۆی زەحمەتیی گەیشتنی نوێنەری پێكهاتەكان بۆ پەرلەمان، ئەوەش لە سایەی ئەو سیستمە هەڵبژاردنەی دادگاكە پەسندی كردووە، كە هەرێمی كردووەتە چوار بازنەی دەنگدان، لەوكاتەی دەستووری هەمیشەیی عێراق ددانی بەوە داناوە كە عێراق وڵاتی فرەنەتەوە و ئاین و مەزەوە و دووپاتی لەسەر مافی سیاسیی پێكهاتە نەتەوەییەكان لە مادەكانی 49 و 125 لەبارەی نوێنەرایەتیی ئەوان لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری كردووەتەوە.

لە كۆتادا بەیاننامەی حزبی شیوعی دووپاتی دەكاتەوە كە بە پێویستی دەزانن ئاسانكاری بۆ مانەوەی ئەو نوێنەرایەتیكردنە بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئاینی گەلەكەمان بكرێت، هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان لە سۆنگەی رێزگرتن لە دەستوور و بنەمای دیموكراسیی دەوڵەت و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان مامەڵە لەگەڵ كێشەی پێكهاتەی فیدراڵیی عێراق بكەن، بۆیە پێویستە چارەسەری لێكەوتەكانی بڕیاری دادگاكە بەپێی ئەو بنەمایانە و بەوشێوەی وڵات لە قووڵبوونەوەی زیاتری تەنگژەكە چارەسەر بكەن، هەروەها مسۆگەری سەلامەتیی پرۆسەی دیموكراسی بكەن و بێئومێدیی پێكهاتەكان لەبارەی نوێنەرایەتیی سیاسییان لە پەرلەمانی كوردستان نەهیڵن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل