كاتی هاتنی شەپۆلێكی تری بارانبارینی بەهێز راگەیەنرا

:: AM:10:05:20/03/2024 ‌
كەشناسێك رای دەگەیەنێت كە لە چەند ڕۆژێكی تر، شەپۆلێكی تری بارانبارین ناوچەكە دەگرێتەوە و دووبارە لە سنووری پارێزگای دهۆك، پێشبینی بارانێكی زۆر دەكرێت كە لە هەندێ ناوچەدا ئەگەری دروستبوونەوەی لافاویش هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی ئادار، ئاراس جەبار كەشناسی رای گەیاند، بۆ ئەمڕۆ سەرەتا بارانبارینی پچڕپچڕ و رێژەی كەم بۆ مامناوەند، تا كاتەكانی ئێوارە بەردەوامی دەبێت و دواتر لە شەودا كەش لە زۆربەی ناوچەكان سەقامگیر دەبێتەوە، بۆ سبەی رۆژی پێنجشەم 21/3/2024 كاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەكی نوێ، لە توركیاوە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكانی باكوری سووریا و سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكە و ناوچەی شاخاویی پارێزگای هەولێر، هەروەها پلەكانی گەرماش بەنزمی دەمێنێتەوە، ئەم بارانە ناوچەكانی ناوەندی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سنووری پارێزگای كەركووك و سلێمانی و هەڵەبجە ناگرێتەوە.

لەبارەی كەشوهەوای ڕۆژی 22ـی ئادار ئەو كەشناسە دەڵێت، كاریگەریی شەپۆلێكی توركیا لەسەر ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر، چالاكتر دەبێت و دووبارە لە سنووری پارێزگای دهۆك، پێشبینی بارانیكی زۆر دەكرێت، لە هەندێ ناوچەدا ئەگەری دروستبوونەوەی لافاویش هەیە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانیش بەفر دەبارێت، هەرچی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستانە، كاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەریان لاواز دەبێت و تەنیا هەندێك كات نمەباران بۆ تاوەبارانێكی مامناوەند و كورتخایەن دەبارێت.

بەپێی پێشبینیی ئەو كەشناسە، بۆ ڕۆژی یەكشەم 24ـی ئادار، پێشبینی دەكرێ نزمەپاڵەپەستۆیەكی نوێ لە دەریای سوور و ناوەڕاستەوە، كاریگەرییەكانی درێژ ببێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بارستە هەوایەكی شێداری لەگەڵ دەبێت و ناسەقامگیریی بەرگەهەوا دروست دەكاتەوە، كە خۆی دەبینێتەوە لە چالاكبوونی هەورەبروسكە و لێزمەباران و تەرزە، لەم قۆناغەشدا گۆڕانكاری روو نەدات بەتایبەت لە كاتەكانی شەوی یەكشەم لەسەر بەرەبەیانی دووشەم 25/3/2024، ئەگەر هەیە هەورەبروسكەی بەهێز بەسەر ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا و پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی، چالاك ببێتەوە و تەرزە و بارانی بەهێز و بەخوڕ ببارێت، ئەمەش مەترسییەكانی لافاو لەو ناوچانەدا زیاتر دەكات كە لە ماوەی رۆژی ڕابردوودا، بارانێكی زۆر لە پارێزگای دهۆك و دەوروبەری باری و بووە هۆی لافاو.




وشە - رامیار جەواد