بەریتانیا: بۆ راگەیاندنی ئاگربەست دەبێ سەركردەكانی حەماس كەرتەكە جێبێڵن

:: PM:12:08:20/03/2024 ‌
لە كاتێكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست بەردەوامە بەمەبەستی ئازادكردنی دیلەكانی هەردوولا، بەریتانیا دەڵێ ئاگربەستی یەكجارەكی زۆر پێویستە، بەو مەرجەی سەركردەكانی حەماس كەرتەكە جێبێڵن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، دێڤید كامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رای گەیاندووە كە ئاگربەست بەشێوەی یەكجاری پێویستە، بەڵام ئەوەیش پێویستی بە چەندان مەرج هەیە، یەك لەوان جێهێشتنی سەركردەكانی حەماسە لە كەرتی غەزە.

كامیرۆن لە كاتی سەردانی تایلەند و لە دیمانەیەكی لەگەڵ "رۆیتەرز" زیاتر گوتی، راستە ئاگربەست پێویستە بەتایبەتی بە یەكجاری بێت، ئاستەنگی زۆریشی لە بەردەمە، چونكە بەرلەوەی ئاگربەست بێتە راگەیاندن، چەندان مەرج دەبێ جێبەجێ بكرێن، یەك لەوان جێهێشتنی سەركردەكانی حەماسە لە كەرتەكە، هاوكات هەڵوەشانەوەی ژێرخانی تیرۆریستیی حەماس لە غەزە.

ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە كاتێكدایە پێشتریش بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ئەو مەرجانەی رەت كردووەتەوە، بۆیە ئاستەنگەكانی دانوستان زۆرن.

لە حەوتی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكاستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.

لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی زیاتر لە 31 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 800 هەزار كەس بریندار بوون.

لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د