دوای رێككەوتنی مەسروور بارزانی و سوودانی " كۆشكی سپی وادەی پێشوازی كردنی لە سوودانی راگەیاند"

:: PM:08:50:22/03/2024 ‌
كۆشكی سپی رای گەیاند، لە نیسانی مانگی داهاتوودا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق میوانی كۆشكی سپی دەبێت و لەلایەن بایدنەوە پیشوازی دەكرێت و پێشتریش رۆژنامەی "میرەری" ئەمەریكی لە راپۆرتێكی رۆژنامەوانیدا  ئاماژەی بەوە كردبوو، ئەمەریكا ئامادە نییە پێشوازی لە سوودانی بكات تا كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر نەكات. 

ئەمڕۆ 22ی ئاداری 2024، بەپێی بەیاننامەیەكی "كارین جان بییر" سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی لە 15ی نیسانی مانگی داهاتوودا سەرۆك جۆ بایدن پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات لە كۆشكی سپی. 

لە بەیاننامەكەی كۆشكی سپیدا ئەوەیش باس كراوە، بەشێك لە تەوەری كۆبوونەوەی نێوان بایدن و سوودانی بریتی دەبێت لە گفتوگۆكردن لەبارەی چاكسازیی دارایی وڵات و لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری عێراق و گفتوگۆكردنیش لەبارەی ئەركی هاوپەیمانان و هاوكاریی دوولایەنە بەشێكی تری گفتوگۆكان دەبێت. 

جێگەی ئاماژەیە، پێشووتریش رۆژنامەی میرەر لە راپۆرتێكی رۆژنامەوانیدا كە لەسەرچاوەی باڵای ئەمەریكیەوە بڵاوی كردبووە هاتبوو، ئەمەریكا ئامادەیە بەمەرجی چاككردنی پێوەندییەكان و نەهێشتنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم، پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات. 

لە راپۆرتەكەی "میرەر" كە لە 28ی شوباتی رابردوودا بڵاو كراوە هاتبووة به‌شێكی فشاره‌كان له‌سه‌ر سوودانی بۆ باشكردنی پێوه‌ندی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌ولێر، له‌ دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌وه‌ دێت كه‌ جه‌یك سولیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانیی له‌ داڤۆس ئه‌نجامیان دا، كه‌سێك كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بێت گوتی، سولیڤان به‌ سوودانی گوتووه‌، ده‌بێت سه‌ردانه‌كه‌ی تۆ بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌یه‌كی سازراودا بێت، به‌ شێوازێك به‌ره‌وپێشچوون هه‌بێت له‌ پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

لای خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی سەردانەكەی ناوبراو بۆ ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، لە 15ی نیسان یەكێك لەو تەوەرانەی كە بایدن و سوودانی گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن بریتییە لە هەوڵی ئەمەریكا و عێراق بۆ گشت پرسەكان پێوەست بە ناوچەكە و هەوڵەكان بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری لە ناوچەكە. 

راپۆرتەكەی رۆژنامەی "میرەریش" كە مانگێك پیش ئێستە بڵاو كرابووەوە دووپاتی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، درێژه‌ی پێوه‌ندیی خراپی نێوان هه‌ریه‌ك له‌ به‌غدا و هه‌رێم جێی سه‌رنجی ئه‌مه‌ریكایه‌ و كاری له‌ پێشینه‌ی ئه‌مه‌ریكا، بریتییه‌ له‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوون به‌دی بكات له‌ نێوان هه‌ردوولا. سه‌رچاوه‌ ئەمەریكییەكەی "میرەر" باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا نییه‌ پێوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئاڵۆزتر بێت له‌ عێراقێك كه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌ و فره‌مه‌زه‌وه‌

جێگەی ئاماژەیە، دوێنی سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە "وشە"ی راگەیاند، رێككەوتن لەنێوان مەسروور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی كراوە لەبارەی پرسی مووچە و بەغدا بە هەوڵەكانی مەسروور بارزانی رازی بووە بەوەی كە مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان هاوشێوەی عێراق بە كۆد بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت و ئەوانیش لەبەرانبەردا مووچەكانیان رەوان بكەن.
 


وشە - پۆڵا مەحموود