زیانەكانی راگرتنی نەوتی كوردستان 11 ملیار دۆلارە

:: AM:09:32:24/03/2024 ‌
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە ئەپیكور بڵاوی كردووەتەوە، عێراق نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم و داهاتی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانیش بەڕێژەی 60% كەمیكردووە”.

ئەمڕۆ یەكشەم 24 ئادار، ساڵێك تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دەستەی دادوەرانی دادگای پاریس بۆ وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیەوە و كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستانیش لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، زیانەكانی وەستانی هەناردەی نەوت گەیشتوونەتە 11 ملیار دۆلار.

لە راگەیەنراوەكەدا كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ئاماژەیان بەوەكردووە، عێراق نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم و داهاتی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانیش بەڕێژەی 60% كەمیكردووە.

لەبارەی دواین بەرەوپێشچوونەكان لە گفتوگۆكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئاپیكۆ لە راگەیەنراوەكەدا دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، تا ئێستە نە ئەپیكۆر و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی كۆمەڵەكە هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەدەستنەگەیشتووە.

" هەر هەشت ئەندامەكەی ئاپیكور پابەندن بە گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. حكوومەتی عێراقیش هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتە بەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە توركیا رایگەیاندووە بۆرییەكە ئامادەیە بۆ هەناردەی نەوت، لە راگەیەنراوی كۆمەڵەی ئەپیكور وا هاتووە.



وشە - رامیار جەواد