باران زیانی زۆری بە شوێنەوارەكانی كوردستان گەیاندووە

:: AM:10:15:24/03/2024 ‌
شەپۆلی بارانی ئەمجارە زیانی زۆری بەشوێنەوارەكانی كوردستان گەیاندووە، قەیسەری كۆنی كفری بەتەواوی وێران كردووە، لە قەڵای كەركووكیش زیانی هەبووە.

قەڵای كەركووك كە كۆنترین بەشی شارەكەیە لەگەڵ هاتنی شەپۆلی باراندا، بەشێك لە دیواری مزگەوت و شوێنەكانی داڕماوە، لە ئیمپراتۆریی ئاشووریدا بناغەكەی دانراوە و دروست كراوە، لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا دیوارەكانی ئێستەی دروست كراون.

ساڵی 2011 بڕیاری نۆژەنكردنەوەی قەیسەریی كۆنی كفری بە گوژمەی 21 ملیار دینار دەرچوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بڕیارەكە تەنیا لەسەر كاغەز مایەوە و پارەی بۆ خەرج نەكرا.

قەڵای كەركووك ژمارەیەكی زۆر لە شوێنەواری مێژوویی لەخۆ دەگرێت، 54 خانووی مێژوویی، پێنج مزگەوت، گومبەزی سەوز و یەكێك لە كۆنترین كەنیسەكان، لە هەمان كاتدا ئارامگەی پەیامبەر دانیاڵە كە لە ئاینی ئیسلامدا ئاماژەی پێ دراوە.

عوبێد محەمەد بەرپرسی شوێنەواری كفری دەڵێت، چوار قەیسەری لە عێراق بوونیان هەیە، یەكێك لەو چوار قەیسەرییە قەیسەری كۆنی كفرییە كە ساڵی 1851 دروست كراوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و كۆنیی بیناكە بەردەوام لە ڕووخاندایە، تا ئێستە نۆژەن نەكراوەتەوە.

باران زیانی بە شوێنەوارەكانی هەولێر و ئاكرێ و دهۆك و كەركووك و كفری گەیاندووە، ئەو شوێنەوارانە مێژووی كوردن لەسەر زەوینی خۆی، بەڵام ئێستە حكوومەتی هەرێم بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی تێی كەوتووە، توانای نۆژەنكردنەوەیانی نییە.
 





وشە - سۆران عەزیز