پارتی چاكسازی توركمان: بڕیارەكانی ‎دادگای فیدراڵیی عێراق نایاسایی و سیاسین

:: PM:02:57:25/03/2024 ‌
سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمانی دەڵێت،‎ ‎لە سۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتیی مێژوویی و یاسایی ‎بەرانبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی سیاسی و نادەستوورییە كە هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لێكی دەدەینەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 25ـی ئادار، مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازی توركمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ‎لە سۆنگەی هەستكردن بەبەرپرسیارێتیی مێژوویی و یاسایی ‎بەرانبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیارێكی سیاسی و نادەستوورییە كە هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی، داواكاریی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەجۆرێك داواكاری ژمارە (83)ی ئاماژەپێكراو، داوای هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسییەكەی (كورسییەكانی كۆتا)ی نەكردووە، بەڵكو داوای دووبارە دابەشكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی كردووە بەسەر پارێزگاكانی هەرێم بەگوێرەی پێوەری ژمارەی دانیشتووان، كەچی دادگەی ئیتیحادی باڵا لە بەندی (یەكەم)ی حوكمەكەیدا، بڕیاری داوە بە نادەستووریبوونی دەستەواژەی 11 لە مادەی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو،  واتە كورسیی پەرلەمانی لە 100 كورسی پەرلەمان پێكدێت، ئەمەش داواكار لە عەریزەی دەعواكەی داوای نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكی ڕوونی ئەو بنەمایەی لە یاسا و لە دادگەریدا چەسپاوە.

‎باسی لەوەش كرد، نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ناكۆكە لەگەڵ ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵی و ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا هاتووە، بەتەرخانكردنی كورسی بۆ پێكهاتەكان، هەروەها ناكۆكە لەگەڵ مادەكانی (٤٩/ بڕگەی یەكەم) و (125)ی دەستوور، هەروەها بەشێوەیەكی ئاشكرا پێشێلی مافی پێكهاتەكان كراوە.

بەگوتەی مونا، ئەوان پێیان وایە بەو بڕیارانە كولتووری پێكەوەژیان و قووڵبوونەوەی گیانی یەكتر قبووڵكردن و خۆشەویستی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە داواكارن لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان، وەك هەمیشە داكۆكیكاری پاراستنی مافی پێكهاتەكان بن و رێ نەدەن پێكهاتە نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان، پەراوێز بخرێن و هەوڵ بۆ دووركەوتنەوەیان لە بەشداریی سیاسی و كۆی كایەی حوكمڕانیدا.



وشە - رامیار جەواد