شارەزایەكی ئابووری: لێخۆشبوون لە رێژەیەكی قەرزەكان دووجار لە بەرژەوەندیی خەڵكە

:: PM:10:03:27/03/2024 ‌

هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن كە ئەو بڕیارانەی سەرۆكی حكوومەت لەبارەی لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزەكانی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ دەری كرد، گەورەترین خزمەتە بەوان، باس لەوەش دەكەن كە كابینەی نۆ زۆرترین ئاسانكاریی بۆ كردوون و هەوڵی داوە ئەركی سەر شانیان سووك بكات، شارەزایەكی ئابووریش دووپاتی دەكاتەوە كە بڕیارەكە دووجار لە بەرژەوەندیی خەڵكە.

لەماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێم چەندینجار بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ رێژەیەك لە قەرزەكانی ئاو و كارەبا دەركرد، بەڵام ئەوەی ئەمجار جیاوازە و رێژەكە بۆ 20% زیاد كراوە، ئەوەش وا دەكات پارەیەكی زیاتر بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوە و خەڵك زیاتر لێی سوودمەند بن.
 
مەریوان ناسر، هاووڵاتی بە "وشە" گوت، بڕیارەكانی حكوومەت بۆ لێخۆشبوون لە بەشێكی قەرزی ئاو و كارەبا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە بەگەشتی، چونكە ئێستە زۆرێك لە هاووڵاتییان قەرزی ئاو و كارەبا و هاتوچۆیان لەسەرە و بەهۆی ئەوەی بڕەكەی زۆرە ناتوانن ئەو پارەیە بدەن، بەڵام بە لێخۆشبوونی بەشێكی ئەو قەرزە، كە لە بەرژەوەندیی خەڵكە، وا دەكات خەڵك بە بڕێكی كەمتر قەرزەكە بداتەوە و بەشێك لە پارەی بۆ بگەڕێتەوە كە لەو كاتەدا زۆر باشە بۆیان.

زیاتر گوتی، كاتێك ئەو بڕیارانە دەدرێن، بە هەزاران كەس لە هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن و بەهۆیەوە بەشێكی پارەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە كە لەسەریان كەڵەكە بووە، هاووڵاتی هەیە بەتایبەتی خۆی داناوە بۆ ئەوەی حكوومەت ئەو بڕیارە بدات، چونكە ئەگەر كەسێك 500 هەزار دیناری پارەی ئاو و كارەبا قەرزدار بێت، 100 هەزاری بۆ دەگەڕێتەوە.

لای خۆیەوە عەلی كەریم، هاووڵاتییەكی تر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە ماوەی كابینەی نۆدا، زۆرترین ئاسانكاری و هاوكاریی هاووڵاتییان لە كەرتە جۆراوجۆرەكان كراوە، لەوانەش لێخۆشبوون لە 15%ی قەرزی ئاو و كارەبا، ئەمە پاڵپشتی و سووككردنی ئەركی سەر شانی هاووڵاتییانە، كەسێك ئەگەر ملیۆنێك دیناری كارەبا قەرزار بووبێت، 150 هەزار دینار لێخۆشبوونی بۆ دەكرا، بەڵام بڕیارەكەی ئەمجارە جیاوازە و رێژەكە زیاد كراوە، ئەگەر كەسێك ئەو بڕە قەرزدار بێت، 200 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە و ئەو بڕە لێخۆشبوونەش بەتەواوی ئاسانكاری و سووكردنی ئەركی سەر شانی خەڵكە.

لەلایەكی ترەوە بڕیارەكە بۆ لێخۆشبوونی قەرزەكانی سەر هاتوچۆیە و بۆ ئەو كەسانەیە كە سزایەكی مادی زۆری هاتوچۆیان لەسەرە كە پێشتر سەرپێچییان كردووە، كە وا دەكات خەڵكێكی زۆر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ دانەوەی قەرزەكانیان و سوودمەندبوون لەو بڕیاری لێخۆشبوونە كە بە هەمان شێوە ئەویش 20%یە.

هەر پێوەست بەو بابەتە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕانەوە بەشێك پارە بۆ هاووڵاتییان، لەكاتێكدا پێشتر ئەو قەرزەیان لەسەر بووە، خزمەتە بە هاووڵاتییان و تێگەیشتنە لە دۆخی ئەوان، بڕیارەكە دووجار لە بەرژەوەندیی خەڵكە، جارێك بەهۆی ئەوەی بڕێك پارە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە و لەوە سوودمەند دەبن، جارێكی تر ئەو پارەیەی خەڵك دەیگەڕێنێتەوە لە قەرزی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ، دەگەڕێتەوە سەر داهاتی گشتی و جارێكی تر حكوومەتی هەرێم لەو كەرتانە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بەكاریان دێنێتەوە و پڕۆژەی پێ جێبەجێ دەكات.

ئەو شارەزایە باسی لەوەش كرد، بۆیە ئەوەی كراوە گەورەترین خزمەت بوو سەرۆكی حكوومەت بە هاووڵاتییانی كرد، قورساییەكی گەورەی لەسەر شانی زۆر كەس لابرد، ئەمە كارێكی گرنگ بوو، هەر ئەوەش نییە، لە رابردووش چەندینجار بڕیاری گرنگی داوە، لەوانە راگرتنی گەڕاندنەوەی قەرزی پێشینەكانی هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون، كە لە هەرێمی كوردستان بە دەیان هەزار كەس لێی سوودمەندن و ئەو قەرزەیان لەسەرە، بەڵام سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا گەڕانەوەی ئەو قەرزە رابگرێت.

جێگەی باسە، كابینەی نۆ رۆڵی حكوومەتی خەمخۆریی بینیوە و بە بەردەوام بڕیاری گرنگ و كاریگەری بۆ بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەكان دەركردووە، لە ماوەی تەمەنی چەند جارێك بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی كارەبا و ئاوی بۆ هاووڵاتییان دەركردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل