پڕۆژەی مەزنی فەرهەنگی زارەكیی موكریان دوای چاپبوونی 15 بەرگ كۆتایی پێ هات

:: AM:10:08:13/04/2024 ‌
فەرهەنگی زارەكیی موكریان  بەرهەمی سەڵاح پایانیانییە، بریتییە لە 15 بەرگ،  ئەم فەرهەنگە كە زیاتر لە 20 كەس بە ماوەی نزیك 10 ساڵ كاریان لەسەر كردووە و لە دوو سەرچاوەی تەیاری وشەی كوردی پێش خۆی، واتە هەنبانە بۆرینە و فەرهەنگی فارسی_ كوردی زانستگەی كوردستان كەڵكی وەرگرتووە و 92 هەزار وشەی كوردی لە خۆ گرتووە، وەك ئامادەكاری فەرهەنگەكە دەڵێت، نموونەیەكی باشە بۆ لە محەكدانی فەرهەنگی زارەكیی موكریان و هاوكات دەرخستنی گۆشەیەك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو فەرهەنگە لەچاو فەرهەنگەكانی وشە.

موكریان لە ڕووی جیۆگرافیاوە هەرچەند سنووری بە بست دیاری نەكراوە، بەڵام بەگشتی ناوچەیەكی هەراوە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نێوان شارەكانی بۆكان، مەهاباد، سەردەشت، سەقز و میاندواو دەگرێتەوە و بەرەو شنۆ هەڵدەكشێ. لە كۆنەوە چەندان عێل و عەشیرەتی گەورەی تێدا نیشتەجێیە. لە ڕووی ئەدەبیات و وێژەوە بە ڕای خاوەنڕایان ناوچەیەكی زۆر بەپیت و بەرەكەتە و زمانی  كوردی لەوێندەرێ بواری هەناسە و گەشەی گەرموگوڕە. 

سەڵاح پایانیانی لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" لەبارەی ناوەڕۆكی فەرهەنگەكەوە گوتی، دوای دیاریكردنی چوارچێوەیەكی پێشبینانە، بۆ سەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بە دوو شێوازی مەیدانی و كتێبخانەیی نووسراوە و دەنگی كار كراوە. پێشان هەموو كتێبە كوردییەكانی سەربە ناوچەی موكریان سەرلەنوێ تایپ كراون، پشكێنراون و ئاشتەبای وشە و مانا و نموونەی ناو ئەم كتێبانە دەستە كراون.

پایانیانی زیاتر گوتی، هاوكات دەست كراوە بە سەردانی مەیدانی بۆ شار و دێهاتەكانی سەربە هەموو شارەكانی موكریان بۆكان، مەهاباد، سەردەشت، پیرانشار، پەسوێ، شنۆ، نەغەدە، ڕەبەت، خەلیفان و بەشێك لە سەقز كە نزیك 10 ساڵی خایاندووە، ئێستەش نەپساوەتەوە و بەردەوامە و دانیشتن لەگەڵ خەڵك بەتایبەت بەساڵاچووانی ناوچەكە و لێ بیستن و كۆكردنە زانیارییەكان. نووسین و تۆماركردن دواتر پێكگرتن و لە بێژنگدانی داهاتەكە.

سەڵاح ئاماژەی بەوەش دا، لە هەموو ئەو سەردان و ماندووبوونانەدا جگە لە خێزان و هاوەڵان و بەرەكەتی میوانداریی ماڵی گوند و لادێی كوردان، تا ئێستە هیچ دەزگا و ناوەند و بنكەیەكی دەوڵەتی و نادەوڵەتی، هیچ جۆرە پشتیوانی و یارمەتییەكی نووسەریان نەداوە داڕشتەی فەرهەنگی زارەكیی موكریان وەك لە ناوەكەیەوە دەردەكەوێ، لە سەر وێژەی زارەكی بنیات نراوە و بۆ هەر وشەیەك كە لەو فەرهەنگەدا جێگیر بووبێ، داتاكانی لە چەندان بەشی جۆراوجۆری وەك زاراوە، پێكهاتەكانی لە چاوگ وەرگیراو.

لەگەڵ كۆتاهاتنی پڕۆژەكەش لە رێوڕەسمێكی شایستەدا لە مهاباد ئەم فەرهەنگە 15 بەرگییە بڵاو كرایەوە بەبۆنەی بڵاوبوونەوەشیەوە زۆر لە نووسەران و فەرهەنگدۆستان، پیرۆزباییان بۆ ئەم كارە گەورەیە لە سەڵاح پایانیانی كرد، بە بۆنەی كۆتاهاتنی شاكاری "فەرهەنگی زارەكیی موكریان"، پەیامی پیرۆزبایی پرۆفیسۆر مایكڵ چایت فەرهەنگووسی ئەمەریكایی بڵاو كرایەوە.

چایت لە پەیامەكەیدا لەبارەی ئەو بەرهەمە دەڵێت، "با ئەم پڕۆژەیە نموونەیەك بێت بۆ كۆكردنەوە و تۆماركردنی فۆلكلۆر و كەلەپوور و زارگوتنی هەموو هەرێمەكانی كوردستان، گرنگیی ئەم بەرهەمە بۆ پێشخستنی كۆردۆلۆجی یەكجار مەزنە."




وشە - سۆران عەزیز