پەیمانگای واشنتن: زۆرترین گفتوگۆ لە ئەمەریكا لەگەڵ سوودانی كرا لەبارەی هەرێمی كوردستان بوو

:: PM:07:56:26/04/2024 ‌
توێژەرێك لە پەیمانگای واشنتن ئاشكرای دەكات كە سەرۆكی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە، لە سەردانەكەی سوودانیدا بۆ ئەمەریكا كە 15ی ئەم مانگە ئەنجامی دا، زۆرترین گفتوگۆیان لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە بووە كە ئەمەیش وای لە شاندە عێراقییەكە كردووە، پێویست بكات بە قوڵی بیر لە چارەسەر بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەو ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان. 

مایكڵ نایتس توێژەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند، نیوەی كۆمارییەكانی ئەمەریكا لە كۆنگرێسدا رەخنەیان لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا، بە تایبەت دوای ئەو هێرشانەی كە لە ماوەی رابردوودا كرایە سەر هێزە تەناهییەكانی ئەمەریكا لە عێراق. 

بەپێی "نایتس" جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا و ئەنتۆنی بلینكنی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە، گفتوگۆی تێروتەسەل و دورودرێژیان لەگەڵ سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كردووە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە. 

توێژەرەكە روونی كردووەتەوە، شاندەكەی عێراق بۆیان دەركەوتووە كە زۆرینەی كۆنگرێس پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە لەسەر حكوومەتی عێراق پێویستە بە قوڵی بیر لەو رێگایانە بكاتەوە كە چارەسەری دۆسیە ناكۆكەكانی هەرێمی كوردستانی پێ بكات. 

مایكڵ نایتس دووپاتی لەو زانیارییانەیش كردووەتەوە، گرووپە چەكدارەكانی عێراق بێ ئومێد بوونە لە سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەریكا، چونكە هیچ رێككەوتنێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە نێوان ئەمەریكا و سوودانی ئەنجام نەدراوە. 

رۆژی 25ی شوباتی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا، بۆ پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی كوردستان و ئەمەریكا، مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆبووەو و بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەكانی كە لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكە و كۆنگرێس بڵاو كرانەوە، پشتگیرییان بۆ كوردستان دووپات كردەوە و دواتریش وەك لە راگەیەنراوی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هاتبوو لەكاتی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن، لەسەر بنەمای سەردانەكەی مەسروور بارزانیدا، لایەنی ئەمەریكی چەندین داواكاری و پێشنیازیان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم وبەغدا بە شاندی عێراقی گوتبوو.


وشە - پۆڵا مەحموود