هه‌ڵبژاردنی مه‌كۆی گۆڕان له هه‌ڵه‌بجه، كێشه‌ی تێكه‌وت و سندووقی ده‌نگدان گواسترایه‌وه بۆ مه‌كۆی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌كه له سلێمانی، له 50 كه‌س كه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، 30 كه‌سیان له به‌ره‌ی ناڕازین.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له گرووپی ناڕازی، به "وشه "ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ بڕیار بوو هه‌ڵبژاردن بۆ مه‌كۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكرێت، به‌ڵام له بازنه‌كانی خورماڵ و سیروان و هه‌ورامان و دوو بازنه‌ی هه‌ڵه‌بجه، ناڕازین و ڕێیان نه‌دا سندووقی ده‌نگدان دابنرێت و هه‌ڵبژاردن بكرێت، چونكه به‌و به‌رنامه‌یه ڕازی نین.
وه‌ك زیاتر خستیه روو، 50 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه، 30 كه‌س دژن و ته‌نیا كه‌متر له 20 كه‌س له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ئێسته‌ی مهكۆن، پاش ئه‌وه‌ی ڕێگرییان كرد له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن و دانانی سندووق، ڕۆیشتوون بۆ مه‌كۆی سه‌ره‌كی له سلێمانی تا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه به‌رن، ئه‌وه‌ش ته‌واو نایاساییه.
'ئێمه زۆرینه‌ین، 30 كه‌سین و ده‌ست له‌كار ده‌كێشینه‌وه
ئه‌و ده‌ڵێت، ''ئێمه زۆرینه‌ین، 30 كه‌سین و ده‌ست له‌كار ده‌كێشینه‌وه كه بازنه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ین، له ئه‌ندامانی بازنه‌كانیش زۆرمان له‌گه‌ڵدایه و داوای وازهێنانی خۆیان له گۆڕان ده‌كه‌ن، چونكه هیچ له بزووتنه‌وه‌كه هیچ ئۆرگانێك گوێمان لێ ناگرن.''
به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، چیا نه‌وشیروان مسته‌فا و عومه‌ر سه‌ید عه‌لی هاتنه سه‌رخه‌ت و نه‌یانتوانی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه ئه‌مڕۆ ڕێیان نه‌دا سندووقی ده‌نگدان دابنرێت.
جێی باسه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ماوه‌یه‌كه له مه‌كۆكانی شاره جیاجیاكانی كوردستان ده‌ستی به كۆنفرانس و هه‌ڵبژاردن كردووه و ده‌یه‌وێت هه‌یكه‌لی خۆی رێك بخاته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه\عه‌زیز ڕه‌سووڵ