وەزارەتی كارەبا: ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتەوە هەزار و 600 مێگاوات

:: PM:12:11:27/04/2024 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتەوە هەزار و 600 مێگاوات و ناردنی گاز بۆ هەولێر و سلێمانی ئاسایی بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی نیسان، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، قەرەبووی بەشێكی زۆری زیانەكانی كەمبوونەوەی بۆ دوو هەزار و 500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی كارەبا كراوەتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتەوە هەزار و 600 مێگاوات.

روون كراوەتەوە، ئێستە وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانیی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە، بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.

هێرشە تیرۆرستییەكەی ئێوارەی 26ی نیسان بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر كە نۆ قوربانی لێ كەوتەوە، دوای ئەوە هات كە پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ بە چاودێری ئەمەریكا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی. گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم پێی وایە، چەند لایەنێك لە عێراق هەن لەوكاتی تەباییدا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن و هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی كوردستان دەكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر لە 25ی كانوونی دووەم، هێرشێكی تر كرا و بە گشتیی لە 2022وەوە ئەوە هەشتەم جارە هێرش دەكرێتە سەر كۆرمۆر، كە سەرچاوەی سەرەكی كارەبای كوردستان و پڕۆژەیەكی ستراتیجی غازە.



وشە - رامیار جەواد