كێ كچە مۆدێلیستەكەی بەغدای كوشت؟

:: PM:06:47:27/04/2024 ‌

سۆشیال میدیای عێراق پڕ بووە لەوانەی بە ناوی مۆدێلیستەوە كار دەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی لە عێراق لەهەر تەنگژە و كێشە و رووداوێك بكۆڵییەوە بەو ئەنجامە دەگەیت كە میلیشیاكان لەپشەوەین، بۆیە ئەوجارەش ئەوان بەدوور نین لە كوژرانی "ئوم فەهد"ی مۆدێلیست شەوی رابردوو لە بەغدا، كە تۆماری ڤیدیۆی كوشتنی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی بڵاو كرایەوە و بكوژ زۆر بە متمانەوە بە چەكی دەنگبڕ دەیكوژێت و مۆبایلەكەی دەبات بە ماتۆرسكیلەكەی هەڵدێت، لە دیمەنێكی دووبارەبووەوە لە ژماەیەكی زۆری كوشتنەكانی لە شەقامەكانی بەغدا و عێراق دووبارە دەبنەوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق تیمێكی لێكۆڵینەوەی پێك هێنا و باسی زیاتری نەكرد، تەنیا ئەوە نەبێت كە بكوژ نەگیراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ئەفسەرێكی پۆلیس دەڵێت، بەپێی بەڵگە سەرەتاییەكان تاوانەكە شوێنپەنجەی تاوانبارانی رووداوەكانی پێشووی پێوەیە، بكوژ كەسێكی مەشقپێكراو بووە و زۆر بە شارەزایی و متمانە بەخۆیی و بێ ترس تاوانەكەی ئەنجام داوە و هەڵاتووە، بۆیە ئەو تاوانە شوێنپەنجەی میلیشیاكانی پێوە دیارە، كە پێشتریش تاوانی هاوشێوەیان ئەنجام داوە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان هەیە و دەتوانن كەی و لە هەر شوێنێك بیانەوێت تاوانەكە دووبارە بكەنەوە. 

عەلی مەفەرجی، چالاكی بواری یاسایی دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی لایەنە تەناهییەكان بە پێكهێنانی لیژنە و لێكۆڵینەوە دەیگرنە بەر، تەنیا بۆ شێواندن و بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی  راستییەكەیە، بەتایبەتی كە ئەنجامدەران لای هەمووان ناسراون و بریتین لە میلیشیا باڵادەستەكان، بۆیە ئەو كوشتنە باڵادەستیی ئەوان پێشان دەدات.

سەیف رەعد تاڵب، توێژەری سیاسی دەڵێت، كارەكانی كوشتن و رفاندنی دوایی سەرەداوێكی سیاسییان لەپەشتە، بكوژی "ئوم فەهد"، مۆبایلەكەی بردووە، بۆیە بازنەی دەورەبەری كوژراوە كلیلی ئاشكرابوونی تاوانەكەیە.

رەزا شمەری رۆژنامەوان دەڵێت، لە هەر قۆناغێك لە عێراق جۆرە ململانێیەك دروست بووە و كوشتنی لێ كەوتووەتەوە، لە كوشتن لەسەر بنەمای ململانێی تایفی و سیاسی لەسەر دەسەڵات و دواتر خۆپێشاندەران و چالاكانی ناڕازی، ئێستەش باند و مافیای ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت و میدیا و سۆشیال میدیا، بۆیە كار گەیشتووەتە كوشتنی مۆدێلیستەكان و رووكەشی بازرگانی بە جەستە و مادەی هۆشبەر و شەوی سووری بەرپرسان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل