لە دوو گرتەی ڤیدیۆییدا كە دەست "وشە" كەوتوون، تێیدا هوی ها و هێرشی گۆڕانخوازان بۆ سەر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سالار عەزیز یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەكەوێ.
لە كاتی ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕۆژی شەموو 19 ئایار/مایۆ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، ژمارەیەكی زۆری لایەنگران و هەوادارانی گۆڕان ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتنەكە بوون، سەرۆك و بەرپرسی باڵای حزبە سیاسییەكانی تری كوردستانیش بۆ ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە بوون، بەڵام لەلایەن گۆڕانخوازانەوە هوی ها و هێرش كرایە سەر بە شێكیان.
لە كاتی خوێندنەوەی وتاری یەكێتی و یەكگرتوو لەلایەن حاكم قادر حەمەجان و سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، جەماوەری گۆڕان دەستیان هوی ها و وتافكێشان دژیان كرد، هاوكات لە نێو قەرەباڵغی خەڵكدا بە هوی ها و ناوبردنیان بە "جاش"، بە ئەستەم مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و سالار عەزیز یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕزگاریان بوو.
ئەوەی لە ڤیدیۆكان دەردەكەوێ، ساتی هوی ها و سووكایەتیكردنە بەو دوو بەرپرسە و لە خوارەوە بیبینن و گوێی لێ بگرن.