بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی راژەی شارستانی راگیرا

:: PM:03:25:25/05/2017 ‌

 

بەگوێرەی رێنماییەکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارە ١٥ بەرواری ٢٣ی مانگی ئایار دەرچووە و واژووی رابەر سدیق بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەتی لەسەرە، نابێت پلەی وەزیفی فەرمانبەرانی راژەی شارستانی بەرز بکرێتەوە.

 

لە رێنماییەکەدا هاتووە بە هۆی پەسندنەکردنی یاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی راژەی شارستانی راگیراوە و هەر بۆیەش پێویستە هیچ هۆکارێک نەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی، چونکە بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی  چەندین مەرجی یاسایی و کارگیڕی تایبەت بەخۆی هەیە.

 

لە خاڵێکی تردا هاتووە هەر پلە بەرزکردنەوەیەک بە پێچەوانەی یاسا یان رێنماییەکان کرابێت لە دوای بەرواری ١/١/٢٠١٦ەوە دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە و بۆ وەرگرتنەوەی جیاوازییەکان کار بە رێنمایی ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠١٦ بکرێت.

 

پێویستە بگوترێت رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی بە پاڵپشتی نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە ١٥٥٢ ی بەرواری ٤/٤/٢٠١٧ و ئاماژە بە هەردوو رێنمایی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٦ و هەشتی ساڵی ٢٠١٧ دەرچووە.

 






وشە - سلێمان تاشان