ئیئتیلافی سووریا: بوونی میلیشیاكانی ئێران ڕێگرە لە ئاشتیی ناوچەكە

:: AM:09:01:27/05/2017 ‌

سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی هێزە بەرهەڵستكارەكانی سووریا ڕیاز سەیف ئاشكرای كرد، ناتوانین بگەین بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی لە ئەگەری بەردەوامی دەستوەردانەكانی ئێران لە سووریا و ناوچەكە.

ڕیاز سەیف لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی 30 وڵات و ژمارەیەك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كردووە كە لە نێویاندا نەتەوە یەكگرتووەكانیش بوونی هەیە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئاشتی و ئارامی و جێگیری بوونی نابێ لە سووریا و ناوچەكەدا، بەهۆی بوونی میلیشیاكانی ئێران لە سووریا.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، دەستوەردانەكانی ئێران لە سووریا بە قەبارەیەكی گەورەیە و ڕۆڵی میحوەری دەبینێ لە پەكخستن و كۆسپ دروستكردن لە بەردەم هەر هەوڵێك بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و بە دیهێنانی ئامانجەكانی گەلی سووریا و پاراستنی مافەكانی.

سەیف یاداشتەكانی ئاراستەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و تێیدا داوای كردووە، بە پەلە و ڕاستەوخۆ كار بكەن بۆ چارەسەركردنی دەستوەردانی ئێران لە سووریا.

بە پێویستی زانیوە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێك دەربكات و دەستوەردانی ئێران لە سووریا وەك دۆسیەیەكی پێشێلكاری بەرامبەر بە مافەكانی مرۆڤ و تاوانە دژ بە مرۆیییەكان هەژمار بكات، دژ بە گەلی سووریا، لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی دۆسیەكەی بجووڵێنرێت.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە چەندان گرووپی چەكداری لە سووریا هەیە و پشتیوانێكی سەرسەختی ڕژێمی ئەسەدە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندان فەرماندە و ئەفسەری باڵای هێزەكانی ئێران لە سووریا كوژران و ئێستەش لە هەوڵدایە بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەرەو سنووری عێراق پێشڕەوی بكات.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د