ئاسایشی خورماتوو دوو تاوانباری كۆمەڵكوژی سپایكەری گرت

:: AM:10:56:27/05/2017 ‌

هێزەكانی ئاسایشی خورماتوو توانییان دوو تیرۆریستی داواكراو بەگوێرەی مادەی چواری یاسای تیرۆر بگرن، كە دەستیان هەبووە لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەدین لە كاتی هاتنی داعش بۆ ناوچەكە و كۆنتڕۆڵكردنیان.

فاڕووق ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هێزەكانمان توانییان شەوی ڕابردوو دوو تیرۆریستی داواكراو بە مادەی چواری تیرۆر كە دەستیان لە كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر هەبووە، بگرن.

هەروەها گوتی، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هێزە تەناهییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە خەریكی گەڕان و دۆزینەوەی شوێن پێی ئەو دوو تیرۆریستەن تا بیانگرن و ڕادەستی یاسایان بكەن، بەڵام شەوی ڕابردوو هێزەكانی ئێمە لە هەڵمەتێكی سەركەوتووانەدا هەردوو تیرۆریستەكەیان گرت و ڕادەستی پۆلیسی خورماتوومان كرد.

ئاماژەی دا، ئەو دوو تیرۆریستە دوای گرتنیان و لەوكاتەی لە گرتووخانەی پۆلیسدا بوون، پەلاماری پاسەوانەكانی گرتووخانەكەیان داوە و هەڵاتوون، بەڵام ئاسایش دووبارە لە ناوچەكە هەردووكیانی گرتەوە.

بۆ ڕێگری لە ڕاكردنیان، ئێستە ئەو دوو تیرۆریستە لە ڕێوشوێنێكی تەناهیی تایبەتدا گیراون و لە گرتووخانەدان.

كۆلێژی سەربازی سپایكەر لە شاری تكریت، لە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەلایەن تیرۆریستانەوە هێرشی كرایە سەر و دوو هەزار قوتابیی كۆلێژەكە لەلایەن تیرۆریستانەوە گولـلەباران كران و سەرجەمیان كوژران، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لێ كەوتەوە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د