دەقی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتە یەكگرتوەکانی ئەمه‌ریکا لە کۆنگرێسی تەمووزی 1776

:: PM:04:08:04/07/2017 ‌

کاتێک ڕێرەوی بەسەرهاتەکانی مرۆڤ وای بە گرنگ دەزانێت کە خەڵکێک ئەو قەید و پێوەندە سیاسیانەی کە پێشتر بە یەکەوەی گرێیدابوون هەڵیوەشێنن و خۆیان لە ناو هێزەکانی مەوجود لە زەویدا بخەمڵێنن. بە گوێرەی سروشتی خودا و ئەو مافە سروشتی یانەی کە بە جودا و لە وێستگەیەکی یەکساندا بە مرۆڤی بەخشیون، بیروباوەڕی ڕێزلێگیراوی مرۆڤایەتی وا دەخوازێت کە دۆزێک ڕابگەیەنرێت و ئەو دۆزە بەرەو ئاراستەی جیابوونەوە پاڵبنرێت.

ئێمە هەڵگری ئەو ڕاستیانەین بۆ ئەوەی ڕوون و ئاشکرابین، دەڵێین کە هەموو پیاوان بە یەکسانی دروستکراون، وە پەروەردگاری خۆیان چەند مافێکی سازش لەسەر نەکراوی پێبەخشیون، لە نێوانی ئەو مافانەشدا؛ ژیان، ئازادی و مافی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی دڵخۆشی.
بۆ زامنی ئەو مافانە، لە نێو جەمعی پیاواندا حکومەتەکان دادەمەزرێن و لەڕێی دادەوە هێزیان پێدەبەخشرێت و هەڵبژێردراو دەبن لە لایەن خەڵکەوە.-لێرەدا هەر جۆرە حکومەتێک کە دێت و ئەو بنەمایانە پێشێلدەکات، خەڵک ماف وەردەگرن کە بیگۆڕن یان کۆتایی پێبێنن، و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێنن کە بناغەی خۆی لەسەر ئەو بنەمایانە دابنێ و هێزەکانی خۆی لەسەر ئەو شێوازە دروستە ڕێکبخات. کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سەلامەتی و دڵخۆشی خەڵک. 

حیکمەت ئەوە دەسەپێنێت حکوومەتی تەمەن درێژ پێویست ناکا لەبەر دۆزی بچوک و کاتی بگۆردرێن؛ لە ژێر ڕۆشنایی ئەوە ئەزموون پێماندەڵێت مرۆڤایەتی قابیلیەتی کەوتنە بندەستان و چەوساندنەوەی هەیە، لە کاتێکدا زاڵمەکان زیاتر حەز لە چەوسانەوە دەکەن لەجیاتی ئەوەی ئەو شێوازەی پەیڕەوی دەکەن بیگۆرن. بەڵام کاتێک شەمەندەفەری دەستدرێژیکردن و سنورتێپەڕاندن، بەبێ جیاکردنەوە هەر بەردەوام بێت لەسەر ڕێگای چەوساندنەوەی ڕەها. ئەوسا خەڵک مافی خۆیانە، ئەرکی خۆیانە، ئەو حوکمەتە بڕوخێنن، و پاسەوانی تازە بۆ ئاسایشی داهاتوی خۆیان دابنێن. -ئەوە وێنەی ئەو ئازارەیە کە کۆڵۆنیەکان بە سەبرەوە چەشتویانە؛ هەر ئەوەش ئێستا پابەندیان دەکات بەوەی کە ئەو سیستەمی حکومڕانیەی پێشویان بگۆڕن.  

مێژووی پاشای ئێستای بەڕیتانیای مەزن مێژووی دەستدرێژی دوبارە و مێژووی برینی کولاوەیە. کە بەشێوەیەکی ڕەها چەوساندنەوەی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا سەپاندوە. بۆ سەلماندنی ئەوە ڕێمانبدەن بە ڕاشکاوی ڕاستیەکان بۆ جیهانیان ڕوونکەینەوە.
ئەو ڕەتی کردەوە پابەندی یاسا بێت، کە گرنترین پێویستی و زەڕورەتە بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵک. ئەو دەستەڵاتی لە حاکمەکانی خۆی وەرگرتۆتەوە ناتوانن یاسا گرنگەکان کە پێویستە بەخێرایی تێپەڕن ڕاستەوخۆ دەریانبکەن، بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە تا ڕەزامەندی ئەو وەردەگرن. کاتێک بۆی هەڵدەسپێرن ئەو بەتەواوی پشتگوێیان دەخات و بەلایاندا ناچێت. ئەو ڕەتی کردۆتەوە ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێگیرکردنی خەڵک لە ناوچە گەورەکان تێپەڕێنێت. هەتا خەڵک دەست لە مافی نوێنەرایەتی هەڵنەگرن لە دەستەی تەشریع، ئەو مافەی زاڵمەکان ڕێزی لێناگرن و بە لایانەوە گرنگ نییە و تەنیا لە بەرژەوەندی خۆیانە.

 ئەو دەستەڵاتی تەشریعی لە شوێنە دوورەدەست و شوێنە ناباوەکان کۆکردۆتەوە و لە کۆنووسی خۆیاندا تۆماری نەکردوون، بە مەبەستی تەمومژاوی کردنی ئەو خەڵکانە تا لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکاریان بێنێت. ئەو بە بەردەوامی پەڕلەمانەکانی هەڵوەشاندۆتەوە بۆ ڕێگرتن لە ڕووبەڕووبونەوەی دەستەجەمعی لەسەر  پێشێلکاریەکانی بۆ سەر مافەکانی خەڵک. ئەو بۆ ماوەیەکی درێژ ڕەتیکردۆتەوە دوای پەڕلەمانە هەڵوەشاوەکان جارێکی دی خەڵک نوێنەر هەڵبژێرنەوە، کاتێک ئەو یاسایانەی کە لە لایەن خەڵکەوە هەزم ناکرێن، جارێکی تر شوێندەگرن. لەو کاتانەدا وڵات دەکەوێتە بەر مەترسی داگیرکاری دەرەوە و گرژی نێوخۆیی. ئەو ڕێگری لە زیادبوونی ڕێژەی خەڵکی ئەو وڵاتانە کردوە؛  کێشەی بۆ بە هاوڵاتیبوونی خەڵکی بێگانە کردوە و ڕێگری کردوە لەوەی خەڵک کۆچ بۆ ئەو وڵاتانە بکەن، یاسای نوێی دەربارەی موڵکداری داناون. 

ئەو ڕێگری لە جێبەجێکردنی یاسا کردوە بە پێشێلکردنی یاساکان و کێشە خستنە سەر ڕێی دەستەڵاتی دادوەری. ئەو وای لە دادوەرەکان کردوە تەنها پشتبەستوو بە خواستەکانی خۆی بن. لە بەرامبەریشدا چاوێکی لە بەڕێوەبەرایەتی و ڕێژە و بڕی موچەکانیان هەیە. ئەو چەند بەڕێوبەرایەتیەکی تازەی دروستکردوە، بەڕێوبەری تازەی لەسەر داناون بۆ هەراسانکردن و خواردنی ژەمی سەر خوانەکانی خەڵکی ئێمە. ئەو سوپای ئامادەی لە نێوماندا هێشتۆتەوە لە کاتی ئاشتیدا، بە بێ ڕەزامەندی ئەنجوومەنی تەشریعی. ئەو دەستەڵاتی هێزە چەکدارە سەربەخۆکانی فەرز کردوە بەسەر دەستەڵاتی هێزە مەدەنیەکاندا.

ئەو لەگەڵ ئەوانیتردا یەکیانگرتوە بۆ سەپاندنی یاسای دەرەکی کە لەگەڵ دەستوری ئێمە تێکناکەنەوە. لە لایەن یاساکانی ئێمە دانپیانراو نین. کە ڕێی بۆ خۆشدەکەن کە کردەوەکانی بە یاسایی بکات؛ بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری دەستەی هێزی چەکدار لە نێوانماندا.
بە پاراستنی ئەو هێزە چێنراوانە بە هۆی دادگای کارتۆنی لە هەر تاوانێکی کوشتن کە ئەنجامی دەدەن لە دژ خەڵکی ئەو وڵاتانە، بە بڕینی هێڵی بازرگانیمان لەگەڵ تەواوی بەشەکانی جیهان، بە فەڕزکردنی باج بەسەرماندا بە بێ ڕەزامەندی خۆمان، بە بێبەشکردنمان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە سودی دادگایی لە لایەن دەستەی دادوەران، بە ڕاگواستنمان بۆ ئەودیوی دەریاکان بۆئەوەی دادگایی بکرێین لەسەر پێشێلکاری، بە ڕەتکردنەوەی سیستەمی ئازادی یاساکانی بەڕیتانی لە پارێزگایەکی دراوسێ. لە بری ئەوە حکومەتێکی کارتۆنی لێدروستکردوە. و سنورەکانی فراوان دەکات بۆ ئەوەی بیکاتە نمونەیەک و ئامرازێک بۆ ئەوەی دواتر بەسەر هەموو کۆڵۆنیەکانی تر هەمان نموونە فەرز بکات، لەبەر لابردنی یاسا نوسراوەکانمان، لەبار بردنی بەهادارترین یاساکانمان و گۆرینی شێوازی حوکمڕانیمان بە شێوەیەکی ڕیشەیی.
لەبەر هەڵپەساردنی دەستەڵاتی تەشریعی، لەباتی ئەوە خۆیان وەبەرهێنان لە دەستەڵاتدا دەکەن و خۆیان دەبنە جێگرەوە و شەرع بۆ ئێمە دادەنێن لە هەموو حاڵەت و دەربارەی هەموو شتێک.
ئەو پارێزبەندی لەسەر حکوومەتی ئێرە هەڵگرتوە و  جەنگی لە دژ ڕاگەیاندوین.
ئەو دەریاکانمانی دزی، کەناراوەکانمانی وێرانکرد و شارەکانمانی سوتاند و ژیانی خەڵکی ئێمەی تێک و پێک شکاند.
ئەو ئێستا چەندان سوپای گەورەی جاشەکان دەگوازێتەوە بۆ تەواوکردنی کردە و کوشتارکاریەکانی، وێرانکاریەکانی و زوڵمەکانی. ئەو دەمێکە وەک سەردەمی بەربەریەکان دەستی بە دڵڕەقی و بێویژدانی کردوە و ترسیشی نیە، ئەو بە تەواوی نرخی ئەوەی نیە سەرۆکی نەتەوەیەکی شارستان بێت.

ئەو هاوڵاتیانی دیلی ئێمەی بردۆتە دەریاکان بۆ ئەوەی چەک لە دژی وڵاتەکەیان هەڵگرن و ببنە جەلادی هاوڕێ و براکانیان. یان بە دەستی ئەوان بکوژرێن.
ئەو هانی یاخیبونی ناوخۆیی داوە لە نێوانماندا و ئەو هەوڵی ئەوە دەدات کە هیندە وەحشەکان بێنێتە سەر هاوڵاتیانی ناوچە سنوریەکان، ئەو هیندیانەی هیچ یاسایەکی جەنگ پەیڕەو ناکەن و ژن و پیاو گەنج و پیر و منداڵ و پەککەوتە لێک جیاناکەنەوە.
لە هەموو قۆناغەکانی ئەو چەوساندنەوانەدا ویستومانە بە سنگ فراوانیەوە باسی ئەوکێشانەیان لەگەڵ بکەین: داواکاریە دوبارەکانمان تەنها بە کولاندنەوەی برین وەڵام دراونەتەوە. شازادەیەک،کە کەسایەتیەکەی بە هەموو پێوەرێک کەسێکی زاڵمە، شایەنی ئەوە نیە حاکمی گەلێکی ئازاد بێت.

ئێمە نەماندەویست برایەتیمان لەگەڵ بڕیتانیەکان تێک بچێت.چەند جار ئێمە ئاگادارمان کردنەوە کە دەزگا تەشریعیەکانیان بێ قەید و شەرت ولایەتی بێ بیانومان بەسەردا درێژ کەنەوە. ئێمە حاڵو دۆخی کۆچکردن و جێنشینکردنمان لێرە پێ ڕاگەیاندون.ئێمە داوای داد و سەخاوەتمانکردوە لە هەمبەر خەڵکی خۆمان. هەوڵماندا بگەینە تێکگەیشتنێکی هاوبەش بۆ کۆتایی پێهێنان بەو دەستدرێژیانە کە هەڕەشە بوون لەسەر پەیوەندیەی و گفتوگۆکانمان. بەڵام ئەوان کەڕ بوون لە ئاست دەنگی عەدالەت و دەنگی خزمانیان. 

بۆیە پێویستە گرنگی لێکجیابونەوەمان ڕابگەیەنین و دەست بە بڕیارەکەمانەوە بگرین. باقی مرۆڤایەتی بە دوژمن لە جەنگدا دادەنێین و بە دۆست لە ئاشتیدا. 
ئێمە لێرەوە نوێنەرانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەکۆنگرێسی گشتی، کۆبوینەوە، داوامان دەبەینە بەر حاکمی مەزنی جیهان بۆ پاکی نیازمان، ئێمە دەستەڵات وەرگرتوو لە  خەڵکی باشی.



وشە - تایبه‌ت