چی لەبارەی نەخۆشی شەكرەوە دەزانی؟

:: PM:05:40:18/07/2017 ‌

نەخۆشی شەكرە بە یەكێك لە نەخۆشییە سەردەمییەكان دادەندرێ و هۆكاری نەخۆشبوون و گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی بەرچاوی هاووڵاتییانە شان بەشانی نەخۆشییەكانی دڵ و ئاستە بەرزەكانی قەڵەوی، بەو پێیەی كە دەزگە تەندروستییەكان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی هەموو كات لە هەوڵی پێدانی ڕێنوێنی پێویستن بە هاووڵاتییان بە مەبەستی دووربوون لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە.

نەخۆشی شەكرە بە نەخۆشییەكی درێژخایەن پێناسە دەكرێت و هۆكاری سەرهەڵدانی لە ئەنجامی بەرزی ڕێژەی شەكر لە خوێندا دەبێت، نەخۆشی شەكرە دەكرێت بە دوو جۆری سەرەكییەوە كە بریتین لە شەكرەی جۆری یەك (Type 1 Diabetes) كە بەو جۆرە وەسف دەكرێت كە بەرگری لەش دژە بە خانەی تایبەتی پەنكریاس دەوەستن و ‌تێكیان دەشكێنن كە بەرپرسن لە دەردانی هۆڕمۆنی ئینسۆلین، ئەو هۆڕمۆنەی كە بەرپرسە لەسەر‌ دروستكردنی هاوسەنگی لە ڕێژەی شەكر لە خوێندا.

شەكرەی جۆری دوو (Type 2 Diabetes) كە خانەكانی لەش لە توانایاندا نییە ڕێژەی پێویست لە هۆڕمۆنی ئینسۆلین دروست بكەن یاخود خانەكان هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنیان بەرامبەر ئەم هۆرمۆنە‌ نییە و ناتواندرێ ڕێژەی شەكر لە خوێندا لە ئاستێكی تەندروستدا جێگیر بكرێت.

بە پێی ئامارەكان لە نێو تووشبووانی نەخۆشی شەكرە لە بەریتانیا بە ڕێژەی ۹۰%ی مڕۆڤی هەراش لە شەكرەی جۆری دووە (T2D)، هاوكات هەندێك لە ئافرەتی دووگیان بەهۆی بەرزی ڕێژەی شەكر لە خوێندا لە سوڕی سكپڕی تووشی جۆرێكی تایبەت لە نەخۆشی شەكرە دەبن، ئەوەش لە ئەنجامی كەمی ڕێژەی دروستبووی هۆڕمۆنی ئینسۆلین كە ناتوانێت هاوسەنگی لە بڕی شەكر لە خوێندا درووست بكات، كە ئەم جۆرە بە (شەكرەی سكپڕی - Gestational Diabetes) دەناسرێت. 

 زۆرینەی تووشبووانی نەخۆشی شەكرە لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت كە ڕێژەی شەكر لە خوێندا لە ئاستی تەندروست زیاتر دەبێت، بەڵام ناگات بەو ڕێژەیەی كە وەكو نەخۆشی شەكرە بناسرێت كە هەر بەو هۆیەوە پشتگوێ دەخرێت و تا لەپڕ وەكو نەخۆشییەكی ترسناكی دڕێژخایەن دەردەكەوێت، بۆیە وا بەباش دەزاندرێت كە هەركات ڕێژەی شەكر لە ئاستی ئاسایی تێی پەڕاند هەوڵ بدرێت ڕێگەچارەی گونجاو لەلایەن پسپۆڕانی بواری تەندروستی بۆ ئەو كەسانە بگرێنە بەر و ئاگەدار بكرێنەوە لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لە داهاتوودا گەر تەواو ڕەچاوی ڕێنوێنییە تەندروستییەكانی خۆپاراستن لەو نەخۆشییە نەكەن. 

نیشانە سەرەكییەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە كە لە كەسی تووشبوودا بە روونی دەردەكەون و پێویست دەكات بە زووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن، بریتین لە هەستكردن بە تێنووەتی بەردەوام، خاڵیكردنەوەی میزڵدان و زۆر میزكردن لە شەودا‌ بە شێوەیەكی نا ئاسایی، هەستكردن بە ماندوویەتی بەردەوام و لەدەستدانی كێش و بێهێزی لە ماسولكەكاندا و تارمایی و ڵێڵی لە ئاستی بینین و خێرا چاك نەبوونی هەر برینێك لە جەستەی كەسی تووشبودا، ترسناكی ناروونی نیشانەكانی نەخۆشی شەكرە بە جۆرێكە كە هاووڵاتییان هێندە جیاكاری لە نیوان نیشانەكانی نەخۆشی شەكرە ناكەن بەوەی كە نزیكە لە نیشانەی ماندووبونی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە.

قەڵەوی بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە دادەندرێ‌، لە كاتێكدا كە مرۆڤ ژەمە خواردن دەخوات‌ و لە گەدە هەرس دەكرێت و لە ڕێگەی ڕیخۆڵە‌وە هەڵ دەمژرێت و تێكەڵ بە سوڕی خوێن دەبێت، كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا و ڕژێنی پەنكریاس دەست بە‌ دەردانی هۆڕمۆنی ئینسۆلین دەكات بە مەبەستی گواستنەوەی شەكری زیاد لە پێویستی لەش‌ بۆ خانەكان و تێكشكاندنیان‌ بە مەبەستی بەدەستهێنانی وزە و ئەنجامدانی كردار و‌چالاكییەكانی، بەڵام لە كاتی نەبوونی ڕێژەی پێویست لە هۆڕمۆنی ئینسۆلین یاخود درووست نەبوونی لەلایەن خانەكانی پەنكریاس ئەوا هۆكار دەبێت لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەكر لە خوێندا بۆ ئاستە ترسناكەكانی و لێكەوتی تەندروستی كوشندەی لێ دروست دەبێت. 

بەمەبەستی سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان و بەدووربون لە كوشندەیی نەخۆشی شەكرە، پسپۆڕانی بواری تەندروستی و خۆراك لە هەوڵی ڕێنوێنیكردنی هاووڵاتییانن بە خواردنی ژەمە خۆراكی تەندروست‌ و وەرزشكردن بە‌بەردەوامی و ئەنجامدانی پشكنینی پێوانەی شەكرە لە خوێن وەكو ڕێگەچارەی سەرەتایی و پێدانی چارەسەری پزیشكی بۆ كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە‌ بە مەبەستی دروستكردنی هاوسەنگی لە ڕێژەی شەكر لە خوێندا، هەروەها پسپۆڕانی پزیشكی بە پێویستی دەزانن كە ساڵانە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە بۆ یەكجار چاویان بپشكنن بە مەبەستی بە دووربوون و خیرا چارەكردنی لێكەوتی نەرێنی شەكرە لەسەر چاو كە بە Diabetic Retinopathy ناسراوە.

سەرچاوە: دەزگای NHS

تۆڵە فەرەج/ بەریتانیا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل