هێڵی هاتوچۆی هەلیكۆپتەر لە نێوان شارەكان لە كوردستان دەكرێتەوە

:: AM:11:20:19/07/2017 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم كۆمپانیای "هێڵی ئەكسل" پڕۆژەی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ئاسمانی لە ڕێی هەلیكۆپتەر بۆ مەبەستی فریاكەوتنی خێرا و گەشتیاری و بۆ هاوكاری پێشمەرگەكانی كوردستان لە هەولێر ڕادەگەیەنێت، هەر كەسێكی ئاسایی دەتوانێ بە بڕە پارەیەكی كەم داوای هەلیكۆپتەرێك بكات و گەشتی پێ بكات.

یوونس حەسەن ڕێپێدراوی كۆمپانیای "هێڵی ئەكسل" لەبارەی وردەكاریی پڕۆژەكەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆژەكەمان بێ جیاوازی بۆ بەرژەوەندی گشتیی خەڵكی كوردستانە لە هەموو شارەكاندا، دەتوانرێ بۆ ئامانجی فریاگوزاری تەندروستی و حاڵەتی ڕووداو و لەناكاو هاوكات بۆ حاڵەتی هاتوچۆ و گەشتیاریش سوودی لێ ببینرێ.

هەروەها گوتی، ئەو پڕۆژەیە لە ڕووی یاسایییەوە لە بەغدا و لە كوردستانیش هەموو ڕێوشوێنە یاسایییەكانی تێپەڕاندووە و سیستەمی دڵنیایی بەریتانیای لەگەڵدایە و هاندەرێكی باش دەبێ بۆ وەبەرهێنان و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان لە سیستەمی هاتوچۆ بەگشتی و سیستەمی فریاگوزاری خێرا لەكاتی ڕووداوەكاندا و فڕۆكەوانەكان فڕەنسی و یۆنانین، كادرە تەندروستییەكانیشی بیانی و خەڵكی كوردستانن.

ئاماژەی دا، هەلیكۆپتەرەكانمان جگەلە دوو فڕۆكەوان، شەش كەسی تر و نەخۆشێكیش هەڵدەگرێ و دەتوانێ بە كورتترین كات بگاتە شوێنی مەبەست، نرخی هەریەك لە هەلیكپۆتەرەكانمان حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە و لە جۆری  ئاگوستا 109ن و ساڵی 2008 بەرهەم هێنراون، پشكنینی تەواویان لە دەرەوە بۆ كراوە لە ڕووی سەلامەتی و فڕینەوە زۆر بێ كێشە و پێشكەوتوون.

هەلیكۆپتەری ئاگوستا بەرهەمی كۆمپانیای ئاگوستا وێستلاندە كە كۆمپانیایەكی هاوبەشی ئیتاڵی و ئەمەریكییە، ئەو كۆمپانیایە یەكەم هەلیكۆپتەری لە ساڵی 1971 بەرهەم هێناوە و لە ساڵی 1976 هەلیكۆپتەرەكانی خراونەتە خزمەتەوە و زۆرێك لە وڵاتان خاوەنی ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرەن، بەردەوام ڤێرژنی نوێی هەلیكۆپتەرەكە بەرهەم دەهێنرێ و دەخرێتە بازاڕەكانەوە و ئەو جۆرە هەلیكۆپتەرە لە توانایدایە 285 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا ببڕێ و یەكێكە لە هەلیكۆپتەرە پێشكەوتووەكانی دنیا.






وشە - باز ئه‌حمه‌د