به‌به‌شداریى هونه‌رمه‌ندان له هه‌موو وڵاتانى دنیا، پێشانگه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى فۆتۆ و په‌یكه‌ر و شێوه‌كاری له به‌ریتانیا ده‌كرێته‌وه و هونه‌رمه‌ندێكی كوردیش به‌ناوی عێراقه‌وه به‌شداریی تێدا ده‌كات.
هونه‌رمه‌ندى به‌شداربووى ئه‌و پێشانگه‌یه زه‌رده‌شت عوسمان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م به"وشه"ى راگه‌یاند: به‌هاوئاهه‌نگى ده‌زگه‌ى ئاڕت ڕۆڵ ویۆریكشه سكڵپچه پارك له شانشینى یه‌كگرتووى به‌ریتانیا، پێشانگه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى له به‌ریتانیا ده‌كرێته‌وه به‌به‌شداریى هونه‌رمه‌ندانى ته‌واوى وڵاتانى دنیا له‌ژێر ناوى "هونه‌ر له سه‌رووى به‌ربه‌سته‌كانه‌وه"، له وه‌رزى نوێ‌دا بۆ ساڵى 2017، به‌درێژایی ئه‌و ساڵه پێشانگه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت .
هه‌روه‌ها گوتی، به‌نوێنه‌رایه‌تى عێراق به‌شدارم تێیدا كردووه.
خاتوو هێلین فێبى به‌ڕێوه‌به‌رى پێشانگه‌كه به"وشه"ى ڕاگه‌یاند: له‌دواى هه‌ڵبژاردنى كاره‌كان له‌ڕێى لیژنه‌ى ئه‌كادیمى هونه‌رییه‌وه، پێوه‌ندی كراوه بههونهرمهندهكانهوه و چانسى به‌شداریكردنیان پێ دراوه، پێشانگه‌كه به‌فۆتۆ ده‌ست پێ ده‌كات و بڕیاره هونه‌رمه‌ندانى تر‌ى وڵاتان به‌كارى جیاواز به‌شداری ده‌كه‌ن. له ئێران سه‌هه‌ند هه‌یسه‌میان به‌كارى په‌یكه‌ر به‌شداره، هونه‌رمه‌ندى توركى باریس ستیڤان به‌كارى چاپ به‌شداره، هونه‌رمه‌ندى میسرى مه‌ى ئهلشازلى و هونه‌رمه‌ندی ئیمارات محه‌مه‌د خالید به‌شدارن، هاوكات له عێراق زه‌رده‌شت عوسمان به فۆتۆگرافیى دیكۆمێنتى به‌دوو كارى پێشمه‌رگه و گه‌ریلا به‌شداره.
زه‌رده‌شت عوسمان گوتی: له زه‌مه‌نى هاتنى دوژمنانى گه‌ل و داگیركه‌رانى خاك، پێشمه‌رگه ده‌جه‌نگن و خه‌باتى سپى ده‌كه‌ن له‌پێناو ئازادی و خوێنى خۆیان ده‌كه‌نه قوربانى بۆ نیشتمان، گه‌رچى ده‌ستیان له‌سه‌ر پهلهپیتكهى مه‌رگ و پاراستنى خاكى نیشتمانمانه، ئێمه‌ى هونه‌رمه‌ندیش له‌ڕێى هونه‌ره‌كه‌مانه‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین ئازایه‌تى و خۆڕ‌اگرى پێشمه‌رگه و گه‌ریلا پیشانى دنیا بده‌ین. منیش هه‌ستاوم به‌ئه‌نجام گه‌یاندنى وه‌زیفه‌ى كوردبوونم له سۆنگه‌ى كارمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پیشانى بده‌م كه هێزى پێشمه‌رگه خوێن ده‌كاته هه‌وێنى ژیان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ئاشتى و پێكه‌وه‌ژیان نه‌وه‌كانى كورد بێ جیاوازى ژیان به‌رده‌وامى پێ بده‌ن.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى