ترەمپ: نیویۆرك تایمز كوشتنی بەغدادی شكست پێ هێنا

:: AM:08:57:23/07/2017 ‌

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی تۆمەتبار كرد بەوەی بووەتە هۆی شكستهێنانی هەوڵێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ بۆردمانكردن و كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

ترەمپ لە تویتەری خۆی تویتێكی كردووەتەوە و نووسیویەتی، نیویۆرك تایمز شكستخواردووە، ئەوان هەوڵێكی ئەمەریكایان بۆ كوشتنی تیرۆریستی داواكراو بەغدادی شكست پێ هێناوە. دووپاتیشی لەوە كردووەتەوە ئەجێندای ئەو ڕۆژنامەیە زۆر خراپە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا. 

سەرۆكی ئەمەریكا قسەكانی جەنەراڵ تۆنی تۆماسی بیر هێنایەوە كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا بە تەواوی نزیك بوونەوە لە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی لە 2015، بەڵام بەهۆی دزەكردنی زانیاری و بڵاوبوونەوەی لە میدیاكان هەوڵەكە شكستی خوارد.

تۆنی تۆماس ئاماژەی بەوەش دا، پێشووەچوونی زۆر گەورە هەبوو بۆ كوشتنی بەغدادی، بەڵام لەلایەن ڕۆژنامەیەكی گەورەی نیشتمانی پرسەكە ئاشكرا كرا و هەوڵەكانمان سوودیان نەما.

مانگی حوزەیران/یۆنیۆی 2015 ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بابەتێكی بڵاو كردەوە تێیدا باس لەوە كراوە كە هێزەكانی ئەمەریكا دەستیان گرتووە بەسەر بڕێكی یەكجار زۆر و گەورەی زانیاری و بەڵگە لەسەر تیرۆریستانی داعش، چۆنیەتیی خۆحەشاردانی سەركردەكان و بەكارهێنانی ئافرەت و چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان سەركردەكان لەلایەن ئەمەریكاوە ئاشكرا كراوە.

ڕۆژی هەینی جێمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، تا ئێستەش گریمانەی ئەوە دەكەین ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش زیندووە.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د