ئێزیدییەكان كێن؟

:: PM:09:56:12/08/2017 ‌

هێندێك لە توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن، كە ناوی "ئیزیدییەكان" لە ناوی "یەزیدی كوڕی معاویە"وە هاتووە، بیگومان بەڵگەیان هەیە و تاوێ كێشە لە نێوان بەرەی "عەلی كوڕی ئەبوتاڵب" و "معاویەی كوڕی ئەبو سفیان" دروست بوو، كاتێ دەسەڵات كەوتە دەست معاویە، دوای ٢٠ ساڵ معاویە مرد و یەزید دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ئەنجامی فراوانكردنی دەسەڵاتی عەرەب لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە، یەزید بۆ كوردستان پەلی هاوێشت و زۆربەی ناوچەكانی فەتح كرد. بەهۆی ئاووهەوا و سروشتی كوردستان یەزید بڕیاری دا لە كوردستان بمێنێتەوە و نیشتەجێ بێت. لە ئاكامی ئەو فەتحەدا، خەڵكی كوردستان ئامادە نەبوون خۆیان بە دەستەوە بدەن، بۆیە لەگەڵ سوپای یەزید شكان و چەندان ژن و كچیان وەكوو كەنیزەك و غەنیمە كەوتە دەست، ئێزیدییەكان نەوەی یەزیدی كوڕی معاوییەن.

ئێزیدی خاوەنی ئایینێكی تایبەتن و زۆربەی ئێزیدییەكانی جیهان، لە باشووری كوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان موسڵ، پارێزگای دھۆك و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین. ئێزیدی لە ناوچەی تریشدا دەژین، ئێزیدییەكی زۆر هەڵهاتن بۆ ئەرمەنستان و گورجستان لە سەدەی ١٩ و ٢٠دا لە دەست چەوساندنەوەی ئایینیان لەلایەن ئەو توركە عوسمانی و كوردە سونیانەی, كە دەیانویست بیان كەن بە موسڵمان. یەزیدیەكانیش توشی گەلەكوژی و قەڵاچۆكردن هاتن لەگەڵ ئەرمەنەكان, لە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا. ئەمەش وایكرد كە زۆرینەیان هەڵبێن بۆ ئەو بەشەی ئەرمەنستان, كە لەژێر دەستی ڕووسیادا بوو. یەكەمین خوێندنگای ئێزیدی لە ئەرمەنستان كرایەوە لە ١٩٢٠.

بەهۆی ئەو گرژیە ڕەگەزییەی, كە لە ئەنجامی شەڕ لەگەڵ ئازەربایجاندا دروست بوو، ئێزیدییەكان پێوەندییەكانی بە كوردە موسوڵمانە هەڵهاتووەكانەوەكانەوە هەڵوەشاندەوە و پاشگەز بوونەوە، هەوڵیان دا خۆیان وەك نەتەوەیەكی جیا دامەزرێنن. ئێزیدییەكان هاونیشتیمانی بوونی خۆیان وەك ئەرمەنستانییەك نیشان دا لە شەڕی ناگۆرنۆ-قەرەباغدا, كە زۆریان مردن لە خزمەتی سەربازیدا. بەپێی سەرژمێری ٢٠٠١، نزیكەی ٤٠،٦٢٠ ئێزیدی لە ئەرمەنستان هەن. ڕاپۆڕتەكان لەسەر پێوەندی نێوان ئێزیدییەكان و حكومەتی ئەرمەنیدا جۆراوجۆر بوون. بەپێی ڕاپۆرتێكی ٢٠٠٤ی بەڕێوەبەرایەتی دۆخی مافی مرۆڤی ئەمەریكی، ئێزیدییەكان هەراسانكراون لە ئەرمەنستان. ڕێژەیەكی بەرز لە منداڵی ئێزیدی ناچن بۆ خوێندنگە بەهۆی نەبوونی و نەبوونی مامۆستا, كە بە زمانی دایكیان بدوێ. بەپێی ڕاپۆرتێكی ٢٠٠٧ی بەڕێوەبەرایەتی دۆخی مافی مرۆڤی ئەمەریكی، "سەرۆكی ئێزیدییەكان ناڕەزایی ئەوەیان نەبوو, كە پۆلیس و لێپرسراوانی ناوخۆیی كۆمەڵگاكەیان دەچەوسێننەوە، وەك لە ساڵانی پێشودا ڕویدابوو".

٢٢ نیشتگەی دەرەوەی شارەكان لە ئەرمەنستاندا هەیە, زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدی بێت. ڤێرین ئەرتەشات لە پارێزگای ئارارات گەورەترین شارۆچكەی ئێزیدییە لە ئەرمەنستاندا و ژمارەی دەنیشتوانی ٤،٢٧٠یە. لە پارێزگای ئارمەڤیەردا، دوو گوندی ئزیدی هەیە، گوندی یاراسكاون و فێریك لە قەزای ئیجمیاتسن. لە ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٢دا، ئێزیدییەكان یەكەم پەرستگایان كردەوە لە دەرەوەی نیشتیمانی خۆیان لالش - پەرستگای "زەریات" لە پارێزگای ئارمەڤیەری ئەرمەنستان.

ئێزیدیەكانی ڕووسیا ئەو ئێزیدییانەن, كە بەھۆی جینۆسایدەكانی پێشوو ئاوارەی ھەرێمەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران بوون و ھەر لەوێ ماونەتەوە تاوەكوو ئەمڕۆ. نزیكەی ٩٠٠٠٠ كەسی ئێزیدی لە ڕووسیای ئێستە دەژین، زۆرینەی ئەم ڕێژەیە دانیشتووی مۆسكۆ و ھەرێمەكانی دەوروبەرین.

ئێزیدییەكان، وەكوو ڕوونمان كردەوە، كە ناوەكەیان لە یەزیدی كوڕی معاویەوە هاتووە، هەر لە سەردەمی ئەویشەوە، ئەو دین و ڕیبازە سەری هەڵداوە. هێندێك لە بنووسان پێیان وایە لە ڕیگەی هێندێك لە سۆفییە بەناوودەنگەكان وازیان لەم ئایینە نووە بووە و بانگەوازیان بۆی كردووە، دواجار لەسەر دەستی (شێخ شەمسەدین) شتی تری تێكەڵ كراوە و بووە بە ئایینێكی جیاواز.

سیستەمێكی چینایەتی لە ئایینی ئێزیدیدا هەیە، تەواوی پەیڕەوكارانی گەرەكە دەستی پیوە بگرن و لەم سیستەمە لانەدەن، چونكە وەكوو ڕوكنی ئیمان لەم ئایینەدا حیساوی بۆ دەكەن. ئەم چینایەتییە لە ناو ئێزیدییەكاندا وەكوو هیچ كۆمەڵێكی تر نییە، بەڵكوو تایبەت مەندی خۆی هەیە. (چین) لە ناو خەڵكی ئێزیدی، بە شێوەی بۆ ماوەیییە (پشتاوپشت) واتە لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵ دەمێنێتەوە، هەروەها ژن و ژنخوازی لە چینێك بۆ چینێكی تر حەرامە، چینەكانیش بریتین لە (پیر، شێخ، مورید)، هەر چینێك ئەركی خۆی لەسەر شانە.

چینی "پیر" ئەم چینە ڕێبەری ئایینین و ئەركیان فێركردن و بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی ئێزیدییانە لە ناو كۆمەڵدا. چینی (شێخ) ئەوانەش ڕێبەری ئایینین و لە سێ بنەماڵەی سەرەكی بەرجەستە دەبن، هەر تاكێكی ئێزیدی لە خەڵكی گشتی، پییان دەگوترێ (مورید). چینی پیر دەتوانێ لە هەرتك چینی (شێخ و مورید) ژن بخوازێت، بەڵام هیچیان ناتوانن ژنی لێ بخوازن. چینی (شێخ)یش دەتوانێ ژن لە (مورید) بخوازێ، بەڵام مورید ناتوانێ لە هیچیان بخوازێ.

یەكەم پەرستگەی ئێزیدی (لالش)ە، پەرستگەی هەرە پیرۆزی ئێزیدییەكانە، دەكەوێتە نێوان دۆڵێكی سێ چیای گەورە، پڕە لە دار و درەخت و سەوزایی، دێمەنێكی جوان و دڵڕفێنی هەیە. وشەی (لالش) لە دەقی ئێزیدییەكان بە واتە "هەوێنی زەوی" دێت، بە زمانی ئاڤێستایی واتەی (لالە)، واتەی چرا و ڕووناكی گەش دەگەیەنێت، هەموویشی پێكەوە واتەی (چرای گەش یان سەرچاوەی ڕوون) دەبەخشێت.

بۆچی لالش گرنگە و زۆربەی ڕێوڕەسمە ئایینییەكان لەوێ بەڕێوە دەچێت، چونكە لالش سووڕی ژیانە، هەوێنی مەیینی زەوییە، (كانیا سپی) تێدایە، كە ئاوەكەی پیرۆزە. لالش دەبیتە ڕووگەی (قیبلە)ی ئێزیدییەكان و حەجی تێدا دەكەن، بۆیە هەر ئێزیدییەك دەبێت لایەنی كەم یەك جار سەردانی ئەم پەرستگەیە بكات. هەروەها چەندان جەژن و هەڵكەوتەی ئێزیدیان لەوێ دێنە گێڕان. هەبوونی قوب و ئاقد و نیشانكەكان و زیارەتگە (مەرقەد)ی هێندێك لە خاسانیان لەم پەرستەگەیەدا.

ئێزیدییەكان دوو كتێبیان هەیە (جەلوە) و (مەسحەفا ڕەش)، كتێبی (جەلوە) شێخ حەسەن دایناوە، هەروەها پەرستگەی لالش لە سەردەمی (شێخادی كوڕی مسافر) هاتووەتە نۆژەنكردنەوە.

ئەنجوومەنی باڵای ڕوحانی ئێزیدی پێكهاتوون لە سێ چینەكەی تەواوی پێكهاتەی خەڵكی ئێزیدی، ئەنجوومەنی ڕۆحانی لە ناو ئێزیدییەكاندا، بە بڵندترین دەستەی دەسەلاتدار دادەنرێن، كە پێكهاتوون لە كۆمەڵێك پیاوانی ئایینی و میری ئێزیدییان سەرۆكایەتی دەكات، ئەنجوومەنەكەش لە: (میری ئێزیدییان، ئیختیاری مەرگەهێ، شێخی وەزیر، پێشیمای مەرگەهێ، نەقیب، بابێ گاڤان، مەزنێ قەواڵان، بابێ چاوڤشین، سەردەری پەرستگەی لالش) پێك هاتووە.

میری ئێزیدییەكان، میری هەموو ئێزیدییەكانی جیهانە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕوحانییە. ئیختیاری مەرگەهێ، واتە بابێ شێخ، بە بەرزترین پلەی ئایینی ڕۆحانی دادەنرێت، لە شێخی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ فەرخەیە. شیخی وەزیر، لە شێخی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ شەمسەیە. پێشیمای مەرگەهێ، لە شێخەكانی شەمسانییە و لە بنەماڵەی شێخ شەرەفەدینە. نەقیب، لە چینی پیرەكانە، ئەندامی ئەنجوومەنی ڕۆحانییە، لەگەڵ گێڕانی تاوس دەبیت. بابێ گاڤان، لە چینی شێخە و لە بنەماڵەی ئامادەینەیە، كە یەكیكە لە لە ئەندامی ئەنجوومەنی ڕوحانی و ئەنجوومەنی بابێ شیخ. مەزنێ قەواڵان، سەرۆكی قەواڵان لە چینی موریدە، واتە خەڵكە ئاسایییەكە. بابێ چاڤشین، ئەندامی جڤاتی ڕۆحانییە، دەروێشێكی پەرستگەی لالشە، هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ خزمەتكردنی پەرستگەی لالش. سەردەری پەرستگەی لالش، ئەندامە لە جڤاتی ڕوحانی و لە بنەماڵەی شێخ و بەكرایە. ئەنجوومەنی باڵای ئێزیدییەكان لە ٣٠ ڕاوێژكار پێكهاتووە.

ئێزیدییەكان ٨ جێژنیان هەیە: (جێژنی سەری ساڵ، جێژنی چلەی هاوین، جێژنی چلەی زستان، جێژنی جەمای، جێژنی ڕۆژووی ئێزیدی، جێژنی بێلندا، جێژنی خدر لیاس، جێژنی قوربان.)

جەژنی سەری ساڵ، دەكەوێتە چوارشەمەی مانگی نیسان. جەژنی چلەی هاوین دەكەوێتە ڕۆژی ٣٠ی تیرمە(تەموز). جەژنی چلەی زستان، ئەم جەژنە دەكەوێتە ڕۆژی ٢ی شوبات. جەژنی جەمای یەكێكە لە جەژنە دێرینەكانی ئێزیدی، بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبیت. جەژنی ڕۆژووی ئێزیدی، دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، لە ڕۆژی چوارەمدا دەكەوێتە هەینی سێیەم لە مانگی كانوونی یەكەم. جەژنی بێلندا، ئەم جەژنە دەكەوێتە هەینی یەكەم لە هەیڤی كانوونی دووەم. جەژنی خدر لیاس ئەم جەژنە دەكەوێتە ڕۆژی پێنجشەمی مانگی سێیەمی شوبات. جەژنی قوربان، ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەر، ڕێوڕەسمی ئەم جەژنە لە پرسگەی لالش دەێتە گیران.

•لەم ئایینەدا ئەم بیر و باوەڕانەش هەیە، خوا - ئێزدان: گەورەیەكەی لە نوسیندا دەرناكەوێت، لە سەروی نموونە و شێوەوەیە؛ سیفەتەكانی كۆنن وەكوو زاتی خۆی هیچ شتێك لە سەر شێوەی ئەو نییە و لە هیچ شتێك ناچێت. لەبەر ئەوەی خودایە, واتە خوای مرۆڤە. مەلیكە تاوس مەلیكی هەموو فریشتەكانە. مەلیكە تاوس بریتیە لە عەزازیل یان بە عەرەبی (الشیگان) (بە ئینگلیزی: Melek Taus یان The Peacock Angel) كە حوكمی هەموو زەوی دەكات بە یارمەتی و هاوكاری حەوت فریشتەی دیكە ئەو حەوت فریشتەیەش لەژێر ئەمری خودای گەورەدان. پاشا بە شێوەی تاوس شێوە دەكێشرێت. ئاو، خۆڵ و هەوا لە دروشمە پیرۆزەكانی دینی ئێزیدین, كە هەرسێكیان ژیان پێك دەهێنن. یەكەم پاڕانەوە (دۆعا) : كە بەسێ كاتدا دەكرێت, بە تایبەتی لە كاتی هەڵهاتنی خۆر و ئاوابوونیدا ئێزیدییەكان لەم كاتانەدا داوای خێر و خۆشی بۆ خۆیان و هەموو مرۆڤایەتی دەكەن. ئێزیدی وەكوو دیانەت ڕێگە و شێوازی تایبەتی خۆیان هەیە لە كاتی بەجێگەیاندنی نوێژدا بۆ خودا, كە بەزمانی ئاری كۆن پێی ئەڵێن (خودێ) یان (ئێزدان) كۆمەڵێك نزای لێ دەكەن بە تایبەتی لە كاتی هەڵهاتنی خۆر و نیوەڕۆ و كاتی خۆرئاوابووندا.

چەندان جار كۆمەڵكوژ و جینۆساید كراون، لەم دوایییانە، بە دەستی تیرۆریستانی داعش، هەمان شێوە جینۆساید كران و چەندان ژن و كچیان بە غەنیمە برد.

سەرچاوە: ویكیپیدیا



وشە - ژیڤان خۆرانی