ئەمەریكییەكان هێرش دەكەنە سەر مەكگۆرك

:: AM:09:02:17/09/2017 ‌

دوای ئەوەی نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناڕەزایی بەرامبەر ریفراندۆمی كوردستان دەربڕی و كۆشكی سپیش دوێنێ شەموو راگەیەنراوێكی لەوبارەوە بڵاو كردەوە، نووسەر و سەرمایەدارێكی ئەمەریكی بە توندی وەڵامی برێت مەكگۆرك دەداتەوە و دەڵێ شەرمە بۆ ئەمەریكییەكان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كورد بكەن.

جۆن كلوگسان سەرمایەدار و نووسەر و یارمەتیدەرێكی گرنگی لێقەوماوان و كۆچبەران كە لە گۆڤاری فۆڕیبسی ئەمەریكی پشكی هەیە و بەردەوامیش نووسین و بۆچوونەكانی بڵاو دەكاتەوە، لەسەر قسەكانی ماكگۆرك و بەیاننامەكەی كۆشكی سپی كە برێت مەكگۆرك لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، وەڵامی ئەو و ئەمەریكای داوەتەوە و دەڵێ، كوردەكان ژیانی خۆیان بۆ ماوەی چەندان ساڵ بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كردە قوربانی، كەمترین هاوكاری پێشكەشیان بكەین بریتییە لە پشتیوانی دەنگدانەكەیان بە شێوەیەكی دیموكراسی، بەو شێوەیە مامەڵەكردن شوورەیییە بۆ ئێمەی ئەمەریكی.

ساس فرانتزمان ڕۆژنامەنووسی ئەمەریكی-ئیسرائیلی كە لە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست كار دەكات لەوبارەوە نووسیویەتی، ئەم ڕاگەیەنراوە بێهیوابوونی لێ دەكەوێتەوە، دەتوانرا ئێوە بێدەنگ بن و دووپات لەوە بكەنەوە كە ئەمە پرسێكی ناوخۆی نێوان كوردستان و بەغدایە.

چەندان كەس و هاووڵاتیی تری كوردستان و ئەمەریكا لەسەر تویتەكەی مەكگۆرك بە توندی هێرشیان كردووەتە سەر ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا و دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، باس لە جێگرەوەی ریفراندۆم مەكە، بەڵكو پێویستە سەرۆك ترەمپ بیر لە جێگرەوەی تۆ بكاتەوە.





وشە - باز ئه‌حمه‌د