پێشمەرگە و سوپا و هاوپەیمانان پلان بۆ ڕزگاری حەویجە دادەنێن

:: PM:03:27:18/09/2017 ‌
دوابەدوای كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول، دوابەدوای كۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە لە هەولێر بەڕێوە چوو، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین جموجۆڵە سەربازییە زەوینی و ئاسمانییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان لە سەنگەرەكانی بەرگریدا تاوتوێ كراون.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگری و چالاكییە فڕۆكەوانییەكان و بنكەكانی مەشق و راهێنان و پێویستییەكانی پێشمەرگە بۆ هاوپەیمانان ڕوون كراونەتەوە.

هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا كەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت رای گەیاندووە كە كۆبوونەوەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان بەردەوامی دەبێت بە مەبەستی داڕشتنی پلانێكی تۆكمە و سەركەوتووانە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەویجە.

ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە كە ئێستە ئامادەكاری دەكرێت بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شارۆكەی حەویجە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ڕای گەیاندووە كە دەبێت پێشمەرگە بەشداری لە كردەوەگەلی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەدا بكات.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم