"وادەی كەوتنی مووسڵ بە دەستی داعش لە 2013ەوە زانراوبوو"

:: PM:05:34:21/11/2017 ‌

رێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دووپاتی كردەوە كە تا ئەو ساتەی دوایی وڵاتانی ناوچەكە بەوەیان نەزانی كە پێویستە رووبەڕووی توندڕۆیی ببنەوە پاڵپشتی لە میانڕەوی بكەن، ئەو ئاشكرای كرد كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە 2013ە و سەرەتای 2014ەوە دەیزانی كە رێكخراوی داعش دەست بە سەر بەشێك لە خاكی عێراقدا دەگرێت.

نیكۆڵای كەلادینۆڤ دووپاتی كردەوە كە وادەی كەوتنی مووسڵ بە دەستی تیرۆریستانی داعش بەر لە روودانی بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكە زانراو بوو، ئەوەش مانای ئەوەیە كە ئەوەی رووی دا بۆ وڵاتانی ناوچەكە كتوپڕ نەبوو، كەچی گرنگیدانی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە نزیك بوو لە سفر. 

ئەو بەرپرسە لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "جیرازۆلیم پۆست"ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە وڵاتانی ناوچەكە تا ئەو ساتەی دواییش دركیان بەوە نەكرد كە پێویستە ئەوان پاڵپشتی لە میانڕەوی بكەن و رووبەڕووی توندڕۆییش ببنەوە، چونكە ئەگەر ئەو كارە زووتر بكرایە، ئەوە رووخانی وڵاتان و دەركەوتنی داعشمان نەدەبینی.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هۆكاری رووداوە كارەساتبارەكانی سووریا و عێراق لە فەرامۆشكردن و بێبەشكردنی هاووڵاتییان لە مافەكانیان و دوورخستنەوەیان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەكانیان سەری هەڵداوە، وەك ئەو ناڕەزاییانەی شاری رومادی لە 2013 روویان دا، ئەو كاتەی هاووڵاتییان داوای باشكردنی دۆخی ژیانیان كرد. 

میلادینۆڤ دووپاتی كردەوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق لەبری چارەسەركردنی كێشەكانیان، ئەوانیان بەهێز سەركوت كرد و لە ماوەی تەنیا شەش مانگ دوای ئەوە، داعش گەیشتە ناوچەكە و ئەجینداكان گۆڕانكاری ریشەییان بەسەردا هات.  

رێكخراوی داعش لە 2014 دەستی بە هێرشێكی فرەوان لە سووریا و عێراق كرد و توانی لە ماوەیەكی كەمدا رووبەرێكی فرەوان لە هەردوو دەوڵەت داگیر بكات و دەوڵەتی خیلافەتەكەی تیایدا دامەزرێنێت و سنووری نێوان هەردوو وڵاتیش هەڵوەشێنێتەوە، دواتر بەهۆی پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش توانرا تەواوی خاكی عێراق لەو رێكخراوە پاك بكرێتەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل