فروغ ژنێک لەبەردەم زریان و ڕەشەبادا

:: PM:10:32:21/11/2017 ‌
فروغ فەڕوخزاد، ناوی ته‌واوی (فروغ سه‌رهه‌نگ محەمەد فروخزاد)ـه‌، لە دووی دیسەمبری ساڵی ١٩٣٤دا، لە شاری تارانی وڵاتی ئێران لەدایک بووە، ئەو شاعیر و ئەکتەر و شانۆکارێکی ئێرانییە، فروغ لە خێزانێکی تەواو ڕۆشنبیر و دنیادیتە هاتووەتە دنیاوە. ئەو پێنج کتێبی شیعریی بڵاو کردووەتەوە، کە لە بەرچاوترین نموونەکانی شیعری فارسین لە سەتەی بیستەمدا. 

فروغ چەندان کۆمەڵە شیعری لە سەر بناغەکانی کاری نیما یووشیج نووسی و بەم شێوەیە کاری هونەری خۆی دەست پێ کرد. ئەم کۆمەڵە شیعرانە بریتی بوون لە: "دیل"، "دیوار" و "سەرکەشی". دوای ئەم دەورانە فرووغ لەگەڵ ئیبراهیم گوڵستان، نووسەر و دەرهێنەر، ئاشنا بوو؛ کە ئەم ئاشناییە بوو بە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بیروباوەڕ و شێوازی هونەری فرووغدا. کە ئەم گۆڕانکاریانە دواتر خۆی لە کۆمەڵە شیعری "تولدی دیگر" و "ایمان بیاوریم به ێ‌غاز فصل سرد" خۆی پیشان دا؛ ئەم کۆمەڵە شیعرانە بوو بە هۆی پەرەسەندنی ناوی فرووغ و لە نێو کۆمەڵگەی ئەدەبی ئێراندا شوێنێکی تایبەت بۆ فروغ دیاری کرا.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: "من ١٣‌ یان ١٤‌ ساڵان بووم، كه‌ ده‌ستم به‌ شیعرنووسین كرد، گه‌لێ غه‌زه‌لم نووسی، كه‌ هیچیانم چاپ نه‌كرد. كاتێ له‌و غه‌زه‌لانه‌ ده‌ڕوانم سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ حاڵه‌تی گشتیان قایلم به‌ خۆم ده‌ڵێم; چاكه‌ خانم، کۆتاییه‌كه‌ی په‌تای غه‌زه‌لگوتن تۆشێ گرته‌وه"

باوكی فروغ ڕۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ ئاشنایی فروغ به‌ ئه‌ده‌ب و باوكی پیاوێكی ئه‌دیب و شعردۆست و‌ گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ ئه‌ده‌بیاتی كۆنی فارسی پێك هێنابوو. فروغیش سوودی له‌و گه‌نجینه‌یه‌ بینی. باوكی فروغ ده‌ڵێ: "كاتێ فروغ بچووک‌ بوو، من فێری ئه‌وه‌م كرد كتێب بخوێنێته‌وه‌ و كتێبم خسته‌ به‌رده‌ستی. فروغ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر ده‌یخوێنده‌وه، ته‌واوی شیعره‌كانی سه‌عدی له‌به‌ر بوو، هه‌روه‌ها غه‌زه‌له‌كانی حافزیشی دەرخ کردبوو. یه‌ك ساتیشی بۆ خوێندنه‌وه‌ به‌ فیڕۆ نه‌ده‌دا.

فروغ ته‌مه‌نی ١٥‌ ساڵان بوو، كه‌ شووی به‌ په‌روێز شاپوری "ته‌نز نووسی ناسراو" كرد و كوڕێكیان بوو به‌ ناوی كامیار، به‌ڵام ئه‌م هاوسه‌رێتییه‌یان زۆری نه‌ خایاند. بەهۆی ئەوەی مێردەکەی گرنگیی پێ نەدەدا، داوای تەڵاقی لێ کردبوو، چونکە کاریگەریی زۆری لەسەر دروست کردبوو، ژیانێکی ناخۆشی بەم هۆیەوە دەگوزەراند، فروغ دەیوسیت لەپێناو شیعردا، تەنیا ئازاد بژی. بەڵام بەهۆی ئەوەوە، دیتنی کوڕە تاقانەکەی لێ حەرام کرابوو. 


باوكی فروغ ده‌ڵێت: كاتێ فروغ ده‌ستی به‌نووسینی شیعر كرد هانم دا، به‌ڵام كاتێ شیعره‌ كانی خه‌ریكبوو ژیان هاوسه‌رێتی تێك بده‌ن زۆرم پێ ناخۆش بوو، به‌ڵام ئه‌و هێنده‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی خۆی سوور بوو، كه‌ کۆتاییه‌كه‌ی له‌ مێرده‌كه‌ی جیا بوویه‌وه‌ و ئەگه‌رچی من به‌ ڕواڵه‌ت ئه‌وه‌م پێ ناخۆش بوو به‌ڵام له‌ ناوه‌وه‌ ئافه‌رینم ده‌كرد.

فروغ ڕۆحێكی سه‌ركه‌ش و نائارامی هه‌بوو ئاگرێك له‌ناخیدا كڵپه‌ی ده‌سه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌و ئاگره‌ به‌ دوور بگرێت وای به‌باش زانی به‌ ته‌نها بژی. دوای تەڵاق وەرگرتن، فروغ دەستی بە گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەورووپی کرد و لەم گەشتانەدا لەگەڵ چەند و هونەری ئەورووپیدا ئاشنا بوو و ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردە سەر ڕوانگەی فروغ بۆ سەر ژیان. هەر لە هەمان کاتدا فروغ لەگەڵ ئیبراهیم گوڵستان ئاشنا بوو و ئەمە گۆڕانی فرووغی بە تەوژمتر کرد.

فروغ لە ساڵی ١٩٦٢ فیلمێکی بە ناوی "خانە سیاه" (ماڵی ڕەش) دروست کرد و لە چەندان فێستیڤاڵی جیهانیدا بەشداری کرد، چەندان خەڵاتی گرنگی مسۆگەر کرد، کە هۆی بەناوبانگتربوونی فرووغ بوو. لە ساڵی ١٩٦٣دا، فروغ جارێک ویستی خۆی بکوژێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٩٦٧ لە کاتی شۆفێڕیکردن بە ئۆتۆمبێلی "جیپی" ئیبراهیم گوڵستان، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و گیانی لەدەست دا.

یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ شیعری فروغ له‌ ساڵی ١٩٥٢ دا بڵاو بوویه‌وه‌ به ‌ناوی "ئه‌سیر" و ٤٤ شیعری له‌ خۆ گرتبوو. دووم كۆمه‌ڵه‌ شیعری فروغ له‌ ساڵی ١٩٥٦ بڵاو بویه‌وه‌ به‌ ناوی "دیوار" كه‌ پێشه‌كیه‌كه‌ی له‌ شیعری حافز و خیام و گۆته‌ و میلتۆن پێك هاتووه‌. فروغ لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.

ئەحمەد شاملو وتارێکی درێژی لە بارەوە نووسیوە، لە بڕگەی یەکەمدا دەنووسێت: (شیعری فروغ فه‌روخزاد هه‌میشه‌ بۆ من چێژێكی تایبه‌تی بووه‌، دڵگر و جوان بووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاوڵناوه‌ بۆ ده‌ربڕینی چۆنایه‌تی شیعری فروغ به‌س بێت. فروغ تا ئه‌و ئاستە، كه‌ ده‌یناسم و ئه‌و ئیزنه‌ به‌من ده‌درێت له ‌شیعره‌كه‌ی بكۆڵمه‌وه ‌و داوه‌ری بكه‌م، له‌ شیعر(هه‌روا له‌ ژیانیش) شاعیرێكی شوێنگێڕ بوو. ‌من هیچكاتێك له‌ هۆنراوه‌كانی به‌وه‌ نه‌گه‌یشتم تا بزانم ئاخۆ فروغ به‌شتێكی تایبه‌ت گه‌یشتووه‌. هه‌روا كه‌ به‌ڕواڵه‌ت ژیانیشی وا بوو، واته‌ فروغ به‌شوێن شتێكی دیار و تایبه‌ت نه‌بوو. له ‌شیعریشدا ته‌نانه‌ت هیچ كاتێك به‌ شوێن شتێكی تایبه‌ت نه‌بووه‌. ئێستە به‌ئامێری شیعر، فیلم یان هه‌ر ئامێری تردا بێت. من فروغم هه‌میشه‌ به‌م چه‌شنه‌ ده‌ناسی، كه‌ ئه‌رك و په‌یامی خۆی هه‌تا ئاستی شوێنگێڕی بردووه ‌و له‌م ئاستەیش كۆتایی پێداوه‌. هیچ كاتێك نه‌مدی فروغ شتێكی دۆزیبێته‌وه ‌و ئه‌و شته‌ دڵتێری كردبێت.)

سەرچاوە/ النهار



وشە - ژیڤان خۆرانی