سیکۆلاریزم یان عیلمانییەت چییە؟

:: PM:11:31:21/11/2017 ‌
سیكۆلار (Secular) وشەیەكی لاتینیە و لە ڕەهەندی مێژووییدا وەك هەر وشەیەكی تر وەرچەرخان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، هەر بۆیەش لە مانا و چەمكی جۆراوجۆردا بە كار براوە. بەمەیش هەرمانایەكی ئەم وشەیە ئاوێنەی خودی پڕۆسەی مێژووە و ئاماژە بەو هەوڵ و كۆششە دەكات، كە مرۆڤ بۆ هێنانەدی مەدەنیەت داویەتی.

 كەواتە بۆ ئەوەی بە گشتی لە وشەی (سیكۆلاریزم) بگەی، پێویستە بە كورتی مامەڵە لەگەڵ ماناكەیدا بكەی. سەرەتا وشەی (سیكۆلار) بۆ ڕیشەی سیكولوم Speculum دەگەڕێتەوە، وشەیەكی لاتینیە و ژمارە سەت 100 دەگەیەنێت. (سیكۆلار) لەم مانایەدا بەو پڕۆسە ڕووداو و بزووتنەوانە دەگوترێت، كە هەرسەت ساڵ جارێك دووبارە دەبنەوە و كاریگەری بەهێز لەسەر ژیانی مرۆڤ دادەنێن. وشەی (سیكۆلار) لەم چەمكەدا لە سەتەكانی ناوەڕاست بەر لە پەیدابوونی مەسیحیەت بەكار براوە.

بە واتەیەکی تر بریتییە لە بڕوایێ، کە دامەزراوە حکوومییەکان و پیاوانی دەوڵەت، لە دامەزراوە ئاینییەکان و پیاوانی ئایینی جیا دەکاتەوە. ئەم باوڕە ڕاستییەکەی، ڕیشەی لە سەردەمی ڕۆشنبیری ئەورووپا، داکوتاوە. چەمکی وەک، جیایی دین لە سیاسەت، جیایی کڵێسا و حکوومەت لە ئەمەریکا و لائیسیتە لە فەڕەنسا، لەسەر بنەماکانی سێکیولاریزم داڕێژراوە.

بە ئاوڕدانەوە لە پێشكەوتنە بەرچاوەكانی زانستی پزیشكی و تەندروستی، دەزانین، كە تەمەنی مرۆڤی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی پێشكەوتووی سەرمایەداری نزیكەی ٧٥ تا ٨٠ ساڵە و خەڵكێكی كەم زیاتر لە سەت ساڵ (لە ئەڵمانیا نزیكەی لە ٥%) دەژین. تەمەنی مرۆڤەكان لە كۆندا نزیكەی ٢٠ تا ٢٠ ساڵ بووە و هەر بۆیە سەت ساڵ تەمەنی چەند نەوەیەكی دەگرتەخۆ. تەنانەت شۆڕشی گەورەی فەرەنسایی (١٧٨٩)، كە لە سەتەی 18 ڕووی دا، واتە ئەوكاتەی، كە كۆمەڵگەی فەرەنسایی پێی دەنایە قۆناغی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، ئاستی تەمەن لەم وڵاتەدا 29 ساڵ بوو.

بەم شێوەیە سەت ساڵ سام و شكۆی تایبەتی هەبوو. هەر بە پێی ئەم تێڕوانینە بوو، كە پێش پەیدابوونی مەسیحیەت مرۆڤەكان باوەڕییان وابوو، كە زۆربەی ڕووداوەكان لە مێژوودا دووبارە دەبنەوە. هەروەك ساڵانە تووشی بەهار و هاوین و پاییز و زستان دەبینەوە، هەروەها باوەڕییان وابوو، كە لە هەر سەت ساڵدا، زۆربەی كارەسات و ڕووداوە مێژووییەكان دووبارە دەبنەوە، چونكە وەرزەكانی ساڵ بەشێك لە ڕەوتی بوونەوەرەكانیان پێكدەهێنا. 

پاشان كە مەسیحیەت دەركەوت، زۆربەی ئەوانەی كەوتبوونە ژێر كاریگەریی هزری شیلیاستییەوە (Chiliasm us)(2)، وایان بیردەكردەوە، كە هەرسەت ساڵ جارێك جیهان دەكەوێتە بەر تووڕەیی و غەزەبی خواوە و مەسیح یا یەكێ لە یاریدەر دەرانی دەنێرێت، بۆئەوەی بیان گەڕێنێتەوە سەر ڕێی ڕاست و ستەم دیدەكان لە زوڵموزۆر ڕزگار بكات، بە كورتی دەكرێت بڵێین (سیكۆلار) واتە هەموو ئەوكاروبارانەی، كە دەكرێت هەرسەد ساڵ جارێك ڕووبدات و لاسایی نەكردنەوەیان گەرموگوڕی ئەم دیاردەیە بوو، كە دووبارە نە دەبوونەوە، هەروەك ساڵانە بەهار بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پەیدا دەبێت و لە وەرزەكانی تری ساڵدا، بوونی نییە و لاسایی ناكرێتەوە. ئەگەر بمانەوێ هاومانایەكی كوردی بۆ وشەی (سیكۆلار) دابنێین، دەكرێت وشەی (دنیایی) یا (جیهانی) كاڵای بەباڵای ببڕین، واتا سەرچاوە زەوی و مادییەكان پێوەندی بەم جیهانەوە هەیە.

سێکولاریزم یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی دنیای رۆژئاوا. ئاسەوار و توانایی ھەمەلایەنەی سێکولاریزم نەتەنیا جیاوازیی رۆژئاوای ئەوڕۆی لە رۆژئاوای سەتەی ناوەڕاست خستووەتە بەرچاو، بەڵکوو ئەوی لە بواری جیاوازی فەرھەنگییشەوە لەگەڵ شوێنەکانی تری جیھان دەخاتە بەرچاو. رۆژئاوای ئەمڕۆ بە گشتی بەھۆی ڕووداوی ڕەوتی سێکولاریزم بووەتە ئەو رۆژئاوایەی، کە ئێستا ھەیە.

بە باوەڕی ھێندێکان ئەو ھەلومەرجە بەڵگەیەکە بۆ ڕیزگرتن لە سێکولاریزم و بۆ ھێندێکشیان بەڵگەیە بۆ دژایەتی کردنی. بەڵام سێکولاریزم چییە و لە کوێوە ھاتووە؟ بۆچی روانینی سێکولار لە دونیای رۆژئاوادا بووەتە شانازی نە لە جێگەکانی تری دنیادا. 

سێکولاریزم بە گشتی بە مانای بەرھەڵستکاری بۆ خۆتێوەگلانی دین لە تەواوی کاروباری گشتی کۆمەڵگەدا دێت. ئەو بۆچوونە بە گشتی ڕیشەی لە چاخی ڕوونبوونەوەی جەماوەری لە ئەورووپادا ھەیە. چەمکەکانی وەک جیایی دین لە سیاسەت، جیایی کڵێسا لە حکوومەت لە ئەمریکا، لائیسیتە لە فەڕەنسا، لە سەر بنەمای سێکولاریزم دامەزراون.  مەبەست و بەڵگەکان بۆ سەلماندنی سێکولاریزم زۆر بەر بەرینن. لە لائیسیتەدا لە ئەورووپا باسکراوە، کە سیکولاریزم جووڵانەوەیەکە بەرەو مۆدێڕنیتە (نۆژەنکردنەوە) و دووربوونەوە لە بایەخەکانی دینی. 

ھێندێک بەڵگە دەھێننەوە، کە سێکولاریزم لە ئەمەریکا زیاتر خەریکی بەرھەڵستکاری لە تێوەگلانی دین لەحکوومەتدا بووە، بەڵام بە پێچەوانە لە بەستێنی کاری کۆمەڵایەتیدا، کەم کار بووە، لە زۆر وڵاتان جووڵانەوەی ڕامیاری جۆراوجۆری سێکولاریزم بە ھۆگەلی جۆراوجۆر پشتیوانی لێکراوە. وشەی سێکولاریزم بۆ یەکەمین جار لە لایەن نووسەری بەریتانیایی "جۆرج ھالی ئووک" لە ساڵی ١٨٤٦ زایینیدا دەکار براوە. 

ئەو چەمکە نوێ بووە، بەڵام مانای گشتی ئازادی، کە سێکولاریزم لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، بە درێژایی مێژوو ھەر ھەبووە. بیرۆکەکانی سەرەتایی سێکولار دەتوانرێ لەە بەرھەمی (ئەو گەشەیە)ی (ئۆرۆس) دا ببیندریتەوە. ئەو و ڕێڕەوانی مەکتەبی (ئۆرئۆئیسم) باوەڕیان بە جیایی دین لە فەلسەفە بوو.ھالی ئووک بیرۆکەی کە دین وکۆمەڵگا لێک جودا بن، بێ ئەوەی هەولی دابێ ڕەخنە لە بیر و باوەڕی دینی بگرێ. ھالی ئووک لەسەر ئەو باوەڕە بوو، کە سێکولاریزم وەک ڕەوتێکی دژە مەسیحییەت نایەتە کایەوە، بەڵکوو سەربەخۆ دەبێ و سێکولاریزم تەنیا دەپژێتەسەر ئەوە کە تاقە ڕێگەی ڕوون سێکولارە. 

فەلسەفەی سێکولاریزم لە سەر ئەو بناغەیە دانراوە، کە ژیان بە لە بەرچاوگرتنی بایەخەکان ماقووڵە و دنیاش بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگە و مەنتیق و بێ کەڵک وەرگرتن لە واتەکانی وەک خودا یان خوداکان و یان ھەر ھێزێکی تری لەسەرووی سروشت (مێتافیزیکی)، باشتر دەکرێ شرۆڤە بکرێ. لە حکوومەتدا مانای سێکولاریزم، نەبوونی ئاسەواری تیوەگلانی باوەڕ‌گەلی دینی لە کاروباری حکوومەتدا و لە پێشەوەبوونی مافی مرۆڤ لە پێش ھەموو بایەخەکانی بە زەین داھاتووی ھەر دەستە و تاقمێکی ترە. لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە، سێکولاریزم بە ھەر ھەلومەرجێک دەگوترێ، کە تێیدا کۆمەڵگا بایەخەکانی مەزھەوی کەمتر ئاوێتەی ھەڵوێستەکانی بکا و یان ئەوبایەخانە، کەمتر ببنە ھۆی بە دیھێنانی دووبەرکی و ئاژاوە یان بەگژیەکداچوون. وشەی سێکولاریزم لە زمانی لاتینی دا بە مانای (ئەوڕۆیی)، (دنیایی)، (دنیاییانە) و بە پێچەوانەی (دینی) یان (ڕووحانی)یە .

سەرچاوە/ المعرفە 



وشە - ژیڤان خۆرانی