دوای فرۆشتنی كێشەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند چی بەسەر دێت؟

:: PM:05:57:22/11/2017 ‌

دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە كردنەوەی پڕۆژەی گەشتیاری "چاڤی لاند", تەنیا دووجار پارەی خاوەن پشكەكانی ئەو پڕۆژەیە دراوە كە خاوەنی نۆ هەزار پشكە, لەو كاتەی خاوەنی پڕۆژەكە فرۆشتنی پڕۆژەكەی راگەیاند.

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٣، پڕۆژەی چاڤی لاند بە ڕووی گەشتیاران كرایەوە و لە شەش مانگی كۆتایی هەمان ساڵدا، قازانج بەسەر خاوەن پشكەكان دابەش كرا كە بۆ هەر یەك ملیۆن دینار ٢٥ هەزار دابەش كرا.

لە دوای ئەوە پڕۆژەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ، واتە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ قازانجی بەسەر خاوەن پشكەكان دابەش نەكرد بە بیانووی ئەوەی تەنگژەی دارایی بووە و قازانجی نەكردووە. بۆ ساڵی ٢٠١٦  پڕۆژەكە بریاری دا قازانج بەبڕی 8% بەسەر خاوەن پشكەكان دابەش بكات، لەو ڕێژەیەش لە 5%ی پارە و 3% كارتی چوونەژوورەوەی ناو پڕۆژەكە بوو.

جەمال رەشید, پارێزەری خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند بە "وشە"ی راگەیاند, بە پێی یاسا خاوەنی گەورەترین پشك یان خاوەنی پڕۆژەكە دەتوانێت كڕین و فرۆشتن بە پڕۆژەكەوە بكات بەبێ گەڕانەوە بۆ خاوەن پشكەكانی تر. 

روونی كردەوە، ئەو كێشەی لە نێوان خاوەن پشكەكان و ئیدارەی چاڤی لاندەوە هەیە وەك خۆی دەمێنێتەوە و ئەوان هیچ سوودمەند نابن لەو فرۆشتنە، چونكە خاوەنداری لە شاسوارەوە بۆ كەسێكی كە دەگوازرێتەوە هیچ گۆڕانكاری روو نادات.

رەشید زیاتر گوتی, خاوەن پشكەكان كە پشكیان لەو پڕۆژە هەیە، بەشێكن لەو پڕۆژەیە و نازانن ئەو پڕۆژە بەكێ فرۆشراوە و كێ دەیكڕێت، ئایا كۆمپانیایە یان كەسی بازرگانە دەبێتە شەریكە بەشیان؟

لەبارەی كێشەكەی ئیدارەی چاڤی لاند و خاوەن پشكەكانییەوە كە ئێستە لە دادگای سلێمانییە ئەو پارێزەرە ئاماژەی كرد، كەیسەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە، چونكە سكاڵای ئێمە لەسەر پڕۆژەكەیە ئیتر هەر كەس خاوەنی بێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل