هونەرمەندی ناودارى میللی كورد "ئاوات بۆکانی" له ڕێگەى پێگهى تایبهتی خۆى به شێوهى ڤیدیۆ له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك ڕوونکردنەوەیەك دەدات سەبارەت بەو پارچە ڤیدیۆیەی بڵاوبوویەوە له چهند ڕۆژى ڕابردوودا، كه تیایدا ئایەتێکی قورئان دەخوێنێت به دهنگێكى زۆر خۆش و ئهوه بڵاو كرایهوه كه وازى له گۆرانى هێناوه به یهكجارى.
هونەرمەندی ناودارى میللی ئاوات بۆکانی له ڕوونكردنهوهكهدا دهڵێت: "ئەو ڤیدیۆیەی تیایدا قورئان دەخوێنم وەك سەلماندنێك بووە بۆ چەند کەسێك تا بڕوا بکەن ئاوات بۆکانی نوێژ دەکات و لە ڕابردوودا قورئان خوێن بووە، و نیازی ئەوەی نییە واز لە بەندبێژی بهێنێت".
زیاتر دهڵێت: "پێش گرتنی ئەو ڤیدیۆیە من لەگەڵ هاوڕێیەکمدا باسی نوێژ و خودا پەرستیم دەکرد، و پێم گوت کە من نوێژ دەکەم و پێشتریش قورئانم خوێندووە، ئەویش داوایکرد تا ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی بۆ بخوێنم، بۆیە بە کوورتی ئەو ئایەتەم خوێند و پێشم گوت کە بە تەواوەتی لەبیرم نەماوە".
ئاماژەی بەوه كردووه كه خوێندنی ئەو ئایەتە قورئانییە و بڵاوبوونەوەی ئەو پارچە ڤیدیۆیە هیچ پێوەندیی نییە بە گۆرانییەکانمەوە و بەردەوام دەبم لە گۆرانی گوتن وەك گۆرانی بێژێکی میللی و له خزمهتى كورد و هونهرى كوردى بهردهوام دهبم.
ئاوات سابیر بۆکانی 27 ی نیسانی 1987 لە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 2005 ەوە، لە باشووری کوردستان دەژی، لە ساڵی 2011 ەوە خاوەنی تیپی مۆسیقای تایبەت بە خۆیەتی و گۆرانیبێژ و بەندبێژە و دانیشتن دەکات، لەناو هەوادارانیدا بە "ئیمپراتۆری میللی" ناسراوە، ههوادارێكى یهكجار زۆرى ههیه له باشوور و ڕۆژههڵاتى و ڕهوهندى كوردى.