حزبی دەعوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عێراق ناكات

:: PM:08:17:13/01/2018 ‌

دوای دروستبوونی كێشەیەك لە نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نووری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق، كە هەردووكیان سەر بە حزبی دەعوەن بە ئامادە نەبوونیان بۆ بەشداریكردن لە لیستێكی هەڵبژاردن، سەرانی حزبی دەعوەی ئیسلامی بڕیاریان دا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پاشەكشە بكەن لە هەڵبژاردنەكان.

بڕیارە لە 12ی ئایاری ئەمساڵ هەردوو هەڵبژاردنی گشتیی و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەیەكەوە ئەنجام بدرێن و ئێستەیش جموجۆڵێكی بەرچاو لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەیە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی هەڵبژاردن كە هەر پێكهاتەیەكی عێراق بەچەند لیستێكەوە چوونەتە ناو كێبەركێكان. 

بە پێی بەیاننامەیەكی حزبی دەعوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو سەركردەكانی حزبی دەعوە بە ئامادەبوونی نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی كۆبوونەتەوە و ژمارەیەك بڕیاری گرنگیان دەركردووە بۆ بەرژەوەندی حزبەكە و یەكڕیزییەكەیەوە، هاوكات داوایەكیان پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە.

بەیاننامەكە ئاماژە دەكات كە حزبی دەعوە بەو ناونیشانەی ئێستەی وەك حزبێكی سیاسی ناچێتە ناو هاوپەیمانیەتی سیاسی و هەڵبژاردن كە لەلایەن فەرمانگەی پارتەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تۆمار كراون و بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ساڵی 2018. 

زیاتر هاتووە، ئەندامانی پارتەكە بە جیاوازی ئاستەكانیان ئازادی تەواویان هەیە بۆ بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنانە بەناونیشانی كەسیی خۆیان نەوەك حزبی و خۆكاندیدكردن لەهەر لیست و هاوپەیمانیەتییەكی تر، هەروەها بڕیار درا بە سازكردنی دیدارێكی رێكخستن و پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو لیستی عەبادی و مالیكی و چەند بڕیارێكی تریش كە دواتر ئاشكرا دەكرێن.

سەرچاوە: فورات نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل