ئێل جی مۆبایلێكی سێ شاشەیی بەرهەم دێنێت

:: PM:01:24:15/02/2018 ‌

پێگەیەكی تەكنەلۆجیا بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای ئێل جی خەریكی پەرەپێدانی مۆبایلێكی زیرەكە كە تایبەتمەندیی زۆر ناوازەی تێدا دانراوە و سەیرترین تایبەتمەندیش ئەوەیە، مۆبایلە سێ شاشەی هەیە، ئەمەیش لە كاتێكدایە زۆربەی مۆبایلە زیرەكەكان تەنیا شاشەیەكیان هەیە.

میدیاكانی تایبەت بە بواری تەكنەلۆجیا بڵاویان كردەوە، ئێل جی بە وردی خەریكی ئەو بیرۆكەیە و دەیەوێ لە داهاتوویەكی نزیك بە مۆبایلێكی سێ شاشەیی سەرنجی دنیا بەلای خۆیەوە ڕابكێشێت، ئەم هەنگاوەی ئێل جی، بۆ ئەوەی مۆبایلێك دروست بكات كە بە ئاسایی بچەمێتەوە و بەهیچ شێوەیەك نەشكێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە پشتر لە 2014 ئەو بەرهەمە فیكرییە بەناوی كۆمپانیای ئەپڵەوە تۆمار كراوە.

دوای ئەوەی ئەپڵ تا ئێستە ئەو بەرهەمە فیكرییەی نەخستە بواری كردارییەوە، كۆمپانیای ئێل جی بە نیازە بە مۆبایلێكی سێ شاشەیی، ئەو داهێنانە لە مۆبایلەكانی ئەنجام بدات، كە سەرەڕای چەمانەوەیشی بە هیچ شێوەیەك ناشكێت، هاوكات دەشتوانرێ مۆبایلەكە وەك كۆمپیوتەرێك و تابڵێتێكی بچووكی لێ بكرێت.

بیرۆكەی مۆبایلی زیاتر لە شاشەیەك پێشتر هەریەك لە كۆمپانیاكانی سامسۆنگ و نۆكیا هەوڵیان بۆی دا، بەڵام تا ئێستە بەرهەمی لەوجۆرەیان نەخستووەتە بازاڕەوە، بەڵام كۆمپانیای "زێت تی ئی" چینی توانی بۆ یەكەمجار لە كۆتای ساڵی ڕابردوو مۆبایلی "Axon M" بە دوو شاشەوە بخاتە بازاڕەكانەوە كە دەتوانرێ هاوشێوەی تابڵێتێكی لێ بكرێت.

سەرچاوە/RT




وشە - باز ئه‌حمه‌د