له‌تبوون له‌ناو گۆڕان ڕووی دا
په‌رله‌مانتارێك چووه‌ لیسته‌كه‌ی عه‌بادی و یه‌كێكی تریش به‌دوای دا ده‌ڕوات

:: AM:09:01:18/02/2018 ‌


پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان دووپات لەوە دەكاتەوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كە لە 12 ئایار/مایۆ ئەنجام دەدرێ، دەسبەرداری بزووتنەوەی گۆڕان دەبێ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق كاندید دەكات، ئەمەیش لەكاتێكدایە عەبادی فەرمانی هێرشكردنە سەر كوردستانی دا و تا ئێستەیش یاری بە مووچەخۆرانی كوردستان دەكات و ڕۆژێك دەڵێ مووچە دەنێرم و ڕۆژی دواتر دەڵێ ناینێرین، كەچی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە چوارچێوەی لیستەی خۆی كاندید دەكات و دەبێتە پەرلەمانتاری ئەوانەی بڕیاری پەلاماری كوردستانیان دا.

سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "بغداد الیوم"ی ڕاگەیاند، بابەتەكە یەكلا بووەتەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسر لە پارێزگای بەغدا خۆم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید دەكەم، ئەو كارەیشم نامەیەكە بۆ هەموو كۆمەڵگەی عێراقی، كە ئێمە یەك گەل و یەك خاكین و هاوپەیمانیی نەسریش لیستێكی دوور لە بنەمای نەتەوەیی و مەزەوییە.

زیاتر گوتی، پڕۆژەی نیشتمانی پێویستی بە خۆ تەرخانكردن هەیە و لەو بڕوایەم پڕۆژەی عەبادی، پڕۆژەیەكی تەواو نیشتمانییە، بۆیە بڕیارم دا لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە نیشتمانییە خۆم كاندید بكەم بۆ خولی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

پێشتر سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نەسر كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە پەرلەمانتاری گۆڕان "سروە عەبدولواحید" لە چوارچێوەی لیستی نەسر یەكێك دەبێ لە كاندیدەكان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان.

ئەو سەرچاوەی هاوپەیمانی نەسر گوتی، تا ئێستەیش سروە عەبدولواحید بەشێكە و كاندیدی هاوپەیمانی نەسرە، بەڵام ئەمە لەلایەن زۆربەی سەركردەكانی هاوپەیمانییەكە ڕەت كراوەتەوە، چونكە سروە دەیەوێ لە بازنەی هەڵبژاردنی بەغدا خۆی كاندید بكات، بەڵام بەرپرسانی هاوپەیمانی نەسر دەخوازن لە بازنەی سلێمانی ببێتە كاندید، بۆیە زۆربەی سەركردەكانی هاوپەیمانی نەسر بە وریایییەوە مامەڵە لەگەڵ كاندیدبوونی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسر دەكەن.

زیاتر گوتی، جموجۆڵ هەیە كە پەرلەمانتاری تری گۆڕان "مەسعوود حەیدەر" كە ڕۆژانی ڕابردوو دەستی لە بزووتنەوەی گۆڕان كێشایەوە و دووپاتی لەوە كردەوە لەسەر لیستی بزووتنەوەكە خۆی كاندید ناكاتەوە و تا ئێستەیش پرسی خۆكاندیدكردن و نەكردنەوەی یەكلا نەبووەتەوە، بۆیە ئێستە بەشێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی نەسر لە جموجۆڵی ورددان و دەیانەوێ مەسعوود حەیدەری پەرلەمانتاری گۆڕانیش ببێتە كاندیدی هاوپەیمانی نەسر لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی، بەڵام تا ئێستەیش ئەو پرسە یەكلا نەبووەتەوە.

سێشەمی ڕابردوو سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان كشانەوەی خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێك بۆ دەست لەكاركێشانەوە لە بزووتنەوە بخاتە ڕوو و زانیاری لەبارەی خۆ كاندیدكردنەوەی لە چوارچێوەی هەر لیستێكی تر ڕابگەیەنێت.

سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی كۆمپانیای نالیایه، براكەیشی لە چوارچێوەی لیستی نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، پێشتر سروەی پەرلەمانتاری گۆڕان لە چوارچێوەی دیدارێكی لەگەڵ كەناڵێكی عەرەبی هێرشی توندی كردە سەر پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان لەو كەناڵە عێراقییە، كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگەی بە "لەشفرۆش" و "سواڵكەر" ناو برد، ئەمەیش لەلایەن پێشمەرگەی كوردستان و تەواوی خەڵكی كوردستان بە توندی سەركۆنە كرا و خۆپێشاندانی گەورە دژی ئەو هەڵوێستەی ناوبراو ساز كرا، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان هەرچەندە دووپات لە پیرۆزی پێشمەرگە دەكاتەوە و ڕێكخەری پێشوو و ئێستەیشی پێشتر پێشمەرگە بوون، بەڵام هیچ لێپرسینەوە و ڕێوشوێنێكیان بەرانبەر بەو سووكایەتییەی پەرلەمانتاری لیستەكەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەگرتەبەر.

سروە لە دایكبووی شاری سلێمانییە و لە ساڵی 1996 لە ڕۆژنامەی "الاتحاد"ی زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەستی بە كاری ڕۆژنامەوانی كردووە، دواتر كۆلێژی ئاداب بەشی عەرەبی تەواو كردووە و ماوەی چوار ساڵ وەك مامۆستا وانەبێژ بووە، پێشتر لە ڕیزەكانی یەكێتی بووە، بەڵام دواتر لە میدیا بیانییەكان وەك ڕۆژنامەوان كاری كردووە، پاش دامەزراندنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن براكەیەوە، كراوەتە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری ئێن ئاڕ تی، لە 2014 لەسەر لیستی گۆڕان كاندیدی هەڵبژاردن بووە و وەك یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكان چووەتە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی چوار ساڵی ڕابردوویش زۆرترین لێدوانی دژی مافەكانی گەلی كوردستان و خەڵك و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكان داوە، بە تەواویش لێدوانەكانی خزمەت بوون بەرانبەر بەو ڕەوتە شۆڤێنییەی لە بەغدا دژی هەموو مافێكی خەڵكی كوردستانن، ئەمیش بۆ خۆبردنە پێشەوە و كاندیدكردنی لەسەر لیستی ئەوانەی دژایەتی كوردستان دەكەن، لەو كارانەی بەردەوام بوو، ئێستەیش بەرهەمی دەچنێتەوە و دەچێتە ڕیزی عەبادی كە بڕیاری هێرشكردنە سەر كوردستانی دا و ڕۆژێك مووچە دەنێرێت و ڕۆژی دواتر لێی پەشیمان دەبێتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د