پەرلەمانتارێكی یەكێتی: بڕوای ئەوەمان بۆ دروست بووە كشانەوە لە بەغدا چارەسەرە

:: PM:05:05:21/02/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، كورد تەنیا بۆ شەڕی بەرگریكردن لە بودجە لەبەغدا ماوەتەوە و حكوومەتی عێراق و سەرۆكی حكوومەتەكە یاری بەكات دەكەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 21ی شوبات، فەرهاد قادر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بێ متمانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە و كورد بڕوای ئەوەی بۆ دروست بووە كە كشانەوە لە بەغدا چارەسەرە، بەڵام مانەوەی كورد تا ئێستە بۆ بەرگرییە لە تێپەڕاندنی بودجە و مافی كوردستان.
 
زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق و سەرۆكی حكوومەتەكە یاری بەكات دەكەن و بەڵێنەكانیان بەرانبەر بە كورد جێبەجێ‌ نەكردووە لەكاتێكدا دەبوایە بەر لە چەند مانگێك مووچەی چەند وەزارەتێكی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەیشكرد كە بڕیاری كۆتایی بۆ كشانەوە لە بەغدا رێككەوتنی تەواوی لیستەكان و لایەنە سیاسییەكانی دەوێت، بەڵام قۆناغی یەكەممان دەست پێ كردووە كە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقمان كردووە.

فەرهاد قادر دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیاز پاكی خۆی هەمیشە بەرانبەر بە بەغدا دەربڕیوە، بەڵام بەغدا هەنگاوی ڕژد بۆ چارەسەری كێشەكان نانێت.

لەدوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەغدا بە سەتان پێشێلكاری بەرانبەر بە كوردستان ئەنجامداوە، جگە لە قسە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ بەڵێنێكی لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و چارەسەری كێشەكان جێبەجێ‌ نەكردووە، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بهێڵێتەوە ڕەنگە كورد بڕیارە گەورەكەی كە كشانەوەیە لە بەغدا بدات.

گەرمیان / سەبری هۆرینی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم