ریال مەدرید ریزبەندی سێیەمی خولی ئیسپانیای لە ڤالێنسیا سەندەوە
دوێنێ چوارشەم یانەی ریال مەدرید یارییە دواخراوەكەی لە گەڕی 16ی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیگانیس ئەنجام دا و بەسەركەوتن خانەیەكی تر هاتە پێشەوەی یانەكان.
یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی دی پۆتاركی بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە.
گۆڵی یەكەمی یارییەكە لەلایەن یانەی لیگانیس لە خولەكی 6 لە رێگەی ئۆنای بۆستێنزا بەرگریكار تۆمار كرا، هەر لەو گێمەدا یانەی ریال مەدرید 2 گۆڵی لە رێگەی یاریزانان لوكاس ڤاسكێز لە خولەكی 11 و كاسیمێرۆ لە خولەكی 29 تۆمار كردەوە.
لە گێمی دووەمیشدا بەر لە تەواوبوونی یارییەكە لە خولەكی 90 سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدرید گۆڵی سێیەم یانەكەی تۆمار كرد.
بەم سەركەوتنە یانەی ریال مەدرید ژمارەی خاڵەكانی بۆ 48 بەرز كردەوە و بە 2 خاڵ پێش یانەی ڤالێنسیا كەوتەوە و هاتە ریزبەندی سێیەمی یانەكان، یانەكە ئێستا جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ریزبەندی دووەم 7 خاڵە و لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگیش 14 خاڵە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم