سه‌رۆكى یه‌كێتیى وه‌به‌رهێنه‌رانى عه‌ره‌ب ئاشكراى ده‌كات، مانگى داهاتوو له باره‌گاى كۆمكاری عه‌ره‌بى كۆنگره‌یه‌ك بۆ ئاودانكردنه‌وه‌ى عێراق ده‌كرێت.
دوێنێ هه‌ینى هودا یه‌سى سه‌رۆكى یه‌كێتیى وه‌به‌رهێنه‌رانى عه‌ره‌ب له میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كرد، له مانگى داهاتوو له باره‌گاى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى له قاهیره كۆنگره‌یه‌كى گه‌وره بۆ ئاودانكردنه‌وه‌ى عێراق ئه‌نجام ده‌درێت.
هه‌ر له‌م مانگه‌دا له 12 – 15 له كوێت كۆنگره‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ ئاوادانكردنه‌وه‌ى عێراق به‌ڕێوه چوو كه له‌سه‌ر ئاستى دنیا وڵاتان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شدارییان تێدا كرد.
به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كۆنگره‌كه‌ى مانگى داهاتوو زیاتر له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى عه‌ره‌بى و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌بێت. هودا یه‌سى سه‌رۆكى یه‌كێتیى وه‌به‌رهێنه‌رانى عه‌ره‌ب ورده‌كاریى زیاتر له باره‌ى كۆنگره ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، له نمایشكردنێكدا به‌شێكى تایبه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانى عێراق ده‌كرێته‌وه، تانه‌نه‌ت پڕۆژه‌ى بچووك و مامناوه‌ندى وه‌به‌رهێنان ده‌خرێته ڕوو.
حه‌بیب سه‌در باڵوێزى عێراق له قاهیره كه نوێنه‌رى عێراقیشه له كۆمكاریى عه‌ره‌بى ده‌ڵێ، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت میسڕ زۆر به هێزه‌وه به‌شداریى له ئاوادانكردنه‌وه‌ى عێراق بكات، به تایبه‌ت له ڕووى بازرگانى و وه‌به‌رهێنانه‌وه میسر ئاماده‌یى له عێراق هه‌یه و ته‌نیا له‌ساڵى رابردوودا قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له نێوان میسر و عێراق گه‌یشتووه‌ته ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلار.
دواى نزیكه‌ى چوار ساڵ له شه‌ڕى دژ به داعش، عێراق تووشى وێرانكارییه‌كى زۆر بووه، به پێى هه‌ندێك خه‌مڵاندن پێویستى به 100 ملیار دۆلاره بۆ ئاودانكردنه‌وه‌ى شاره‌كانى.