چەكدارە بیانییە گیراوەكانی داعش چییان بەسەر دێ لە عێراق و سووریا؟

:: PM:12:03:24/02/2018 ‌

كوردانی عێراق و سووریا، هەریەك لە بەغدا و هێزەكانی تری ناو سووریا ژمارەیەكی زۆری چەكدارە بیانییەكانی داعشیان وەك دیل لەكاتی شەڕەكاندا گرتووە، بەڵام تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوو بەغدا بۆ یەكەمجار دادگایی یەكێك لە تیرۆریستە بیانییەكانی كرد و بڕیارە بیگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی یەكەمی خۆی.

لە دووشەمی ڕابردوو دادگای بەغدا بڕیاری سەپاندنی سزای حەوت مانگ بەندكردنی بەسەر "میلینا بۆگدێر" دەركرد، كە ژنێكی ڕیزی داعشە و بە ڕەگەز خەڵكی فڕەنسایە، دەسەڵاتدارانی بەغدا بە تۆمەتی هاتنە ناوەوەی عێراق بەشێوەیەكی نایاسایی و پێوەندیكردن بە تیرۆریستانی داعشەوە حەوت مانگ سزایان بۆ دەركردووە و حوكمی مامەڵەكردنیشی لەگەڵ تیرۆریستان بە وڵاتی خۆی دەدەنەوە.

ئەو ژنە تیرۆریستە فڕەنسییە تەمەنی 27 ساڵە و یەكێكە لە هەزاران چەكداری گیراوی تری داعش كە خەڵكی وڵاتانی ترن، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری تیرۆریستانیان كردووە و نازانرێ تا ئێستە چارەنووسیان چی دەبێ و چییان بەسەردا دەهێنرێت.

تەنیا لە عێراق 560 ژن و 600 منداڵی داعشەكان گیراون، زۆریان چەكدار بوون، یان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی چەكدارانی داعشیان كردووە لە شەڕەكان، بەغدا نایەوێ لەسەر پرسی تیرۆر خۆی دادگایییان بكات و بیانخاتە گرتووخانەكانەوە و سەدان هەزار دۆلاریان لێ خەرج بكات، بەڵكو دەیەوێ زۆریان ڕەوانەی وڵاتی خۆیان بكاتەوە، لەوێ سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.

بەڵام ئەوانەی تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، لە ماوەی ڕابردوو دادگای عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دوو لەو تیرۆریستانە دەركرد، كە هەردووكیان ژن بوون، یەكێكان ئەڵمانی و ئەوەی تریش تورك بوو، كە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە بە دیل هاتوونەتە گرتن.

تا ئێستە فڕەنسا لەسەر ئەو ژنەی بەغدا كە دەیەوێ ڕەوانەی وڵاتەكەی بكاتەوە، هیچ هەڵوێستێكی ڕانەگەیاندووە، ئاخۆ ئەو ژنە وەردەگرێتەوە یان ئامادە نییە وەری بگرێتەوە، خێزانەكەی و پارێزەرانیش داوا لە فڕەنسا دەكەن، دووبارە وەری بگرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە وڵاتەكە.

پاریس دووپاتی كردەوە، كە ئەوان دەستوەرنادەنە كاروباری دادگاییكردنی چەكدارە بیانییەكان، تەنیا لەوكاتە نەبێ كە حوكمی لە سێدارەدان بەسەر چەكدارە بە ڕەگەز فڕەنسییەكان دەربكرێ، ئەوا دێنە دەنگ و بەرگری لێ دەكەن، هاووڵاتیی فڕەنسی هەر تاوانێكی كردبێ، نامانەوێ لەسێدارە بدرێت، بەڵام ئەم داوایەی فڕەنسا لە كاتێكدایە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین حاڵەتی لەسێدارەدانی لێ تۆمار دەكرێت.

زۆر لە وڵاتانی دنیا بە تایبەتی ئەوروپا تووشی شەپۆلێكی گەورەی توندڕۆیی و هێرشی تیرۆریستان بوونەتەوە، ئەمەیش ڕای گشتی ئەو وڵاتانەی هێناوەتە سەر خەت و ئەوان نایانەوێت بەهیچ شێوەیەك ئەوانەی چوونەتە ڕیزی داعشەوە و خەڵكی وڵاتی ئەوانن، بۆ خاكەكەیان بگەڕێنەوه، بەهەموو شێوەیەكیش دژایەتی گەڕانەوەی هەر چەكدارێكی بیانی بۆ وڵاتی یەكەمی خۆیان دەكەن.

عەبدولستار بەیرەقدار گوتەبێژ بەناوی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لەوبارەوە گوتی، ئەو كەسانە بكوژن، هەروەها هاوكاریی تیرۆریستانیان كردووە و تاوانی جەنگیان لەسەر خاكی عێراق ئەنجام داوە، یاساكانی عێراق زۆر توند دەبێ بەرانبەریان.

هاوكات ریدور خەلیل بەرپرسێكی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەڵێ، ئێمەیش هەزاران چەكداری بیانیمان گرتووە و تا ئێستەیش لە گرتووخانەكانن، دەمانەوێ لە دادگایییەكی ئاشكرا و پشتبەستن بە یاساكان، ئەو تیرۆریستە بیانییانە لە وڵاتانی خۆیان دادگایی بكرێن، چونكە ئێمە گرتووخانەی گونجاو و گەورەمان نییە، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە و ئێمەیش ڕادەستی وڵاتانی خۆیانیان دەكەینەوە.

رێكخراوی تیرۆریستی داعش دوای كوشتنی ئەبو موسعەب زەرقاوی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی تاڵیبان لە عێراق و پەرتبوونی ئەندامی قاعیدە لە عێراق و گرتنی زۆربەیان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا و بەندكردنیان لە زیندانی بووكا و دواتر راكردن و دەربازبوونیان، زۆرینەیان روویان كردە وڵاتی سووریا و لەوێ دەستیان بەكاری رێكخستن و كۆكردنەوەی تیرۆریستان كرد، دوای دەستپێكردنی ئاڵۆزییەكانی لە وڵاتی سووریا لە ئەنجامی درێژبوونەوەی بەهاری عەرەبی و داپۆشینی سووریاش، ئەو رێكخراوە دەستیان بە جموجۆڵ كرد و توانییان سێیەكی خاكی سووریا كۆنتڕۆڵ بكەن، لە رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 ئەوان لە سووریاوە پەڕینەوە عێراق و پاش راكردنی سێ فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و دەیان هەزار ئەندامی هێزەكانی پۆلیسی مووسڵ، توانییان شاری مووسڵی دووەم گەورە شاری عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن و دواتریش پێشڕەوییان كرد بۆ ناوچەكانی باشووری كەركووك و پارێزگەی سەڵاحەدین و ئەنبار و بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگەی دیالە و توانییان رووبەرێكی فرەوانی خاكی عێراقیش داگیر بكەن، لە مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014 دوای ئەوەی داعش بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان پێشڕەوی كرد و هەردوو شارۆكەی مەخموور و شارەدێی گوێڕی كۆنتڕۆڵ كرد كە نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورن، هێزەكانی ئاسمانی ئەمەریكا لەسەر فەرمانی سەرۆكی ئەمەریكا راستەوخۆ بەشدارییان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش كرد و دەستیان بە بۆردمانی تیرۆریستان كرد و دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا پێكهێنرا كە زیاتر لە 60 وڵاتی دنیا بە فڕۆكە و چەك و مەشق و راهێنانی هێزەكانی ناوچەكە بەشدارن.

سەرچاوە/ straitstimes



وشە - باز ئه‌حمه‌د