پیاوێك لە هەولێر لەبەر كچێكی تورك خێزانەكەی جێدەهێڵێت

:: PM:10:07:12/03/2018 ‌
ژنێك لە هەولێر دوای ئەوەی بەبێ ڕەزامەندی ماڵی باوكی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەكات و دەبێت بەخاوەنی دوو منداڵ، هاوسەرەكەی لەگەڵ كچێكی تردا كە خەڵكی وڵاتی توركیایە هاوسەرگیری دەكات و منداڵەكان و خێزانەكەیشی جێدەهێلێت، ئێستە ئەو ژنە دوور لە كەس وكاری خۆی و هاوسەرەكەی بە تەنیا لەگەڵ منداڵەكانی دەژیت و دەڵیت هەموو ژیانی دەكاتە قوربانی بۆ منداڵەكانی.

"شەونم" نایەوێت بەناوی خوازراوە چیرۆكی ژیانی بنووسرێتەوە، ئەو دەڵێت "من هیچ هەڵەیەكم نەكردووە هییشم نییە لێێ بترسێم تا بەناوی خوازراو باسی چیرۆكی ژیانم بكەم، ئەوەی دەبیت بترسێ و شەرم دایبگرێت باوكی منداڵەكانم  و ماڵێ باوكم و ماڵی غەزوورمە، من ژنێكم پیاوێكم خۆشویست هەموو هەوڵێكم دا ببێت بو بەكەسێكی نمونەیی، بەڵام من دروستم كرد و كەسیكی تر بردی، ماڵ باوكم و غەزوریشم لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتیان نییە من  و دوومنداڵیان وێڵكردووە نازانم بە چی تاوان بارم دەكەن".

شەونم پیشەی مامۆستایە و لەماڵەكەی خۆشیدا كاری دوورمانی دەكات، ئەو دەڵێت شەو ڕۆژ دەخاتە سەریەك بۆ ئەوەی منداڵەكانی پێویستیان  بە هاوكاری كەس نەبێت، ئەو دوای ئەوەی هاوسەرەكەی جێێ دەهێڵێت ماڵی غەزوریشی پێوەندی لەگەڵ دەپچڕێنن ماڵی باوكیشی لە دوای هاوسەرگیریەكەیەوە بە بیانووی ئەوەی كوڕەكەیان بەدڵ نەبووە پێوەندیان لەگەڵ پچڕاندووە.

باوكی منداڵەكانی لە وڵاتی توركیا هاوسەرگیری لەگەڵ خۆسەویستەكەی كردووە كە دوای ئەوەی بووە بە باوكی دوو منداڵ پێوەندی لەگەڵ داناوە، شەونم و منداڵەكانیشی لە هەولێر دەژین، ئەو چیرۆكی ژیانی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، سێ ساڵ هیچ نەما نەیكات بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بكەین كاتێك هاوسەرگیریم لەگەڵ كردوو حاشام لەماڵی باوكم كرد دوای پێنج ساڵ هیچ حیسابێكی بۆ نەكردم و لە بێكەسیدا بۆ كچێكی تر جێی هێشتم.

"ماڵی باوكم ڕازی نەبوون، زۆر ئامۆژگاریان كردم هاوسەرگیری لەگەڵ نەكەم براكانم زۆر ئاگەداریان كردمەوە بەڵگەی زۆریان بۆ هێنام كە پێشتر ئازاد پێوەندی لەگەڵ چەند كچ و ژن هەبووە و هەریەكەیانی بەشێوەیەك تووشی كێشە كردووە، بەڵام من گوێم بەو قسانە نەداو پێداگربووم لەسەر ئەوەی من لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا كە پێوەندیم لەگەڵی هەبووە توانیومە بیگۆڕم و بیكەم بە كەسێكی تر، بەڵام لە كۆتای بۆم دەركەوت پیسی كاتێك ناخی مرڤ داگیر دەكات قەت پاك نابێتەوە" شەونم وای گوت.

شەونم حاشا لەمالی باوكی دەكات و هاوسەرگیری لەگەڵ ئازاد دەكات ، وەك خۆی باسی دەكات ژیانیان زۆر بێ كێشە بووە، هەمیشە خۆیانی بە بەختەوەرترین خێزان زانیوە، ئەو ئاماژە بەوەدەكات، ماوەی پێنج ساڵ ئازاد شوێنی هەموو كەسی بۆ پڕ كردووەتەوە، بەڵام لەدوای ئەو ماوەیە توشی شۆكی كردووە بەشێوەیەك ناتوانێت تا ئێستەش لەو شۆكە دەربێت.

كاتێك ئازاد بەناوی گەشتەوە دەچێتە توركیاو لەوێ ناگەڕێتەوە و پێی دەڵێت، دەبێت جیا ببیەوە، چونكە ماوەی دوو ساڵە پێوەندی لەگەڵ ئەو كچەدا هەیە و هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، شەونم دەڵێت، ئەگەر ڕۆژێك بەخەو ئەوەی بەسەرم هاتبایە پێدەكەنیم و دەمگوت ناخەومەوە بۆ ئەوەی خەوی لەو شیوەیە بێمانایە نەبینم، بەڵام ئەوە خەو نەبوو مێردەكەی من زۆر بەبێ شەرمی پێی گوتم" كاتێك لەو دووساڵە سێكسم لەگەڵ تۆ دەكرد بە خەیاڵی ئەو بووە".

شەونم دەڵێت، كاتێك ئەو ناپاكییانەی بە دەمی خۆی پێوتم خۆم چوومە دادگاو داوای جیابوونەوەم كرد، كۆتایم بەو هەموو ناپاكییە هێنا، ئێستە ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچە كردووە و هاوڕێكانی دەڵێن بەتەمان لە توركیا بڕۆن بەرە و كەنەدا.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت، بۆ من گرنگ نییە بچنە هەركوێ ، من داومەتە دەست خوا دەزانم خوا حەقی من و ئەو دوو منداڵەی لێدەكاتەوە، لەڕاستیدا هەر ئەو نا من ماڵی باوكم و باوكی ئەویشم داوەتە دەست خوا، من پێوستیم بەئەوان نییە، بەڵام منداڵەكانم هەست بە بێ كەسی دەكەن هەرچەند من هەموو شتێكیان بۆ بكەم، بەڵام نازانم لەناو ئەو هەموو نامرۆڤایەتیدا خۆم و منداڵەكانم چۆن ڕابێنم كاتێك لەو كەسانەی لە گۆشت و خوێنمن چاكەیەك نابینم چاوەڕێی چی لە بێ گانە بكەم.


هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم