پێوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا لە تەرازوودا

:: PM:05:51:14/03/2018 ‌

توركیا و ئەمەریكا لەناو هاوپەیمانیی باكوری ئەتڵەسیدا هاوپەیمانن و توركیا لە مێژوودا و بە بەردەوام یەكێك بووە لەو وڵاتانەی كە بەتەواوەتی پشتی بە ئەمەریكا بەستووە، بەڵام زۆرجار بەهۆی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانیان نێوانیان ئاڵۆزی و ناكۆكی تێكەوتووە وەك ئەوەی ئێستە لە پرسەكانی گوڵەن و لە سووریا لە بەرانبەر كورد لەو وڵاتە ناكۆكیان هەیە، دیدی بیلیۆن، شرۆڤەكاری فرەنسایی و یاریدەری بەڕێوەبەری پەیمانگەی پێوەندییەكانی نێودەوڵەتی و ستراتیجی لە پاریس لەو بارەوە و لەژێر ناونیشانی سەرەوەدا تیشك دەخاتە بنەمای پێوەندییەكانی هەردوو وڵات. 

ئەو لە بەشێكی نووسینەكەیدا دەڵێت، پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت، كە لە مانگەكانی دواییدا بابەتەكانی ئەو ئاڵۆزبوونە بوون بە چەندانێك بەهۆی ئەوەی هەستی نەتەواویەتی لە توركیا كە حكوومەتەكەی سەرپەرشتی دەكات لە دوای كودەتاكەی تەمووزی 2016 و ئەو زمانەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەكاری دێنیت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ستراتیجیەتی سەركوتكردن كە چەند ساڵێكە دایڕشتووە، ئەو جەمسەرگیرییە لەناو كۆمەڵگەی توركیا و زیادبوونی هەستی نەتەوەیی تورك لە رێگەی تەحەداكردنی دنیای رۆژئاوا، دێڵنەوە.   

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە دوو ناكۆكی سەرەكیی هەن كە پێوەندییەكانی ئەنكەرە و واشنتنیان ئاڵۆز كردووە، ئەوانیش پێوەستن بە شێوەی نەهێشتنی تیرۆرەوە كە خۆیان لە هەردوو فایلی پێوەست بە پارتی یەكێتی دیموكراتی و رێكخراوی گوڵەن دەبیننەوە.

هەرچی فایلی یەكەمیانە كە توركیا وەك پرسێكی پێوەست بە بوون و مانەوەی خۆی سەیری دەكات ئەوەیە كە پارتی یەكێتی دیموكرات كە لقێكی پارتی كرێكارانی كوردستانە كە توركیا بە یەكەم دوژمنی خۆی دادەنێت، لە سووریا خۆی بەسەر هەموو گرووپەكانی تری كوردی سەپاندووە و لە تشرینی دووەمی 2013 خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای راگەیاند كە لە ئازاری 2016 بووەتە قەوارەیەكی فیدراڵی دیموكراسی، بەو شێوەیە ئەنكەرە ناوچەیەكی فرەوانی ژێر كۆنترۆڵی كوردی لەسەر سنوورەكانی خۆی بینییەوە، دۆخەكە ئەو كات ئاڵۆزتر بوو كە ئەو پارتە چەندان پێكهاتەی چەكداری راگەیاند لەوانە یەپەگە و یەپەژە كە پەكەكە سەرپەرشتیان دەكات و ئەوان توانیان رووبەڕووی داعش بوەستنەوە و لەلایەن رۆژئاوا و ئەمەریكاوە و تا رادەیەكیش رووسیا بەتوندی پاڵپشتی بكرێن، بۆیە توركیا خۆی لە هەڵوێستێكی نامۆ بینییەوە كە ئەوانەی بەدوژمنی خۆیانی دادەنێت، لەلایەن هاوپەیمانەكانییەوە پاڵپشتی دەكرێن، بۆیە دەستوەردانی توركیا لە سووریا مەبەستی سەرەكیی بەرپاكردنی جەنگ بووە لەگەڵ ئەو پارتە كوردییە كە لە 24ی ئابی 2016 هەڵمەتی "قەلغانی فورات" و لە 20ی كانوونی دووەمی 2018یش هەڵمەتی "چڵە زەیتوون"ی بۆ سەر عەفرین بەرپا كرد.

دووەم فایلی ئاڵۆزییەكان پێوەستە بە ئەو بزاوەی كە فەتحوڵا گوڵەن، گەورە بازرگان و نەیاری ئەردغان سەرۆكایەتیی دەكات و لە 1999ەوە لە ئەمەریكا نیشتەجێیە و ئەنكەرە داوا لە واشنتن دەكات كە رادەستی بكاتەوە و ئەو جەنگەیش بۆ بەرپرسانی توركیا لەوەی یەكەم كەمتر نییە، چونكە ترازان و شەقبوونێكی ریشەییە لەناو ریزەكانی ئیسلامی سیاسی توركیایی. 

بۆیە كۆبوونەوەی ئەو دوو فایلە بنەمای تەحەداكردنی توركیان بۆ ئەمەریكا كە بە هاوپەیمانێكی نادڵسۆزی لەقەڵەم دەدەن، ئەو كاتەی بەرژەوەندییە ستراتیجییەكانی توركیا دەكەونە تەرازووەوە.  

ئێستە پێوەندییەكانی واشنتن و ئەنكەرە زۆر گرژ بووە و ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ لێكدووركەوتنەوە بەرژەوەندییەكانیان و بوونی خراپ لێكگەیشتن لە نێوانیاندا بەتایبەتی پێوەست بە یەكەكە و پەیەدەوە كە ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە توركیا ئەوان تێكەڵ بكات و هەردووكیان بە تیرۆریست لەقەڵەم بدات، جگە لەوەیش لە سووریا تا ئێستە هەڵوێستی ئەمەریكا روون نییە. 

سەرەڕای پاڵەپەستۆكانی ئەردۆغان و لێدوانەكانی پێ ناچێت ئەمەریكا پاڵپشتییەكانی بۆ پەیەدە بەكۆتا بێنێت، چونكە ئەوان ئامرازی هاوسەنگكردنەوەی پێگەی ئەمەریكان لە سووریا و لە چوارچێوەی هەر چارەسەرییەكی دۆخی سووریا، ئەگەرچی بوونی ئەنكەرە بۆ ئەمەریكا لە رووی ستراتیجییەوە لەپێشترە لە هەولێر و قامیشلۆ.

بۆ ئەمەریكا تا ئێستەیش توركیا دووەم گەورە سوپای ناو هاوپەیمانیەتی ناتۆیە لە رووی ژمارەی سەربازەكانی و ئەو بنكەی ئەنجەرلیك لەسەر خاكی ئەو وڵاتە بەكار دێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و ئەمبارێكی چەكی ئەتۆمیشە، بەدەر لەوەی كۆنترۆڵی گەرووی دەریاكانی ناوچەكە دەكات و تاكە دەوڵەتی موسڵمانە كە ئەندامە لە ناتۆ و رۆڵێكی گەورەی بۆ رۆژئاوا لە ناوچەكە دەگێرێت، بۆیە رەنگە متمانەی ئەوان بە یەكتر كاری تێكرابێت، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو پێوەندییانە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن. لە بەرانبەردا رەنگە كڕینی مووشەكی ئێس400 لە رووسیا رەنگدانەوەیەكی ئەو ناسەقامگیرییەی پێوەندییەكان بێت لەگەڵ رۆژئاوا، بەڵام ئەنكەرە ناتوانێت خۆی لە رۆژئاوا داببڕێت، چونكە بوونی وەك ئەندامی ناتۆ پارێزییەكی تەناهی پێ دەدات كە كەسی تر ناتوانێت پێی بدات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل