بەریتانیا هەوڵەكانی بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان دووپات دەكاتەوە

:: PM:06:30:14/03/2018 ‌


دوای كۆبوونەوەی شاندی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا دووپات لەسەر ئەوە كرایەوە كە بەریتانیا دەخوازێت پێگەی كوردستان هەمیشە بەهێز بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئادار/ مارس، لە هەواڵێكی سایتی پەرلەمانی كوردستان هاتووە، لە لەندەنی پایەتەختی بەریتانیا، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان و ژمارەیەك سەرۆك فراكسیۆن و سەرۆك لیژنەكانی پەرلەمان، بەیاوەریی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لەگەڵ ئەلیستەر بۆرت وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا شاندی پەرلەمانی كوردستان باسیان لە رەوشی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی و بەرەوپێشچوونی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەیان بە گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و هەنگاوەكانی چارەسەركردن دا.

لەو كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بەسەر شەڕی تیرۆریستانی داعش و پێگەو ڕۆڵی كوردستان لە پەرەپێدانی دیموكراسی لە ناوچەكەدا.

لە بەرانبەردا وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد و دووپاتی لە گرنگی پێدانی وڵاتی بەریتانیای بۆ كوردستان كردەوە و ڕای گەیاند، دەخوازین پێگەی كوردستان هەمیشە بەهێز بێت لەناوچەكەدا.

وەزیری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا ئاشكرای كرد خوازیاری چارەسەری كێشە و گرفتەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی بووە و خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر پێشوەچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی.

ماوەی سێ‌ ڕۆژە شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك سەردانی وڵاتانی ئەوروپایان كردووە.


 





وشە - رامیار جەواد