چەند تێبینییەك لەبارەی لادانی تیلرسنەوە

:: PM:08:20:14/03/2018 ‌

دوێنێ دۆناڵد ترەمب سەرۆكی ئەمەریكا هەمووانی تووشی شۆك كرد بە لابردنی ریكس تیلرسن لە پۆستەكەی وەك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دانانی مایك پۆمپیۆی بەڕێوەبەری دەزگەی (سی ئای ئەی) لە شوێنی ئەو، ترەمپ لە تویتەر لەو بارەوە نووسیویەتی، بڕیارەكە بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ تلیرسن دراوە و دووپاتی كردەوە كە ئەو لەبارەی زۆر بابەتەوە لەگەڵی ناكۆكە. 

دوای ساڵ و نیوێك لە پۆستەكەی، دوێنێ سێشەم تیلرسن لادرا و لەبارەی هۆكارەكانی لادانی لەو پۆستە زۆر بۆچوون و تێبینی هەن كە یەكێكیان لەوە كورتی دەكاتەوە كە نەیاری هەموو ئەوانەی كرد كە دەبووایە پاڵپشتی ئەوانی بەدەست هێنابووایە هەر لە سەرۆكی ئەمەریكا و كۆشكی سپی تا فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی و ئەندامانی كۆنگرێس لە هەردوو پارتی سەرەكیی ئەو وڵاتە. 

لەبارەی هۆكارەكانی ناوخۆیی لادانی بەتایبەتی بە قسەی ئەو گەورە فەرمانەبەرانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە لە دوای هاتنی تیلرسن وازیان هێناوە ئەوان دەڵێن، ئەو پیاوە ژمارەیەكی كەم یاریدەری بەدەوری خۆی هێشتبووەوە كە تەنیا گوێی بۆ ئەوان دەگرت و ئەوانیتری فەرامۆش كردبوو كە كەسانی دێرین بوون لە ناو سیاسەتی دەرەوە و تا ئەوانەیشی لە سەنتەرەكانی توێژینەوە و بازنەكانی سیاسەتی دەرەوەی نیوچە فەرمین. رەنگە ئەوەی زۆر كاریگەر بێت و هۆكارێكی سەرەكیی لادانی بێت، پلانی دەستگرتنەوە بووە بۆ كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەتەكەی تا رادەی سێیەك، كە بووە مایەی ناڕەزایی كۆنگرێسمانەكانی پارتی كۆماری بەتایبەتی لە لیژنەی دەرەوەی كۆنگرێس.

ترەمپ ئەو گەورە كارسازەی لە ویلایەتی تێكساس هێنا و كردییە دەستە راستی بۆ سازكردنی گرێبەستەكان، كە تیلرسن لە كاتی بوونی وەك بەڕێوەبەری (ئیكسۆن مۆبیل) بە پیاوی دەستەوارەكان دەناسرا، بەڵام ئەو نووچی خوارد لەوەی لێی چاوەڕوان دەكرا لە ماوەی رابردوو، چونكە نەیتوانی لەگەڵ ئەوروپاییەكان لەبارەی هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران رێك بكەوێت و نەشیتوانی و ئامادەیش نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەگەرەكانی رێككەوتن لەگەڵ كۆریای باكور و نەشیتوانی قەناعەت بە قەتەڕ بكات بۆ وازهێنان لە سیاسەتەكانی بۆ پاڵپشتیكردنی تیرۆر و هیتریش.

جیا لەوانە تیلرسن هاوڕێی هەریەك لە ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی رووسیا و هۆگۆ شاڤێزی سەرۆكی كۆچكردوو و پێشووی ڤێنزویلا و شێخ حەمەد بن خەلیفەی ئەمیری قەتەڕ و ئەوانیتری هاوشێوەیانن كە نەیاری ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانین.

شرۆڤەكاران دەڵێن ناكرێت لادانی تیلرسن لە سەردانەكەی محەمەد كوڕی سەلمانی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ ئەمەریكا لە ماوەی ئەم مانگەدا جیا بكرێتەوە، بەتایبەتی كاتێك ئیدارەی ترەمپ باش ئەوە دەزانێت كە هیچ بوارێك نییە بۆ دەستبەرداربوونی زیاتری سعوودیە كە شوێنی نیوە چارەسەری لەو بارەوە نەماوە.

چاودێران دەڵێن، ترەمپ ناتوانێت دیارییەكی باشتر لە لادانی تیلرسن پێشكەشی شازادەی جێنشینی سعوودیە بكات كە لە 20ی ئەم مانگە سەردانی واشنتن دەكات، كە هاوڕێیەكی قەتەرە و دوورە لە هەڵوێستی ترەمپی نزیك لە هەڵوێستی چوار وڵاتەكەی تری تەنگژەی كەنداو لەگەڵ قەتەڕ.   

ئەو بۆچوونە لەگەڵ ئەوەی تۆماس فریدمان، گەورە شرۆڤەكاری رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكایی دەگونجێت كاتێك لەگەڵ سەردانەكەی بن سەلمان بۆ لەندەن پەیامێكی بۆ ترەمپ نارد و باسی گرنگی یەكلاكەرەوەی سعوودیەی كرد لە سەنگی هێز لە ناوچەكە و رێنوێنیی ترەمپی كرد بە گۆڕینی تیلرسن بە كەسێكی تر كە متمانەی لای سعوودیە هەبێت و بتوانێت بەتوانایەكی باشتر مامەڵەی لەگەڵدا بكات، كە پێ دەچێت ترەمپ بەمدواییە ئەو قسەی جێبەجێ كردبێت. 

بۆیە ئەگەر ئەوە راست بێت ئەوە سعوودیە گرەوێكی گرنگی بردووەتەوە لەو كاتەی دۆحە نووچی خوارد لە تێوەگلاندنی زاواكەی ترەمپ و تیلرسنی هاوڕێیشی لەدەست دا.

حامد شەهاب، نووسەری عێراق لەبارەی هۆكارەكانی لادانی تیلرسن دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی بڕیارەكە هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات و باڵادەستیی ئەمەریكا لە دنیا لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەیەكی سەختی تەحەدیاتەكانی بەردەم ئەو وڵاتە كە خەریكە لە چەند ناوچەیەكەوە رووبەڕووی واشنتن دەبێتەوە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەلایەك ئێران فرەوانخوازی دەكات و لەلایەكی تر كۆریای باكور لە رۆژهەڵاتی ئاسیا هەڕەشە دەكات كە پێویست بە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانە دەكرێت و تیلرسن نەیتوانی لەو دوو دۆسییە هیچ بكات. 

شەهاب دەڵێت، ئەو جارە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە گرنگییەكی زیاتر دیاری كراوە كە كەسێكە لە سەرووی دەزگەی هەواڵگری بووە كە ساڵانێكە یاری گۆڕینی رۆڵەكان لەناو كۆشكی سپی بەڕێوە دەبات و پلان و نەخشەی سیاسەتەوانی ئەمەریكا دادەڕێژێت ستراتیجیەتی دەسەڵات و تواناكانی ئەمەریكا دادەڕێژێت. جیا لەوەی خاوەن دەسەڵاتە بەسەر هەموو دەزگە و دامەزراوەكانی تری ئەمەریكا، بۆیە لە كۆتاییدا دەبێتە خاڵێكی قورسایی كە هیچ لە سەرۆكەكانی ئەمەریكا ناتوانن رۆڵی ئەوان پشتگوێ بخەن لە داڕشتنی سیاسەتەكانی جولانەوەی ئەمەریكا لەسەر ئاستی دنیا.

ئەو نووسەرە دەڵێت، زۆر تەحەدای گەورە هاتنە پێش ترەمپ كە لە بەرانبەریان دەستەوەستان مایەوە، دیاترینیان رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و فرەوانخوازی و خواستی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عێراق و سووریا و یەمەن و لبنان و چەكی ئەتۆمی كۆریای باكور و لووتكەی داهاتووی چاوەڕوانكراو لە نێوان هەردوو سەرۆك. جیا لە دۆسییەكانی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا و پرسی قودس و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بۆ ئەوێ. 

سەرچاوە: كیتابات




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل