حكوومەتی هەرێم لەبارەی مووچە راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

:: PM:06:18:19/03/2018 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بە چۆنییەتی و خەرجكردنی ئەو پارەیەوە كردووە كە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئادار/ مارس، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، حكوومەتی فیدراڵی بەپێی نووسراوێك بە ئاشكرا ئاماژەی داوە كە خەرجكردنی بڕی (317) ملیار و (540) ملیۆن و (465) هەزار دینار بۆ شایستەی داراییی گشت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەیشەوە، نەك تەنیا مووچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی.

ڕوونیشكراوەتەوە كە حكوومەتی هەرێم پابەند كراوە ئەو پارەیە بەم جۆرە خەرج بكات،  بڕی (281) ملیار و (724) ملیۆن و (634) هەزار دینار بۆ گشت فەرمانبەر و كارمەندانی هەرێمی كوردستان جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە و بڕی (35) ملیار و (815) ملیۆن و (831) هەزار دینار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەپێی تەرخانكراوی یاسای بودجەی عێراقی بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی (الرعایە الإجتماعیە) لە هەرێمی كوردستان كە مووچەی خانەنشینانیش لەخۆدەگرێت، بڕی (1) تریلیۆن و (535) ملیار و (795) ملیۆن دینار تەرخان كراوە كە مانگانە دەكاتە نزیكەی (128) ملیار دینار، بەڵام لە نووسراوی بانكی ناوەندیی عێراقیدا ئاماژەی پێ نەدراوە و فەرمانی خەرجكردنی نەدراوە.

سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دووپات دەكاتەوە كە تەرخانكراوەكانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و سوودمەندانی كۆمەڵایەتی لە یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2018 كەمترە لە شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنانەت بە پاشەكەوتیشەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو تەرخانكراوانەی ناو بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2018 خەرج بكات، پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.

حكوومەتی هەرێم دەڵێت، بە ناچارییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی هاتووە، لەگەڵ داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، مووچەی پاشەكەوتكراوی مانگی (11)ی ساڵی 2017ی مووچەخۆرانی هەرێمی پێ دەدات و دواتر لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچە و دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەكرێت بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە لەبەر دەست وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم