بەهۆی گێچەڵی سێكسی بایكۆتی پەرلەمانی رووسیا دەكرێت

:: PM:02:42:22/03/2018 ‌


دوای بێ تاوان ناساندنی لیونید سلوچسكی سێ دەزگای میدیایی رووسی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی رووسیا دەكەن.
دەزگا میدیاییەكانی رووسیا بڵاویان كردەوە كە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی رووسیا دەكەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت لیژنەی لێكۆڵینەوە بڕیاری بێتاوانی لیونید سلوچسكی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی رووسیا دەركرد لەسەر گێچەڵی سێكسی دژ بە پەیامنێری سێ دەزگەی میدیایی.

هەرسێ خانمە رۆژنامەنووس بە جیاواز گەواهیان لەسەر سلوچسكی داوە كە بەشێوەیەكی نەشیاو لەماوەی ساڵانی رابردوودا مامەڵەی لەگەڵدا كردوون.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە كاتێكدایە، ماریا زاخاروڤا وتەبێژی ئێستەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هەفتەی رابردوو ئاشكرای كرد كە پێنج ساڵ پێش ئێستە سلوچسكی گێچەڵی سێكسی پێكردووە، بەڵام ئەو كات سلوچسكی ئەندامی پەرلەمان نەبووە.
 روونی كردەوە كە لە خواردنگەیەكی شاری سان پترسپۆرگ چاویان بەیەك كەوتووە و هەندێك وشەی لە سلوچسكی بیستووە كە پێشتر نەیبیستووە.
جێی باسە لەسەر گێچەڵی سێكسی، لیژنەی رەوشت لە پەرلەمانی رووسیا "دوما" سێشەمی رابردوو ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ سلوچسكی بڵاوكردەوە و رای گەیاند هیچ "تاوانێك" لەسەر سلوچسكی نەچەسپاوە كە ببێتە هۆی توڕەیی كەناڵەكانی میدیا.

 لەسەر ئەو پرسە وێستگەی ئیكۆ مۆسكڤی رادیۆیی رای گەیاند چیتر پەیامنێر بۆ پەرلەمانی رووسی رەوانە ناكات و پێی وایە شوێنێكی ئارام نییە بۆ پەیامنێرانی.
بە هاتنە دەنگی ئەو رادیۆیە، ئەویش دەچێتە ریزی كۆمەڵەی "ئاڕ بی سی"ی میدیایی رووسی كە هەموو پەیامنێرانی خۆی لە پەرلەمانی رووسیا كشاندەوە و هاوكات رۆژنامەی كۆمیرسانت رای گەیاند بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سلوچسكی ناكەن بۆ دەربڕینی رای خۆی لەسەر ئەو پرسە و هەر پرسێكی تر.

سەرچاوە/ سكای نیوز



وشە - فه‌رمان سادق