لە بەرانبەر عەفرین بەشێكی تری غوتە چۆڵ كرا

:: PM:05:30:22/03/2018 ‌

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە هێزەكانی توركیا بە پاڵپشتیی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناو بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوئاهەنگی زلهێزەكانەوە توانیان دەست بەسەر عەفریندا بگرن، ئەمڕۆ بەشێك لە رێككەوتنی نێوان توركیا و رووسیا بۆ چۆڵكردنی ئەو چەكدارانە بۆ ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات جێبەجێ كرا.

بەپێی زانیارییەكان رێككەوتننێك كراوە لە نێوان توركیا و رووسیا بۆ گۆڕینەوەی دەسەڵات لە عەفرین و غوتەی رۆژهەڵات كە تا كۆتای ئەم مانگە پێویستە چەكدارانی سووریای سەر بە توركیا ناوچەی غوتەی رۆژهەڵات نزیك دیمەشقی پایەتەختی سووریا چۆڵ بكەن، لە بەرانبەر رێگەدان بە توركیا بۆ دەستگرتن بەسەر عەفرین و بێ دەنگی لەو بارەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم چەكدارانی بزووتنەوەی "ئەحراری شام"، كە گرووپێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیك لە توركیان، دەستیان كرد بە دەرچوون لە شارەدێی حرەستای گەمارۆ دراو لە غوتەی رۆژهەڵات لە نزیك دیمەشق ، ئەوەیش بەپێی رێككەوتننێك بۆ چۆڵكردن و رادەستكردنی ناوچەكە بۆ حكوومەتی سووریا.

وەك "سكای نیوز"، وێنەكانی سەرەتای كاروانی دەرچوونی ئەو چەكدارانە و خێزانەكانیانی بڵاو كردووە تەوە كە بەپێی میدیای فەرمیی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەم 27 چەكدار و 182 هاووڵاتی لە حرەستا چوونەتە دەرەوە و ئاماژەی كرد كە بەمنزیكانە هەزار و 500 چەكداری تر و شەش هەزار هاووڵاتی شارەدێكە جێ دێڵن.

نووسەر خورشید دەلی، كە شارەزایە لە كاروباری توركیا و كورد دەڵێت، هەردوو هەڵمەتی سەربازی غوتە و عەفرین بەیەكەوە كۆتاییان دێت، چونكە پلانەكەیان بە هاوئاهەنگی لە نێوان رووسیا و توركیا بۆ داڕێژكراوە و ئەوەی بۆ رووسیا و رژێمی ئەسەد گرنگە ئێستە دابینكردنی ئاسایشی دیمەشقە لە رێگەی هەڵمەتی سەربازی غوتە و ئەوان باكیان بەوە نییە لە عەفرین چی روو دەدات. بۆیە عەفرین بەهۆی رێككەوتنی یاریكەرە سەرەكییەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا لە رووی سەربازییەوە كەوت.  

سەرچاوە: سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل