پلانێكی نوێی ئیسرائیل بۆ كورد ئاشكرا دەبێت

:: PM:04:58:01/04/2018 ‌


ئیسرائیل نایەوێت هەڵەی ساڵی 1982 دووبارە بكاتەوە و لە رێی پڕۆژەیەكی 88 لاپەڕەیی دەیەوێت لە جۆلانەوە دەستكاری سنووری سووریا بكات. بەرژەوەندی هاوبەشیش لەگەڵ كورد بنەمای سەرەكی نووسینەوەی پڕۆژەكەیە كە سكرتێری پێشووی ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ دەكات.

بەگوێرەی پڕۆژەكە ئیسرائیل مەبەستیەتی ناوچەی جۆلان، كورد یان درووزییەكان و مەسیحییەكانی لێ نیشتەجێ بكات كە لە دیدی ئەوان ئامانجی ستراتیجی لەنێوانیاندا هەیە و دەیەوێت بیكاتە ناوچەی هاوبەشی نێوان خۆی و دەوڵەتی عەرەبی سووری و پووچەڵكردنەوەی پڕۆژەی شیعەی ئێران لە گەیشتن بە سنوورەكانی ئیسرائیل.

پڕۆژەكەی ئیسرائیل وەك وەڵامدانەوەیەك لێكدەدرێتەوە بۆ هەوڵەكانی ئێران لە گەیشتنی بە باشووری سووریا و سنووری هاوبەشی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و درێژبوونەوەی بۆ لبنان تا ببێتە مەمەڕێكی ئارام و پارێزراو، هاوكات وەڵامدانەوەیەكیش دەبێت بۆ خواستەكانی توركیا لە سووریا كە بەمدوایییە دەستوەردانەكانی لە سووریا دوای داگیركردنی عەفرین زیاتر بوونە.

ئاریئیل كهانا نووسەرێكی ناوداری ئیسرائیلییە، لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی "مكور ریشون" بڵاو كردووەتەوە و "عەرەبی21" كردوویەتی بە عەرەبی، تێیدا باسی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە دەكات و بە هەلێكی زێڕینی لێكدەداتەوە بۆ ئیسرائیل تا بتوانێت لە رێیەوە پشتگیری و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە سەروەریی و ناساندنی جۆلان بە خاكی ئیسرائیل بەدەست بهێنێت و لە رێیەوە درێژە بە سیاسەتی نیشتەجێكردن بدات.

كهانا لە وتارەكەیدا دەڵێ، دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەكردەوە دەركەوتووە كە ئیسرائیل چەندە هاوپەیمانێكی بەهێزی لە كۆشكی سپی هەیە و دەسكەوتی گەورەی بۆ ئیسرائیل هەبووە بە تایبەت ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و كەمكردنەوەی كۆمەكەكانی بۆ لایەنە دژەكانی ئیسرائیل و وەرگرتنی هەڵوێستی توند دژ بە فەڵەستینییەكان.

جگە لەمە دانانی مایك پۆمپیۆ وەك وەزیری دەرەوە و دەستبەكاربوونی بۆڵتن وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی دوو هەواڵی مژدەبەخش بوون بۆ ئیسرائیل، بە تایبەت پۆمپیۆ كە دۆستێكی كۆنی ئیسرائیلە.

كهانا باس لەو دەستپێشخەرییە سیاسییە دەكات كە ئێستە ئامادەكاری بۆ دەكرێت و پێدەچێت لە ماوەی داهاتوودا رادەستی حكوومەتی ئیسرائیل بكرێت. ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ماوەی 50 ساڵە وەها دەرفەتێكی زێڕین بۆ ئیسرائیل نەهاتووەتە پێشەوە بۆ دەستكاریكردنی سنووری نێودەوڵەتی هەندێك وڵات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم دەستكاریكردنەش ئیسرائیل سوود دەبینێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددان بە ئیسرائیلی بوونی بەرزایییەكانی جۆلان دەنێت، بەهۆی ئەو جەنگە بەردەوامەی لە ناوخۆی سووریا بوونی هەیە.

ئەو نووسەرە لە تسیڤی هاوزر سكرتێری پێشووی حكوومەتی ئیسرائیل دەگوازێتەوە كە ئێستە ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیەكی 88 لاپەڕەیی لە بارەی جۆلانەوە كارەكانی دەستی پێكردووە، چوارچێوەی یاسایی و سیاسیشی بۆ داڕێژراوە و ئەوەی لەسەر ئیسرائیلە وەك دەوڵەت لەسەر سێ رەهەند و ئاست دەبێت كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بكات، ئەوانیش یەكەم: چڕتركردنەوەی دروستكردنی خانووی نوێ لە ناوچەكە. دووەم: هەوڵدان بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر دۆخی سووریا. سێیەم: خۆخزاندنە ناو گۆڕەپانی دیپلۆماسیی جیهانی و كاركردن بۆ پڕۆژەكە.

هاوزر لە بارەی پڕۆژەكەوە دەڵێ، پێوەندی بە چەندان شارەزا و پسپۆڕ كراوە بۆ نووسینەوەی پڕۆژەكە لە بارەی ئەو كاتە مێژوویییە تا سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلان یەكلا بكرێتەوە، بۆ ئەمەش دروستكردنی خانووی نوێ و نیشتەجێی خەڵك لەو ناوچەیە قۆناغی یەكەم و هەنگاوی ستراتیجی دەبێت، چونكە ئەمە بەهێزترین هۆكار دەبێت بۆ دەرخستنی هێز، چونكە ئێستە لە ناوچەی هەزەبە نزیكەی 22هەزار ئیسرائیلی لێ نیشتەجێ كراون، ئەمەش ژمارەیەكی زۆر كەمە، هۆیەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكوومەتە یەك بەدوای یەكەكانی ئیسرائیل لە پێشتردا پرسی بە زۆر نیشتەجێكردنی خەڵكیان وەك پرسێكی ستراتیجی وەرنەگرتووە لە ترسی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی لە ناوچەكەدا ئەگەری روودانیان لێ دەكرا، هەمیشە بیریان لای چۆڵكردنی جۆلان بووە.

لە جۆلان هیچ نیشتەجێبوویەكی بە زۆر نییە وەك ئەوەی لە زەفەی رۆژئاوا هەیە، تەنانەت حكوومەتی ئیسرائیل هیچ بوونێكی فەرمیشی نییە، بۆیە بە بۆچوونی هاوزر یەكەم هەنگاو دروستكرنی خانووە لە جۆلان و نیشتەجێكردنی هەزاران كەسە لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا، هەروەها دروستكردنی بازاڕ و سەرچاوەی بژێوی ژیان و كارگە و بەستنەوەی بە ناوچەكانی تری ئیسرائیل.

هاوزر لە بارەی هەنگاوی دووەم دەڵێ، پێویستە ئیسرائیل پارێزگاری لە جۆلان بكات و دەستوەردانیش لە كاروباری ناوخۆی سووریا بكات، چونكە بە بەرچاوی ئیسرائیل قەبارەی دەستوەردانی ئێران و توركیا لە سووریا دیارە، دەستیان زۆر هێناوەتە پێشەوە چ لە رێی دەستوەردانی راستەوخۆی خۆیان وەك ئەوەی ئەنكەرە هێزی هێنایە سەر عەفرین و داگیری كرد، یانیش لە رێی گرووپی میلیشیای چەكدار وەك ئەوەی تاران ئەنجامی دەدات، كەچی تا ئێستە تەلئەبیب سیاسەتی بەرگریكردنی هەبووە و بەشداری هیچ سیناریۆیەكی كۆتاهاتنی جەنگی لە سووریا نەكردووە.

هەر لەو راپۆرتەدا كهانا لە زاری هاوزر دەیگوازێتەوە و دەڵێ، ئەو دەستوەردانەی توركیا و ئێران لە كاروباری سووریا وایكردووە بەرژەوەندییەكانیان پارێزراو بێت، ئەگەرچی بە درەنگەوە و لە سەرەتای ساڵی 2018 ئیسرائیل بە ئاگا هاتووەتەوە و ترسی لە سەپاندنی میحوەری ئێرانی شیعە لەسەر سنووری جۆلان لێ نیشتووە، بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانیشی ئیسرائیل پێویستی بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ سووریا نییە، چونكە لەلایەن لەسەر ئاستی شەقامی ئیسرائیلی خۆی ئەمە جێی قبووڵكردن نییە بەهۆی ئەزموونێكی شكستخواردووی ساڵی 1982 لە جەنگی دژ بە لبنان.

 بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئیسرائیل لە جەنگی سووریا هەلێكی زێڕینی لە دەست دا ئەویش پشتگیریكردنی كورد بوو كە هەلێك بوو بۆ ئیسرائیل كورد ببێتە قەوارەیەكی سیاسی فیدڕاڵی یان حوكمی زاتی، چونكە كوردان هیچ ململانێیەكی ئاینی و نەتەوەیییان لەگەڵ جوو نییە، یانیش لەگەڵ مەسیحی و درووزەكان.

ئەوەشی خستەڕوو كەئیسرائیل دەتوانێت لەگەڵ كوردەكان رێككەوتن بكات بە جۆرێك رێككەوتنەكە خزمەتی هەردوولا بكات، چونكە كورد و جوو بەرژەوەندیی ستراتیجی بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە و ئەمەش بۆ دوورمەودا خزمەت بە ئیسرائیل دەكات لە جۆلان كە ناوچەیەكی زۆر ستراتیجییە.




وشە - فه‌رمان سادق