دهۆک.. 70% ی منداڵانی نەخۆش ئاوارەن

:: PM:02:05:30/04/2018 ‌

70%ی ئەو منداڵانەی كە لە نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای دهۆك بە تایبەتی ئەو منداڵانەی لە نەخۆشخانەی "هیڤی" تایبەت بە منداڵان چارەسەر وەردەگرن، منداڵی خێزانە ئاوارە و پەنابەرانن و ئەوانی تر خەڵكی پارێزگای دهۆكن.

دكتۆر نزار بەكر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی كە تایبەتە بە منداڵان لە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، منداڵانی ئاوارە و پەنابەران 70% ئەو منداڵانە پێكدێنن كە بەمەبەستی چارەسەر لە نەخۆشخانەی هیڤی چارەسەر دەكەن.

زیاتر گوتی، تا ساڵی 2004 نەخۆشخانەی هیڤی بەشێك بووە لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆك، بەڵام بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی نەخۆشیی منداڵان و زۆربوونی ژمارەی نەخۆش، ئەوا نەخۆشخانەی هیڤی كرا بە نەخۆشخانەیەكی جیا و سەربەخۆ لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆك، ئێستە منداڵانی تەمەن یەك ساڵ تا 14 ساڵ چارەسەر لێرە وەردەگرن و چەندان جۆر و شێوەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی هێڤی بۆ منداڵان دەكرێت و تەنیا ساڵی رابردوو هەزار و 800 منداڵ لە نەخۆشخانەی هیڤی نەشتەرگەری كراون"

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە رای گەیاند، نەخۆشخانەی هێڤی 200 قەرەوێڵەی هەیە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بارگرانییەكی زۆر كەوتووەتە سەر نەخۆشخانەكە. منداڵانی ئاوارە 70% ی منداڵی نەخۆش لە نەخۆشخانەی هێڤی پێكدێنن. ئەو گوتی نەخۆشخانەی هێڤی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەجێت، رێكخراوێكی ئیتاڵیش لەسەر ئەركی خۆی بەشی نەخۆشییەكانی چڕ لە نەخۆشخانەی هیڤی كردووەتەوە و ژمارەیەكی زۆری ئامێری تەندروستی دابین كردووە كە دەگاتە بڕی 900 هەزار دۆلار، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بۆ منداڵانی سنووری پارێزگای دهۆك بكرێت. هەروەها ئەمساڵیش رووبەری هەزار و 100 مەتر لەسەر نەخۆشخانەكە زیاد كراوە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە منداڵان بكات"

لە نەخۆشخانەی هێڤی هەریەك لە بەشەكانی نەشتەرگەری گشتی، دڵ و هەناو، تاقیگە، تیشك و سۆنار لەخۆ دەگرێت و تێكڕای رۆژانە 120 منداڵی نەخۆش سەردانی دەكەن و 206 فەرمانبەری هەیە، لەوانە 13 پزیشكی تایبەتمەندن.

دهۆك/نەوزاد هلۆری.




وشە - سلێمان تاشان