نۆرمان به‌یلی سه‌رۆكی په‌یمانگای گه‌شه‌كردنی ئابووری جیهانی له وتارێكدا باس له كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی بارودۆخی ئابووری و ئاسته‌نگی وه‌به‌رهێنه‌ران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها بارودۆخه سیاسییه‌كان و ده‌ستوه‌ردان و كاولكاری ئێران له ناوچه‌كه ده‌كات.
وتاره‌كه له پێگه‌ی
atimes بڵاو كراوه‌ته‌وه و تێیدا باس له‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر له شوێنێكه‌وه ئاگاداری كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌ركرده‌ی ئێران عه‌لی خامه‌نه‌یی و حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆكی ئێران بیت، ئه‌وا ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه به‌م شێوه‌یه بوو و ئه‌م ڕووداوانه‌ی لێ كه‌وته‌وه له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا:
فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سووریایان بۆمباران كرد، فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئێرانی چووه ناو خاكی ئیسرائیل و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌وه تێكشكێنرا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕێككه‌وتنێك ده‌رچوو و دووباره سزاكانی سه‌پاند، ئیسرائیل نهێنییه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێرانی ئاشكرا كرد كه ماوه‌ی پێنچ ساڵ بوو باسی لێوه ده‌كرد، ئێران كۆمه‌ڵێك مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد و له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كه‌وه هه‌موویان تێك‌شكێنران، له وه‌ڵامدا ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئێران له سووریا و زیانی زۆر هه‌یه، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له حاڵه‌تی جه‌نگه له‌گه‌ڵ ئێران و پشتگیری سیاسی و سه‌ربازی ئیسرائیل ده‌كات، هه‌روه‌ها بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل سه‌ردانی مۆسكۆی كرد له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا به‌ڵێنی پێ درا به نه‌ناردنی مووشه‌كی S-300 بۆ سووریا.
هاوكات باس له كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م ڕووداوانه ده‌كات و ئه‌نجامه‌كان ده‌خاته‌ڕوو كه به‌م شێوه‌یه بوو:
تمه‌نی ئێرانی ڕوو له ڕووخانه و نزیك ده‌بێته‌وه له ده‌ستدانی نرخه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها هه‌ڵائاوسان له ئابووری دنیا بۆ به‌رزترین ئاست زیاد ده‌بێت و وشكه‌ساڵی له وڵاتان ڕووله زیادبوون ده‌كات و كاریگه‌رییه‌كان زیاتر ده‌بن، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی بێكاری له‌ناو گه‌نجان زیاد ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆپێشاندانه‌كان له ده‌یان شاری ئێران زیاد ده‌بن له دژی فه‌رمانڕه‌وایی خامه‌نه‌یی و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له بارودۆخی ئابووری و سیاسیی وڵاته‌كه، هه‌روه‌ها خۆپێشاندان و دروستبوونی گرووپه یاخیبووه‌كان له عه‌ره‌بستان و بالوچستان و كوردستان زیاد ده‌بن.
له‌باره‌ی ئه‌م ڕووداو و پێشهات و ئه‌نجامانه‌ی ڕوویان دا ئێران هۆكاریه‌تی، بۆیه ئه‌م نووسه‌ره نووسیویه‌تی "زۆرباشه ڕوحانی ئێسته ئێمه لێره‌ین، به‌ڵام چاره‌سه‌ر چییه و چی بكه‌ین" و له وه‌ڵامدا وه‌ك دروستكردنی سیناریۆیه‌ك و وه‌ڵامێكی ڕوحانی نووسیویه‌تی، ده‌توانین هێرش بكه‌ینه سه‌ر ئیسرائیل له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی بۆ بنكه سه‌ربازییه‌كانمان له سووریا، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه له‌بیر نه‌كه‌ین كه ئیسرائیل وه‌ڵامی ده‌بێت و هه‌روه‌ها خاوه‌نی مووشه‌كی ناوكییه له كه‌نداوی عه‌ره‌بی.
هه‌روه‌ها ده‌توانین گرووپی حزبوڵا و هه‌موو میلیشیاكانی تر كه له ژێر ده‌ستماندایه له عێراق و سووریا، بڵاوه پێ بكه‌ین، بۆیه وه‌ڵامه‌كانی ئیسرائیل به‌هێز نابن بۆ ئێران، ئه‌گه‌ر حزبوڵا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بتوانێت مووشه‌ك و چه‌كه قورسه‌كانی بۆ لێدانی ئیسرائیل به‌كار بهێنێت، ئه‌وا به‌رگری ئیسرائیل و هاووڵاتییانی وڵاته‌كه زیان و زیانێكی زۆری به‌رده‌كه‌وێت و ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه، به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه ئیسرائیل باشووری لبنان و هه‌موو میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر سنووره‌كه له‌ناو ده‌بات و ده‌سڕێته‌وه و ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا پشتگیری لێ ده‌كات و حكوومه‌تی ڕووسیا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نابێت و هه‌روه‌ها ئه‌وروپا دووره له هه‌بوونی كاردانه‌وه بۆ ئه‌م كێشانه.
له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، له‌م كێشانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پلانه‌كانی ئێران، شانشینی سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداو و ئیمارات به شێوه‌یه‌كی باش سوودمه‌ند ده‌بن به ناردنی كارمه‌ند و به‌رپرسه‌كانیان بۆ قه‌ته‌ر و تێكدانی ڕێككه‌وتن و كێڵگه نه‌وتییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ زیاتر جیاكردنه‌وه‌یان و هه‌روه‌ها هێرشكردنه سه‌ر قه‌ته‌ڕ و گۆڕینی سیسته‌می سیاسیی وڵاته‌كه.
به‌شێوه‌یه‌كی تریش، له‌وانه‌یه ئێران گۆڕانكاری له پلانه‌كه‌یدا بكات و وه‌ڵامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل نه‌داته‌وه، به‌ڵام له‌م كاته‌دا به‌رانبه‌ر هاووڵاتییان و گه‌لی وڵاته‌كه‌یان شه‌رمه‌زار ده‌بن، له كاتێكدا كه خۆیان به‌هۆی قورسی باری ئابوورییان ده‌ناڵێنن، هه‌روه‌ها له‌و كاته‌دا سزاكان بۆ سه‌ر ئێران زیاد ده‌بن و له پێش سوننه و هه‌موو دنیا شه‌رمه‌زار ده‌بن.
له كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌دا ئه‌نجامی گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ڕوحانی و خامه‌نه‌یی خراوه‌ته ڕوو به‌وه‌ی كه ئێران داوای یارمه‌تی له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و داوای ئه‌نجامدانی مێزی گفتوگۆ ده‌كه‌ن بۆ خستنه‌ڕووی بژارده و داواكارییه‌كانیان و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ریان.
نۆرمان به‌یلی سه‌رۆكی په‌یمانگای گه‌شه‌كردنی ئابووری جیهانه و دانه‌ری چه‌ندان كتێب و وتاره، هاوكات چه‌ندان مه‌دالیا و خه‌ڵاتی به‌نرخی وه‌رگرتووه و مامۆستای كارگێڕی و ئابوورییه له په‌یمانگای سیاسه‌تی جیهانی، هه‌روه‌ها شاره‌زایی له ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆشكی سپی و هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.