سەدر پڕۆژەكەی مالیكی لە گۆڕ دەنێت

:: AM:11:14:21/05/2018 ‌

هەوڵەكانی موقتەدا سەدر بەردەوامی هەیە بۆ رازیكردنی سەركردەی لایەنە سیاسییە گەورەكان بۆ پێكهێنانی لیستی زۆرینەی پەرلەمانی تا بتوانن قسە پێكهێنانی حكوومەت بكەن، بەڵام تا ئێستە هەموو هەموو هەوڵ و ئاراستەكانی سەدر پەراوێزخستنی مالیكی لێ دەخوێنرێتەوە.

دوای دوو رۆژ لە كۆبوونەوە لەگەڵ عەماڕ حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە، سەدر لەگەڵ عەبادی سەرۆك وەزیران و سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ لە بەغدا یەكتریان بینی و دووپاتیان لە پەلەكردن كردەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

عەبادی لە بارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەدر دەڵێ، ئامانجمان كاركردنە بەیەكەوە و پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز بتوانێت خزمەتگوزاری بۆ خەڵك دابین بكات و دەرفەتی كار بۆ بێكاران دابین بكات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە. گوتی "لە یەكتربینینەكە بۆچوونەكانمان وەك یەكتر بوو لەبارەی چۆنیەتیی راكێشانی خەڵك".

لای خۆیەوە موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوە دا كە كۆبوونەوەكە پەیامێكی دڵنیایی بوو كە حكوومەتی داهاتوو، حكوومەتی خەڵك دەبێت و خزمەتگوزاری پێشكەش دەكات، دەستمان بۆ هەمووان درێژ دەكەین بۆ بنیادنانی نیشتمان و گوتی، "سەركەوتن ئەوەیە بە بڕیارێكی عێراقی بێت".

سەدر دووپاتی لە پەلەكردن كردەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە خواستی خەڵكی لەگەڵدا بێت. هاوكات نووسینگەی سەدر لە بەیاننامەیەكدا لە بارەی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پرسی پرۆسەی سیاسی عێراقی و پێشوەچوونەكان كراوە.

سەدر و عەبادی لە بەیاننامەكانیاندا لەبارەی كۆبوونەوەكە، دووپاتیان لە گرنگی قۆناغی ئێستە كردووە كە گرنگە هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بێت عێراقییەكان خۆیان بڕیار لەسەر پڕۆژەیەك بدەن بتوانرێت جێبەجێ بكرێت.

بەڵام بە قسەی هەندێك سەرچاوەی میدیایی، لەو كۆبوونەوەیەدا موقتەدا سەدر رەزامەندی لەسەر درێژكردنەوەی خولی دووەمی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران داوە، لە بەرانبەر ئەوەی عەبادی دەست لەكاركێشانەوەی لە حزبی دەعوە رابگەیەنێت و بەڵێنیش بدات بەرەنگاری سەرە گەورەكانی گەندەڵكارانیش ببێتەوە.

كۆبوونەوەی سەدر و عەبادی لە بەغدا تەنیا دوای تێپەڕبوونی 24 سەعات دێت بەسەر راگەیاندنی ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردن كە سەدر 54 كورسی هێناوە و عەبادیش 51 كورسی، لەگەڵ رەوتی حیكمە بەهەرسێكیان 130 كورسییان هەیە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان، پێویستیان بە  35 كورسی تر هەیە بۆ پێكهێنانی قەوارەی گەورەی ناو پەرلەمان تا بتوانن وەك لیستی گەورە كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكەن.

هەوڵەكانی سەدر زۆر لەو ئاراستەیە دوورە كە مالیكی كاری بۆ دەكرد و بانگەشەی زۆرینەی سیاسی دەكرد، پێ دەچێ حكوومەتی داهاتوو لیستەكەی مالیكی ببنە ئۆپۆزسیۆن.

چاودێران پێیان وایە ئەگەری زۆرە حكوومەتی زۆرینەی سیاسی وەك ئەوەی مالیكی بانگەشەی بۆ دەكرد پێك بهێنرێت، بەڵام كەسانی تر رۆڵەكەی ببینن و لە پەرلەمانیش ئۆپۆزسیۆنێكی لاواز بوونی هەبێت.

پێ دەچێ سەدر و عەبادی بۆ تەواوكردنی زۆرینەی سادە دەرگا بە رووی پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسی و هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی 24 كورسی بكاتەوە.

مالیكی كە بانگەشەی بۆ حكوومەتی زۆرینە دەكرد، رووبەڕووی شكستێكی وا بووەتەوە ئێستە لەگەڵ هادی عامری 75 كورسییان هەیە، ئەمە نەك ناتوانن حكوومەت دروست بكەن بەڵكو خەونی مالیكیش بۆ بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران لە گۆڕ ناوە.

چاودێران پێیان وایە موقتەدا سەدر جگە لە نووری مالیكی، دەیەوێت هەندێك كەسایەتی تری سوننەش هەیە بیانهێنێتە ریزی هاوپەیمانیەتییەكەی لەوانە سەلیم جبووری، بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی سەدرییەكان سەردانی جبوورییان كردووە بە سەرۆكایەتی نەسار روبێعی وەزیری پێشتری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی.

جبووری لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی كۆبوونەوەكە دەڵێ، لە كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامی هەڵبژاردن گفتوگۆ كرا، هاوشانی ئەویش گفتوگۆ لەسەر لێكتێگەیشتنی هاوبەش كرا بۆ قۆناغی داهاتوو كە هەوڵەكان چڕ بكەینەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو كە هەموو لایەنەكان لە خۆ بگرێت وەك واقعێكی عێراقی هەمەڕەنگ.

ئەگەرچی پێوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەدر و پارتی هەیە، بەڵام هێشتا شاندی پارتی سەردانی بەغدای نەكردووە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر. پێ دەچێت هۆكاری دواكەوتنەكە وەك نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی پێ داوە، پێوەندی بە هەوڵەكانی ناوخۆی كوردستان بێت بۆ پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی.

ئەو هەوڵەی پارتی كە زۆرینەی كورسییەكانی هێناوە، لە كاتێكدایە شەش لایەنی سیاسی بەهۆیی "ساختەكاری" لە هەڵبژاردن لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، ئامادە نین گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكەن، تەنانەت بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق راگەیاندووە، پارتی و یەكێتیش لەسەر ئەو پرسە كۆ بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

سەرچاوە/ قودس


وشە - فه‌رمان سادق